بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسا بۆ پاراستنی كورده‌كان فشار ده‌خاته‌ سه‌ر پاریس

حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسا بۆ پاراستنی كورده‌كان فشار ده‌خاته‌ سه‌ر پاریس
AvaToday caption
posted onOctober 9, 2019
noبۆچوون

كارزان حه‌مید – پاریس

 

حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسا هۆشداریی ده‌داته‌ توركیا له ‌ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی دژی كورده‌كانی رۆژئاوای كوردستان و، داواش له‌وڵاته‌كه‌ی ده‌كات له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش رێگری له‌هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی توركیا بگرێت، له‌ئه‌نجامدانی پاكتاوی ڕه‌گه‌زی دژی كورده‌كان.

 

له‌راگه‌ینراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌كی بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتوده‌ی نێردراوه‌، حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسا رایده‌گه‌یه‌نێت "داگیركارییه‌ تاوانییه‌كه‌ی توركیا دژی كوردستانی سووریا رابگرن". روونیشی ده‌كاته‌وه‌ "دوای چه‌ندین مانگ له‌هه‌ڕە‌شه‌و تۆقاندو ئاژاوه‌گێری ده‌ستپێكردنی جه‌نگ، توركیا هێرشێكی تاوانكاری نوێی كرده‌ سه‌ر سووریا".

شیوعی فه‌ره‌نسا جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ "ڕۆژئاوا له‌دوای خۆپێشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١١١ سه‌ربه‌خۆیی ئاشتیانه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌و، نمونه‌یه‌كی دیموكراسی و دادوه‌ری و یه‌كسانی ئافره‌تان و به‌رە‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری پێك هێنا".

ده‌شڵێت "كورده‌كانی سووریا له‌گه‌ڵ هێزه‌ عه‌ره‌بیه‌كان هێزێكی سه‌ره‌كییان دروست كرد و، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پێكه‌وه‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) جه‌نگیون، به‌ڵام توركیای ئه‌ردۆگان، ئه‌و پرسه‌ قبوڵ ناكات، ده‌یه‌وێت باڵێكی دیكتاتۆرییه‌كی كوشنده‌ له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ی بسه‌پێنێت و، خه‌ون به‌ژیانێكی بێ گه‌لی كورد ده‌بینێت".

تورکیە و ئۆپەراسبۆن

له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، پرۆسه‌ی سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌هۆی بڕیاره‌كانی دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كه‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌رێگه‌دان به‌توركیا به ‌بیانووی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له ‌باكووری سووریا پاكتاوی ڕەگه‌زی و جینۆساید دژی كورده‌كانی رۆژئاوا بكات.

حیزبی شیوعی ئاشكراشی ده‌كات "توركیای ئه‌ردۆغان پاڵپشتی رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌كانی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاوانخوازی هه‌رێمایه‌تی له‌نێو سووریاو عێراق بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ی عه‌فرین". له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یێنراوه‌كه‌یدا هاتووه‌ "ئه‌و تاوانكارییه‌ هیچ ڕەوایەتییەکى نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ هێزه‌ توركییه‌كان و، نوێنه‌رانیان له‌تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی تێوه‌گلان، ئه‌نكه‌را ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی ئه‌رمه‌نه‌كان جینۆساید دژی كورده‌كان له‌زه‌وییه‌كانی خۆیان ئه‌نجام بدات". دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نكه‌را گرووپی داعش له‌و ناوچانه‌ پته‌وتر ده‌كات و، ده‌روازه‌ی مه‌ترسیداریش له‌و جه‌نگه‌ ده‌كاته‌وه‌.

به‌فه‌رمی داوای له‌حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌خێرایی پرسی كورد بخاته‌ ژێر پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی كوشتار دژیان به‌رپا نه‌بێت. پێی وایه‌ ئه‌وان "نمونه‌ی ئاشتی و دیموكراتین له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"، بڕیاریشی داوه‌ رۆژی شه‌ممه‌ ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر) له‌گۆڕهەپانی كۆماری (ریپۆبلیك) گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌ چه‌پ و هاوسۆزه‌كانی دۆزی كورد ئه‌نجام بدات.