بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەمتر لە نیوەی خەڵکی ئەفغانستان بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد

کەمتر لە نیوەی خەڵکی ئەفغانستان بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد
AvaToday caption
هەڵبژاردنی ئەفغانستان تەواو بوو
posted onSeptember 29, 2019
noبۆچوون

بە پێی ئاماری ئەنجومەنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئەفغانستان تەنیا ٢٠ هەتا ٢٥ لەسەد بووە. هەڕەشەی تاڵبان و بێهیوایی و ناڕەزایەتی خەڵک هۆکاری بەشداری کەمی خەڵک بووە لە هەڵبژاردنەکان.

 

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و یەکەمین ئامارەکان کە ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان دوای بژاردنی ٢ هەزار و ٦٠٠ سندوق لە کۆی چوار هەزار و ٩٠٠ ناوچەی دەنگدان ڕایگەیاندووە دیمەنێکی تەواو جیاواز لە بانگەشەکانی ئەشرەف غەنی سەرکۆمار و حەوا عەلەم نورستان دەداتە دەست کە دەیانگوت خەڵکێکی زۆر بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردووە.

بە پێی ئەو ئامارە کە ماڵپەری تلوع نیوز ڕۆژی یەکشەممە حەوتی ڕەزبەر بڵاوی کردۆتەوە کۆی دەنگە بژاردراوەکان لە نیزیک بە ٥٥ لەسەدی سندوقەکان دەریدەخات ملیۆنێک و ١٥٢ هەزار کەس بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە. ئەفغانستان حەشیمەتێکی ٢٥ ملیۆن کەسی هەیە کە بە پێی هەڵسەنگاندنی هەواڵدەری ئاڵمان ڕێژەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە ١٣.٥ ملیۆن کەسە.

ئەنجوومەنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێ نێو و نازناوی ٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسی وەک دەنگدەر تۆمار کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی سندوقە بژاردراوەکان و ئەوانەی کە ماوە ژمارەی ئەو دەنگانەی کە دراوە بە ئەگەری زۆر لە ٢ ملیۆن دەنگ تێناپەڕێت.

 

سێ لەسەر چواری خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە

بەپێی ئەو ئامارانە ئاستی بەشداری خەڵک ناگاتە ٢٥ لەسەد و بە واتایەکی دیکە سێ لەسەر چواری ئەفغانییەکان نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

هەلومەرجی نالەباری ئەمنیەتی، هەڕەشە و ترساندنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە لایەن هێزە ئیسلامیەکان، کێشە دروستکردن لە سیستەمی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردن، بێ متمانەیی بە تەندرووست بوونی هەڵبژاردن و ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک هۆکاری سەرەکی ساردبوونەوەی کەش و هەوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەفغانستانە.

هەواڵدەری ئاڵمان لە زمان پسپۆرێکى ناوچەیی ڕایگەیاندووە ڕێژەی قوربانییەکانی تاڵبان بۆ سەر شوێنەکانی دەنگدان کەم بووە بەڵام ژمارەی هێرشەکان یەکجار زۆر بووە. بە گووتەی ئەو پسپۆڕە، تاڵیبان هێرشی کردووەتە سەر ١٠ لەسەدی ناوەندەکانی دەنگدان و ئامانجیان ترساندنی خەڵک بووە.

ئەنجومەنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە بەلانى زۆرەوە تا کۆتایی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامی جیاکردنەوەى دەنگەکان بڵاو دەکرێتەوە.  ئەگەر هیچ کام لە ١٦ پاڵێواروەکەی هەڵبژاردنی ئەم جارە نەتوانن زیاتر لە ٥٠%ى دەنگەکان بەدەست بێنن خولی دووەمی هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو کەسەی کە زیاترین دەنگیان هێناوەتەوە، بەڕێوە دەچێت.