بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێرشی موشەکی سوپا، سەرکەوتن یان دۆڕان؟

هێرشی موشەکی سوپا، سەرکەوتن یان دۆڕان؟
سیناریۆکەى سوپاى پاسداران شکستى سەربازى بەدواوە بوو
posted onOctober 1, 2018
noبۆچوون

لە کاتێکدا ئابووری ئێران لە لایەن سوپای پاسدارانەوە وێران کراوە و لە بەرەبەری داڕمانی یەکجاریدایە، سەیر نییە فێڵ و کەڵەکەکانی سوپای پاسداران بۆ پاراستنی نیزام خێرایی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی زیاتر بکاتەوە.

لەو پینج مووشەکەی کە لە ژێر نێوی لێدان لە گرووپە توندڕەوە دینییەکان لە کرماشان تەقێندراون، سێ مووشەکیان هەر لە جوگڕافیای ئێران نەچوونە دەر و ئەوەش دۆڕانێکی گەورەی عەمەلیاتییە بۆ سوپای پاسداران و سوپا بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاستی پێکانی مووشەک و ئەو ڤیدیۆیانە بکات کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵگیراونەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش هێرشی کردووە!

پرسی دووهەم ئەوەیە ئەو هێرشە مووشەکییە بە ئامانجی تۆڵەکردنەوەی هێرشەکەی ئەهواز و لێدان لە شاری ئەبوکەمالی سوریە بووە لە کاتێکدا لە ساڵی ڕابڕدووەوە ئەو ناوچەیە لە ژێر دەستی هێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەدە کە ناسراون بە "ئەرتەشی ئازادی سوریە" و هیچ هێزێکی داعشی لێ نییە.

ئەبوکەمال ئەو ناوچەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە چەندین جار گووتویانە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لە ڕێگەی گرووپەکانی گرێدراوی خۆی دەستی بەسەردا بگرێت بە هۆکاری ئەوەی لە سەر ڕێگەی هیلالی شێعەیە و دەتوانێ هاوکاری چەکوچۆڵ لە ڕێگەی زەویەوە بگەیێنێتە دیمەشق.

سوپای پاسداران بەو کارە کە سیناریۆیەکەی هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی ئەهواز داڕێژڕاوە، هەنگاوێک خۆی لە دروستکردنی شەڕێکی ناوچەیی نیزیک کردەوە کە  ئامانجەکەی ڕێگەگرتنە لە ڕووخانی نیزام. کۆماری ئیسلامی بەو موشەکانەی کە سێ لەسەر پێنجیان نەگەیشتنە نیوەی ڕێگەش توانایی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ عەرەبستانێکی نییە کە چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ئامریکا و فەڕەنسی هەیە.

سیستەمێکی گەندەڵ کە هیچ پشتیوانێکی خەڵکی خۆی لەگەڵ نییە لاوازە و بە کردنەوەی هەر بەرەیەکی شەڕکردن تەنیا خێرایی ڕووخانی خۆی زیاتر دەکات. سوپای پاسداران بەو هاتوهاوارە پڕوپاگندەییە دەیهەوێ بیروڕای بەشێک لە سوپای پاسداران سەبارەت بە وەڵامنەدانەوە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بەلاڕێدا بەرێت.

بەشێکی سوپای پاسداران سەبارەت بە وەڵامنەدانەوە بە لەنێوبردنی ٢٠٥ بنکەی سوپا لە سوریە و کوشتنی بێ دەنگی سەدان ئەندامی ئەو ڕێکخڕاوە لە لایەن ئیسرائیلەوە زۆر تووڕە و ناڕازین.