بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نیۆیۆرک پۆست: بۆچی میدیاکان باسی پەیوەندی ئەردۆغان و داعش ناکەن؟

نیۆیۆرک پۆست: بۆچی میدیاکان باسی پەیوەندی ئەردۆغان و داعش ناکەن؟
AvaToday caption
posted onSeptember 23, 2019
noبۆچوون

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم حەفتەیە خێوەتەکەی لە هۆتێلی بەشکۆی پێنسیلوانیا لە نیۆیۆرک هەڵداوە. بڕیار وایە لە پەراوێزى دانیشتن و کۆوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێوارەخوانێک بە بەشداری ڕێبەرانی کۆمەڵگەی موسڵمانی ئەمریکا ڕێک بخات.

 

ئەردۆغان لە کاتی سەفەرەکەی بۆ نیۆیۆرک لە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ ئیلهان عومەر کە ئەو سەردەمە تازە ببووە نوێنەری کۆنگرەی ئەمریکا لەسەر لیستی حزبی دیموکرات و ویلایەتى مینیسوتا هەڵبژێرابوو، دانیشت. لە مانگی پووشپەڕى ڕابردوو، سەرۆکی میدیا دەوڵەتییەکانی تورکیە داوایان لە هەموو تورکەکانی جیهان کرد بۆ هاوکاری بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئیلهان عومەر هاوکاری ماددى کەمپینی هەڵبژاردنەکەی بکەن. ئەو کارە لە ژێر سایەی یاساکانی دەوڵەتی ئەمریکا، ئەگەر هاووڵاتی ئەمریکا و یاخود خاوەنی گرین کارتی ئەمریکا نەبێ، نایاساییە.

بەڵام ئەو پرسەی کە دەبێ زیاتر لە هەمووان خەڵکی ئەمریکا ئاڵۆز بکات هەوڵەکانی ئەردۆغانە بۆ کاریگەریدانان لەسەر کۆنگرە و بەندکردنی ڕۆژنامەنووسان و پاکتاوی نەژادی کورد و تەنانەت دروستکردنى مزگەوتی سەد ملیۆن دۆلاری لە ویلایەتى مریلەند.

لە ساڵی ٢٠١٢ بەو لاوە دەزگای سیخوڕی میتی تورکیە بە سەرۆکایەتى ئەردۆغان سەرقاڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بووە بۆ داعش. ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی گومرگ و سنوورپارێزی تورکیە چاوی خۆیان لە هاتنەژووری ئەندامانی داعش بۆ تورکیە داختسبوو کە لەوێڕا دەچوون بۆ سوریە.

مۆری چوونەدەر لە سنووری تورکیە لەسەر پاسپۆڕتی کۆمەڵێکی زۆر لە تیرۆریستەکانی داعش کە لە لایەن هێزە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە باکووری سوریە قۆڵبەست کرابوون، هەبوو. شەڕکەرانی داعش بە شانازی و بە ئاشکرا باسی ئەو هاوکاریانە دەکەن کە لە بەرپرسانی تورکیە وەریانگرتووە.

ئەردۆغان و داعش

نیۆیۆرک پۆست لە زمانی چەکدارێکی داعش بۆ شەڕڤانە کوردەکان نووسیویەتی: میتی تورکیە هەموو شتێک دەزانێت. زۆربەی شەڕکەرەکانی داعش کە لە نێو هێزەکانی تورکیە لە سوریە بوون ئێستا شاری عەفرینیان داگیر کردووە و لەو شارە سەرقاڵی پاکتاوی نەتەوەیین کوردەکانن.

دوو ئەفسەری میتی تورکیە کە ساڵی ٢٠١٧ لە باشووری کوردستان لە لایەن گریلاکانی کورد دەستبەسەر کران چالاکییە شاراوەکانی دەوڵەتی تورکیەیان لە هاوکاری بە داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە لە سوریە و عێراق لەقاو دا. هاوکارییەکانی تورکیە بۆ داعش لە بەرزترین دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیە دەست پێ دەکات. لە ساڵی ٢٠١٦  ماڵپەری ویکیلیکس ئارشیفى ٥٨ هەزار ئیمەیلی بڵاو کردەوە کە بە شێوەی بەڵگەمەند هاوکارییەکانی زاوای ئەردۆغانی بۆ داعش تۆمار کردبوو. زاواکەی ئەردۆغان "بەرات ئالبایراک" هاوکاری داعشی کردبوو بۆ فرۆشتنی نەوت لە سوریە و عێراق.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئیمەیلەکانی ئالبایراک هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لە بازرگانی نایاسایی نەوت ڕەت دەکردەوە. نیۆیۆرک پۆست لە درێژەدا دەنووسێ سومیەی کچی ئەردۆغان سوپایەکی لە پزیشکان هەموو کەرەسەیەکی پزیشکی و نەخۆشخانەوە خستبووە خزمەتى دەرمانکردنی چەکدارە بریندارەکانی داعش لە ئورفای باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیە.

داعش ئەو هێزانەی کە بە سەختى بریندار دەبوون، بە ئامبوڵانسی ئەرتەشی تورکیە و بە بێ هیچ جۆرە یاسایاکەی گومرگی دەگواستەوە بۆ ئورفا. سەرەڕای بوونی بەڵگە لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان و داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە، جێگای سرنجە کە میدیا سەرەکییەکانی ئەمریکا باسی ئەو پرسە ناکەن.

ئەو حەفتەیە، گرووپێک بە ناوی "پڕۆژەی لێکۆڵینەوەی داعش لەگەڵ تورکیە" پشتیوانی ماڵی بیلبۆردەکانی داندراو لەسەر پاسەکانی شاری نیۆیۆرکی، گرتووەتە ئەستۆ. لە سەر بیلبۆردەکان نووسراوە "ئەردۆغان، زڕبابی تیرۆریستەکان لە ئەمریکا جێی نابێتەوە".