بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێرشەکەى سەر ئارامکۆ بە ڕەزامەندی خامنەیی بووە

هێرشەکەى سەر ئارامکۆ بە ڕەزامەندی خامنەیی بووە
AvaToday caption
posted onSeptember 19, 2019
noبۆچوون

بە پێى ڕاپۆرتى CBS، خامنەیی ڕەزامەندی خۆی بۆ هێرش بۆ سەر دامەزراوەنەوتییەکانی عەرەبستان دەربڕیبوو بەو مەرجەی دەستى ئێران لە هێرشەکە ئاشکرا نەبێت.

کەناڵی هەواڵدەرى سی بی ئێس لە ڕاپۆرتێکەیدا لەمەڕ هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستان لە زمانی بەرپرسێکی ئەمریکاوە ڕایگەیاند: ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی خامنەیی جێبەجێ کراوە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئێران دواتر بتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵی حاشا بکا.

سی بی ئێس لەم ڕاپۆرتە گوتوویەتی "ئەگەر چی هێرشەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام پلانی نکۆڵی و حاشاکردنەکەی لەلایەن ئێرانەوە وردە وردە دردەکەوێت." ڕژێمی ئێران پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەم هێرشانە حاشا دەکات و ڕۆژی دووشەممەش لە نامەیێکدا کە لە ڕێگای باڵیۆزی سویسراوە بۆ ئەمریکای ناردبوو، پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەم هێرشانە ڕەت کردەوە و گوتی هەر جۆرە هەنگاوێک دژی ڕژێمی ئێران بکرێت خێرا بەرپەرچی دەدەینەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە عەرەبستان پاشماوەی ئەو مووشەکە کروزانەی کە ئاراستەی ئارامکۆ کرابوو بەدی کردووە و لەپاش لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانە، دوێنێ لە کۆبوونەوەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا خستیە ڕوو کە پیشاندەری ئەوە بوو کە ئەم مووشەکانە هی ئێران بووە.

لەم ڕاپۆرتە هاتووە کە بەهێزترین بەڵگەیێک کە لەمەڕ دەستهەبوونی ئێران لەم هێرشانە لەبەر دەستە، دیمەنی مانگە دەستکردییەکانی ئەمریکایە کە لەوێ ئەندامانی سوپای پاسداران لە پێگەیێک لە ئەهواز خەریکی ئامادەکردنی سەکۆی هاویشتنی مووشەکن.

بەپێ ئەم ڕاپۆرتە، ئەم مووشەکانە بە تێپەڕین لە ئاسمانی کوەیت و لەپاش پێوانی ۷۰۰ کیلومتر ئامانجەکانی خۆیان لە خاکی عەرەبستان پێکاوە. ئەمریکا هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان "هەوڵدان بۆ شەڕێکی سەربازی" دەزانێت کە ئێران بەرپرسیەتی.