بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

زەریف: ئەمریکا هێشتا ڤیزەى نەداوەتە من و ڕوحانى

زەریف: ئەمریکا هێشتا ڤیزەى نەداوەتە من و ڕوحانى
posted onSeptember 18, 2019
noبۆچوون

محەمەد جەواد وەزیرى دەرەوەى ئێران چوارشەممە ٢٧ى خەرمانان / ١٨ى سپتەمبەر گوتى کە ئەمریکا هێشتا ڤیزەى نەداوەتە من و حەسەن ڕوحانى سەرکۆمار و ئەندامە باڵاکەى شاندى دەوڵەت تا بچینە ئەمریکا و ئامادەى دانیشتنى نەتەوە یەکگرتووەکان بین.

 

ئەگەرى پووچەڵکردنەوەى سەفەرى شاندى ئێرانى لە زمانى زەریفەوە باس کراوە، هەرچەندە هێشتا بە تەواوى ڕانەگەیێنراوە. بڕیار بوو جەواد زەریف ڕۆژى هەینى ٢٩ى خەرمانان سەفەر بکات و جەسەن ڕوحانیش ڕۆژى دووشەممە بگاتە نیۆیۆرک.

دانیشتن و کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژى سێشەممە ٢٦ى خەرمانان دەستى پێ کردووە و قسەکردنەکانى ڕوحانى لەم کۆمەڵەیە لە رۆژى سێیەمدایە. بڕیاریش بوو کە ڕوحانى چاوى بە هەندێک سەرۆکى وڵاتان بکەوێت وەک ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆمارى فەڕەنسا.

عەلى خامنەیی ڕابەرى ڕژێمى ئێران سێشەممە پێداگرى لەوە کردەوە کە هیچ دیدارێک لە نیۆیۆرک یا هیچ شوێنێکى دیکە لە نێوان سەرکۆمار و هیچ بەرپرسێکى دیکەى ئێران لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا ئەنجام نادرێت مەگەر ئەوەى کە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و دیدارەکان لە چوارچێوەى گفتوگۆکانى بەرجام ئەنجام بدرێن.

پاش قسەکانى خامنەیی، ترامپیش سێشەممە گوتى زۆر حەزى لە چاوپێکەوتنى حەسەن ڕوحانى نییە، بەڵام دیار نییە کە پێنەدانى ڤیزە لە لایەن دەوڵەتى ئەمریکاوە بە زەریف و ڕوحانى هیچ پەوەندییەکى بە بڕیارەکەى خامنەییەوە هەیە لەسەر یاساغکردنى دیدارى ڕوحانى لەگەڵ سەرکۆکارى ئەمریکا یان نا!

ڕاگەیاندنەکانى ئێران باسیان لەوە کردووە کە کۆمارى ئیسلامى لەم چەند رۆژەى ڕابردوو، پەیامى "هۆشدارى" داوەتە ئەمریکا لە ڕێگەى سویسەوە کە پارێزەرى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکایە لە ئێران. ئێران لەم پەیامەیدا نووسیویەتى کە ئەگەر هەر کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئێران بگرێت (مەبەستى بە هۆى هێرشەکەى سەر ئارامکۆ کە دراوەتە پاڵى)، ئەوا کاردانەوەیەکى چاوەڕواننەکراوى دەبێت.

هۆشدارییەکەى ئێران بۆ ئەمریکا، بەر لە سەفەرەکەى مایک پۆمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و ئەمریکا هیچ جۆرە کاردانەویەکى بۆ ئەم پەیامەى ئێران نەبووە.

حەسەن ڕوحانى چوارشەممە لە دانیشتنى دەوڵەتدا لە تاران، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو تۆمەتانەى کە سەبارەت بە هێرشەکەى سەر ئارامکۆ دەیدرێتە پاڵى، گوتى "هێرشى حوسییەکان بۆ ناوەندى پیشەسازى، بۆ هۆشداریدان بووە بە سعودییەکان" و "تۆمەت مەخەنە پاڵ ئێران".