بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شەهیدبوونى شەرەفکەندى پەندێک بۆ دووبارەنەکردنەوەى هەڵە مێژووییەکە

شەهیدبوونى شەرەفکەندى پەندێک بۆ دووبارەنەکردنەوەى هەڵە مێژووییەکە
AvaToday caption
posted onSeptember 17, 2019
noبۆچوون

ئەمڕۆ ١٧ى سپتەمبەر / خەرمانان، ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونى دکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێرى ئەوکاتى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێرانە کە لە ڕێستۆرانتى میکۆنۆسى بەرلەینى پایتەختى ئەڵمان لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەى بە ناوەکانى فەتاح عەبدولى و هومایون نوورى دێهکۆردى لە لایەن ڕژێمى ئێرانەوە تیرۆر کران.

 

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە تەنیا سێ ساڵ بەسەر تیرۆرى دکتور قاسملوو تێدەپڕی و هێشتا حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران ماتەمدار بوو و برینى سکرتێرەکەى ساڕێژ نەببوو کە لە ڤیەننا (نەمسا) لە لایەن دیپلۆماتە تیرۆریستەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە شەهید کرا.

بزووتنەوەى کوردى بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان هەمیشە ئەو ڕەخنەیەى لەسەر بووە کە سکرتێر و ڕابەرەکانى زوو کەوتوونەتە نێو داو و پیلانەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە و ئەمەش گورزێکى گەورەى لە خەباتى ئەو بەشەى کوردستان وەشاندووە و بە پێى قسەى بەشێک لە سیاسییەکان و خاوەن ڕایانى سیاسى یەکێک لە هۆکارەکانى متبوونى بزووتنەوەى کوردى لەو پارەچەیە بۆ ئەم هەڵەیە دەگەڕێتەوە کە زوو باوەڕیان بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى هێناوە.

سادق شەرەفکەندى کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی ئەنتەرناسیۆناڵی سۆسیالیست سەردانى ئەڵمانى کردبوو، ڕۆژی ١٧ى سپتەمبەر تیرۆر کرا و بە چەند ڕۆژ دوای تیرۆرکە پۆلیسی ئەڵمان ئێرانییەک و دوو لوبنانی دەستبەسەر کرد کە ئێرانییەکەیان کازم دارابی و  سەرپەرشتی تیرۆرەکە بوو و دوو لوبنانییەکەش سەر بە حیزبوڵا بوون. کازم دواى ١٥ ساڵ ئازاد و گەڕایەوە بۆ ئێران و وەک پاڵەوانێک لە لایەن دەسەڵاتەوە پێشوازى لێ کرا.

بە پێچەوانەوەى تیرۆرکرانەکەى قاسملوو، دادگاى ئەڵمانیا ماوەى ٥ ساڵ لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەکەى شەرەفکەندى کرد و لە دواى گوێگرتن لە شاهیدیدانى ١٧٠ کەس لە ڕۆژى ١٠ى ئەپرێل (خاکەلێوە)ى ١٩٩٧، بڕیاری تۆمەتبارى بۆ هەریەکە لە عەلى خامنەیى ڕابەری ئێران، هاشمى ڕەفسەنجانى سەرکۆمارى ئەوکاتى ئێران، عەلی ویلایەتى وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتى ئێران و عەلى فەلاحیان وەزیرى ئەوکاتى دەرکرد و هەر ئەمەش بوو کە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وەک ناڕەزایەتی، باڵیۆزەکانی خۆیانیان لە ئێران کشاندوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد، کەچى دواتر هەموویان دەستیان بە پەیوەندى لەگەڵ ئێران کردەوە.

قاسملو و شەرەفکەندى

شێلگیرى و سیاسەتى دروست و چاونەترسى بە خەسڵەتە دیارەکانى دکتور سەعید شەرەفکەندى دادەنرێن کە لە ماوەى سەرکردایەتى ئەودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاسایی و لەگەڵ حیزبەکانى دیکە گەرمتر بوو و بەیاننامەى پشتیوانى ڕۆژهەڵاتییەکانى لە کاتى کۆڕەوە گەورەکە بۆ کوردانى باشوور دەرکرد و هاوکارێکى گەورەى ماددى و مەعنەوى و لۆجستى ڕاپەڕینەکەى باشوورى کوردستان بوو، وەک چۆن فەرەدوون عەبدولقادر لە بەرنامەیەکى تەلەڤزیۆنى ئێن.ئاڕ.تى ئەمەى ئاشکرا کرد.

بەڵام ئەوەى جێگەى سەرەنجە، دواى شەهیدبوونى قاسملوو و شەرەفکەندى، حیزبی دیموکرات لە کزى دا و بە هاتنەخوارەوەى ئەو حیزبە لە قەندیل کە شەرەفکەندى دژى هاتنە نێو شار بوو، بە تەواوى بووە حیزبێکى کەمپنشین و پاشانیش لەتبوونى لێ کەوتەوە کە گەورەترین خەسار بوو لەو حیزبە. هەر ئەمەش واى کردووە خودى ڕژێم "تێزى ڕووولێوەرگێڕان یا پشتگوێخستن"ـیان بەرامبەر بەکار بهێنێت و دەست لە تیرۆرکردنى سەرکردەکانى هەڵگرێت، چونکە وەک عادەتى هەمیشەیی خۆى کۆمارى ئیسلامى هەمیشە پیلان بۆ تیرۆرکردنى کەسە بلیمەت و دیارەکان دادەڕێژێت و ئەگەر بزانێت ئۆپۆزسیۆنەکەى بەرامبەرى بێهێزە، ئەو تێزەی دەتوانێت خۆى شێرپەنجەیەک بێت بۆ داڕزان و بچووککردنەوەى هەیکەلى حیزب.

 خودى ڕابەرانى حیزبی دیموکراتیش گەیشتوونە ئەو قەناعەتە کە لەو دۆخە خراپەدان، بۆیە "ڕاسان"ـیان هەڵگیرساند وەک دەستپێکردنەوەى خەباتى چەکدارى لە شاخ و شار.

بە پێى ڕوانگەى توێژەرانى سیاسی و زۆرینەى حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى هیچ سوودێکى نییە و ڕژێمى ئێران بە هیچ شێوەیەک خوازیارى گفتوگۆ نییە بۆ چارەسەرکردنى پرسى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، کەچى هەر ئەمساڵ نەوەکەى خومەینى هاتە شارى هەولێر و لەگەڵ حیزبە کوردییەکان گفتوگۆی کرد، کە ئەمەش دووبارەکردنەوەى هەڵەیەکى کوشندەى مێژووییە بەتایبەت بۆ هەردوو حیزبەکەى دیموکرات.

پەندوەرگرتن لە شەهیدبوونى دکتور قاسملوو و شەرەفکەندى، خۆى دەبێت هۆکارێک بێت بۆ بەهێزبوونى ڕایەڵکەکانى نێوان حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و خەڵکى ڕۆژهەلات و جۆرە شێلگیرییەک بێت لەسەر خەباتى سیاسى و سەربازى و پێشخستنى تاکتیکى کارکردن بۆ ڕووخانى ڕژێم، نەوەک ئەزموونى ئەزموونێکی هەڵە بکرێتەوە کە هۆکارى سستبوونى حیزبی دیموکراتە.

شایەنى باسە سادق شەرەفکەندی لەساڵی ١٩٥٩ى زایینى لە گوندى تەرەغەى سەر بە شارى بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو، دکتورای کیمیاى لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس تەواو کرد. دواتر گەڕاوە تاران و بووە مامۆستای زانکۆ. لە ساڵی ١٩٧٣ بووە ئەندامی حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران و لەساڵی ١٩٨٠ـیشدا بووە ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە و نۆ ساڵ دواتر و پاش تیرۆرکردنی دکتور قاسملوو، بووە سکرتێری گشتی.