بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە لووتکەى ئەنکەرە ڕێککەوتتن لەسەر سەرکوتى کورد کرا

لە لووتکەى ئەنکەرە ڕێککەوتتن لەسەر سەرکوتى کورد کرا
AvaToday caption
ڕوحانی و ئەردۆغان دژی ڕۆژئاوای کوردستان بوون
posted onSeptember 17, 2019
noبۆچوون

دوێنێ دانیشتنى سێ قۆڵى ڕوسیە و تورکیە و کۆمارى ئیسلامى لە ئەنکەرەى پایتەختى تورکیە دەستى پێ کرد. بەر لە دانیشتنەکە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسى ئەنجام درا. خانەخوێ گوتى "لەو بڕوایەدام لووتکەی ئەنقەرە هێزێکى تازە دەداتەوە بە دانوسانەکانی ئاستانا. وڵاتەکەمان لە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆز و کێشەداردا لەپاڵ گەلی سووریادا بووە. به‌ وشککردنی زۆنگاوی تیرۆر له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات و له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانمان به‌و ئاراسته‌یه‌دا، ده‌گه‌یه‌نینه‌ قۆناغێکی نوێ"

لە دانیشتنی سێ قۆڵى روسیە، تورکیە و ئێران، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ئیسلامى ئێران ڕایگەیاند "هەموو هەوڵمان ئەوەیە یەکپارچەیی خاکی سوریە بپارێزین، بەڵام وڵاتانی دیکەی دەرەکی هەوڵی پێچەوانە دەدەن. کێشه‌کانی سووریا ته‌نها به‌ رێگای سیاسی چاره‌سه‌ر ده‌کرێت و ئه‌مه‌ش به‌ به‌شداریی گه‌لی سووریا به‌دی دێت. بوونی سه‌ربازانی ئه‌مریکا له‌ سووریا نامه‌شرووعه‌، ده‌بێت هێزه‌کانی ئه‌مریکا هەرچى زووه‌ ناوچه‌که‌ جێ بهێڵن".

لە لایەکی دیکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیەش جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریە کردەوە و ڕایگەیاند "هێرشی چڵەزەیتونى ئەرتەشەکەمان بۆ سەر عەفرین، بە مەبەستی پێشگرتن لە تێکچوونی یەکپارچەیی سوریە بوو. بۆیە ئێستا له‌ رێککه‌وتنێکی ته‌واوداین له‌باره‌ی پاراستنی یه‌کڕیزیی سیاسیی و یه‌کپارچه‌یی خاکی سووریا، پاراستنی ئارامی گۆڕە‌پانه‌که‌ و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی سیاسیی یه‌کجاره‌کی بۆ ناکۆکییه‌کان و دانوسانه‌کانی ئاستانا ده‌ستپێشخه‌رییێک بوو بۆ هێنانه‌دی چاره‌سه‌ری کاریگه‌رانه‌ له‌ پێناو دامرکاندنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕ له‌ سووریا و هه‌نگاونانی کرده‌ییانه‌. لە کۆبوونەوەکەماندا جگە لە دۆخی ئیدلب و رەوشی ناوچەکە، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی فورات، ئەو قۆناغەی پێیگەیشتووین لە پرۆسەی سیاسیی و پرسەکانی پەنابەرانی سووری تاوتوێ دەکەین".

سێ قۆڵى

ڤلادیمیر پوتینیش گوتى "به‌هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌کانی هه‌رسێ وڵات سه‌قامگیری له‌ خاکی سووریا هاتووەته‌ دی و ئاستی توندوتیژییه‌کان کەم بوووەتەوە. تورکیا، رووسیا و ئێران بناغەی چارەسەریی هەمیشەییان لە سووریا دانا. ره‌وشی ناوچه‌ی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب، مایه‌ی نیگه‌رانییه‌. دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا مایەی نیگەرانییە. کێشە ئەمنییەکانی ئەوێ دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا چارەسەر بکرێت".

تەوەری هەرە گرینگی باسەکانی ئەردۆغان و ڕوحانی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بوو و جارێکی دیکە پرسی کورد کۆدەنگی لەناو دووژمنانی کورد درووست کردەوە. ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت و ئەوەش بووەتە هۆی توڕەبوونی ئێران، تورکیە و دیمەشق.

ئەگەرچی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هیچ کات باسی جیابوونەوەیان لە خاکی سوریە نەکردووە، بەڵام داگیرکەرانی کوردستان هیچ مافێک بە کورد ڕەوا نابینن و هەوڵی لەباربردنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانن. تەنانەت لە وەڵامى ئەو نامەیەى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد کە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانى نارد و تیایدا بانگەشەى ئەوەى کردبوو کە سوپای سووریای دیموکرات خەریکى دابەشکردنى خاکی سووریایە، ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بە فەرمى وەڵامى ئەسەدى دایەوە و ڕەتى کردەوە کە وەها ئامانجێکیان هەبێت و ڕایانگەیاند کە "ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا هەمیشە پابەند بووە بە پارێزگاریکردنی سەروەریی خاکی سوریە و هەر بەو بۆنەیەشەوە دامەزراوە حکومییەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا لە ئاسایشی تەواودان. ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا و سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیە چەندین جار بە فەرمی داوایان لە دەوڵەتی ناوەندی کردووە پێکەوە دانیشن و لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە دانوسان بکەن بەڵام بەداخەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت دەوڵەتی ناوەند وەڵامی داواکارییەکەی نەداونەتەوە".