بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بە هۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیل حەشدى شەعبی سەرى لێ شێواوە!

بە هۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیل حەشدى شەعبی سەرى لێ شێواوە!
AvaToday caption
حەشدى شەعبی بەرامبەر ئیسرائیل هیچى پێ ناکرێت، پڕ دەداتە ئەمریکا
posted onAugust 22, 2019
noبۆچوون

ئەمرۆ پێنجشەممە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیێنراوێکى بڵاو کردەوە و ئەمریکاى تۆمەتبار کرد بەوەى کە ئەمریکا چوار فڕۆکەی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر حەشدى شەعبی هێناوەتە عێراق و هەر ئەمەیشە چەندین جارە بارەگای حەشدی شەعبی دەکرێتە ئامانج لە نێو خودى عێراق.

موهەندیس گوتووشیەتى کە زانیاریی تەواویان هەیە فڕۆكە ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی ئازەربایجان و بە كەشتی ئەمریكی هێنراونەتە عێراق و "هەر بۆ ئەم مەبەستە حکومەتمان ئاگادار کردووەتەوە کە هەر فڕۆکەیەکی بیانی بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق بەسەر بارەگاکانماندا بفڕێت، لێیدەدەین، ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین جارە هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانیان و کۆگاى چەک و تەقەمەنییەکانیان دەتەقێنرێتەوە، بێ ئەوەى بتوانن هیچ گورزێک بوەشێنن.

ئەبوو موهەندیش تۆمەتى زیاترى خستە پاڵ ئەمریکاوە و گوتى "ئەمریكا هاوكار بووە لە هێنانی گرووپە چەكدارەكان بۆ عێراق و ناوچەكە بە داننانی خودی ترەمپ بیر لە شێوازی جۆراوجۆر دەكاتەوە بۆ پێشێلكردنی سەروەری عێراق و بە ئامانجكردنی حەشدى شەعبی".

تەقینەوەى حەشدى شەعبی

لە لایەکى تریشەوە فاڵح فەیاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی دەڵێت لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە تەقینەوەى کۆگاى چەک و تەقەمەنییەکانمان و بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە چەکوچۆڵەکان بگوازینەوە.

شان ڕابێنسۆن وتەبێژى پێنتاگۆن لەم بارەوە وەڵامى حەشدى شەعبی دایەوە و گوتى "ئەمریکا پابەندى ڕێنماییەکانى حکومەتى عێراقە و بە هیچ شێوەیەک سەروەرى ئەو وڵاتە نابەزێنێت".

هەروەها شان ڕاینى وتەبێژى پێشووى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیش لەم بارەوە تویتێکى کرد و لە وەڵامی حەشدى شەعبی نووسى "ئەرکى هێزە هاوبەشەکان و هێزە عێراقییەکانە کە متمانەبوونى عێراقییەکان بەرز بکەنەوە و لەسەر ڕاسپاردەى حکومەتى عێراق و بە پێى ڕێنمایی و یاساکانى عێراق کار دەکەین".

شایەنى باسە هەر دوێنێ شەو فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بنکەیەکى سەربازی حەشدى شەعبییان لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە سەلاحەدین کردە ئامانج و چەک و تەقەمەنییەکەیان تەقاندەوە  و پێشتریش چەند جارێک ئیسرائیل هێرشى کردووەتە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبی و سوپاى قودسى ئێران.