بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جەبەل تارق داوای ئەمریکای لەسەر گریس ١ ڕەت کردەوە

جەبەل تارق داوای ئەمریکای لەسەر گریس ١ ڕەت کردەوە
AvaToday caption
posted onAugust 18, 2019
noبۆچوون

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئاسۆشیتدپرێس، بەرپرسانی جەبەل تارق ئەوڕۆ یەکشەممە ڕایانگەیاند ناتوانن وەڵامی ئەرێ بە داواکەی ئەمریکا بۆ راگرتنەوەی گەورە نەوتهەڵگری گریس ١ کە سەر بە کۆماری ئیسلامییە، بدەنەوە و ڕایانگەیاندووە جەبەل تارق پەیوەستی یاساکانی ئەوروپایە.

دادگایەکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بڕیاری ڕاگرتنی نەوتهەڵگرى گریس ١ـى دەرکرد، هەواڵدەری ڕۆیتەرز بە بنەماگرتنی بەڵگەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئەو نەوتهەڵگرە پشتیوانی لە چالاکییەکانی سوپای پاسداران دەکات. سوپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا دایە.

ئەو نەوتهەڵگرە ڕۆژی سێزدەی پووشپەڕ بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆکانی یەکیەتی ئەوروپا دژی سوریە لە جەبەل تارق ڕاگیرا. گریس ١ کە لە دوێنێەوە ناوەکەى بۆ (آدریان دریا) گۆڕیوە، پێنجشەممەی ڕابردوو دوای چەندین حەوتوو بە پێی بڕیاری دادگای جەبەل تارق ئازاد کرا.

ئێران دوو حەوتوو دوای ڕاگیرانی گریس ١، نەوتهەڵگرێکی بە ناوی ئیستینا ئیپرۆ کە ئاڵای بەریتانیای لەسەر بوو، بە تاوانی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەریاوانی لە گەرووی هورمز دەستبەسەر کرد. تا ئیستا ئەو کەشتییە بەریتانیاییە ئازاد نەکراوە.

کۆماری ئیسلامی هاتوچۆی کەشتیی نەوتهەڵگری لە کەنداوی فارس بە تەواوی نائەمن کردووە و ئەوەش وای کردووە ئەمریکا هاوپەیمانەتییەکی دەریایی بۆ پاراستنی ئەو ناوچەیە پێک بێنێت.