بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دوای سەردانى خامنەیی حوسییەکان هەڕەشە دەکەن

دوای سەردانى خامنەیی حوسییەکان هەڕەشە دەکەن
AvaToday caption
posted onAugust 17, 2019
noبۆچوون

تەلەڤزیۆنی ئەلمەسیرە، ئۆرگانی فەرمی حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە ٢٦ گەلاوێژ ڕایگەیاند لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستان لە شەیبە.

وتەبێژی حوسیەکانی یەمەن وێرای ئەوەی رایگەیاندووە ئەو دامەزراوانە پاڵاوگەیەک و کۆگایەکی نەوت لە خۆدەگرێتەوە ئاماژەی بە کاتی هێرشەکە نەکردووە. هەواڵدەری ڕۆیتێرز لە زمان سەرچاوەیەک لە پیشەسازی نەوت و گازی عەرەبستان ڕایگەیاند دوای هێرش بە فرۆکەی بێفرۆکەوان لە لایەن حوسیەکان ئاگرکەوتنەوەیەکی بچووک لەو دامەزراوانە ڕووی داوە و بە گووتەی ئەو سەرچاوە ئاگرکەوتنەوەکە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت دانەناوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتێزر هاتووە ئەو هێرشە بە ئەگەری زۆر لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفرۆکەوان ئەنجام دراوە. خالید فالح، وەزیری وزەی عەرەبستان ڕایگەیاندووە ئامانجی هێرشی حوسییەکان بە دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان بازاڕی جیهانی نەوتە. کۆمپانیای ئارامکۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە هێرشەکەی شەممە کاریگەری لەسەر چالاکییە نەوتییەکانی عەرەبستان دانەناوە.

پاڵاوتگەی ئارامکۆ کە لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان و لە نیزیک سنوری ئیمارات هەڵکەوتووە بەشێکە لە پڕۆژەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ. ئەو وڵاتە یەکەمین وڵاتی هەناردەکەری نەوتی جیهانە. حوسییەکان کە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەختی یەمەن و زۆربەی ناوچە پڕ حەشیمەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە دەست دایە، لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر پێگە سەربازی و ئابورییەکانی عەرەبستان زیاد کردووە.

دوای ئەنجامدانی دیدای ئەنساروڵا لەگەڵ خامنەیی و گەڕانەوەیان، ئەو گرووپە ئەمڕۆ هێرشێکی نوێی کردە سەر دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستان و ڕایگەیاندووە ئەو هێرشە پەیامێکی بۆ ئیمارات پێیە.