بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

فەرماندەی سوپای پاسداران: حیزبە کوردییەکان هەوڵى دابەشکردنى ئێران دەدەن

فەرماندەی سوپای پاسداران: حیزبە کوردییەکان هەوڵى دابەشکردنى ئێران دەدەن
AvaToday caption
posted onAugust 14, 2019
noبۆچوون

ئەمڕۆ چوارشەممە حوسێن سەلامی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە مەراسیمى کردنەوەى پڕۆژەی عومرانى ئایەتوڵا عەلى خامنەیی لە ورمێ، قسەى لەسەر ڕۆژهەڵاتى کوردستان و حیزبە کوردییەکان و باشوورى کوردستان و ملشیا شێعەکان کرد کە کۆمارى ئیسلامى پاڵپشتییان لێ دەکات بۆ پەرەدان بە ئاژەوەگێڕى و تیرۆریزم لە ناوچەکە دژ بە وڵاتان.

حوسەین سەلامى هێرشى کردە سەر حیزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات و بە فیتنەگەرى ناو بردن کە "دەیانهەوێت ئێران دابەش بکەن و ئیرادە پیسەکەیان بەسەر خەڵکى ئێراندا بسەپێنن". ئەم فەرمادەیەى سوپاى پاسداران کە بە فەرمانى خامنەیی جێگەى محەمەد عەلى جەعفەرى گرتەوە، باسى سنوورەکانى نێوان ڕۆژهەڵات و باشوورى کرد کە بوونەتە دەروازەى هاتنى پێشمەرگەکان بۆ نێو خۆى ڕۆژهەڵات و هەروەها بە ئاشکرا باسى پشتیوانییەکانى کۆمارى ئیسلامى بۆ بریکارەکانى لە عێراق و سوریە و لوبنان و یەمەن کرد و گوتى "ئەوان هاوکارى ئێمەن و ئێمە پشتیوانییان دەکەین بۆ دژایەتى ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە".

لێرەدا چەندین ڕستە لە قسەکانى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران کە ئەمرۆ لە ورمێ قسەى کرد، وەک خۆى دادەنێیتەوە:

 

ڕۆژهەڵاتى کوردستان و حیزبە کوردییەکان:

ـ کوردستان دەروازەى هاتنى دوژمنە بۆ دزەکردنە نێو ئێران.

ـ ئێرە (کوردستان) خاڵێک بووە کە دوژمن بەردەوام ویستوویەتى دەستى بە چارەنووسى ئەم گەلە ڕابگات.

ـ سیما و ڕووخسارى پیاوانى ئەم هێڵە (ئاماژەکردن بە کێوەکانى سنوورییەکانى کوردستان) بە قەدرا بەرزاییەکانى حاجى ئۆمەرانە.

ـ خەڵکى ئەم ناوچەیە هەروەک سرووشت و کێوەکانى کوردستان، پارێزەرى شکۆى گەلى ئێرانن.

ـ دوژمنەکانمان (حیزبە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات) بڕیاریان داوە ئێران دابەش بکەن و ئیرادەى شوومى خۆیان بەسەر خەڵکى ئەم سەرزەمینەدا بسەپێنن.

ـ خەڵکى ئەم ناوچەیە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و ئارامى هاووڵاتییەکانیان دەستیان داوەتە چەک (مەبەستى جاشەکان بوو).

ـ کوردستان شوێنگەیەکە بۆ شکستى پیلانەکانى ٤٠ ساڵى دوژمن.

ـ ئێرە سەرزەمینى لەگۆڕنانى فیتنەکان و لاشەى سیاسەتى دوژمنە گەورەکان.

 

ئەمریکا و گفتوگۆ:

ـ خواستى ئەمریکا بۆ گفتوگۆ، جۆرێکە لە فێڵ و تەڵەکە.

ـ گفتوگۆى ئەمریکا، گفتوگۆیەکى لەبیرکراوە لە نێو زەینى خەڵکى ئێراندا.

ـ هەموو ئەو شتەى دوژمن دەیڵێت، ڕەچەتەى شکستى ئێمەیە.

ـ گفتوگۆ فێڵێکى ئەمریکا بووە، نەوەک چارەسەر.

 

ئێران و ناوچەکە:

ـ سیاسەتەکانی واشنتۆن بوونەتە هۆی بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەکە.

ـ ئەم بەهێزبوونەى ئێرانیش هۆکار بووە بۆ دروستکردنى بەرەیەکی یەکگرتوو لە ناوچەکە دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا.

ـ ئێران پشتیوانی هەریەک لە حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکان یەمەن و حەشدی شەعبیی عێراق دەکات.

ـ حیزبوڵای لوبنان توانیویەتی دەسکەوتی باشى هەبێت و بەسەر ئیسرائیلدا سەرکەوێت.

ـ حوسییەکانی یەمەن توانیویانە بەسەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە سەرکەوتووبن.

ـ ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە پووچەڵکردنەوەى سیاسەتەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە عێراق، سووریا و یەمەن جێگەى ستایشن.

ـ حەشدی شەعبی توانیویەتی بەر بە پراکتیزەبوونى پلانەکانی ئەمەریکا لە عێراق بگرێت

ـ ڕێگە نادەین ئەمەریکا بە ئارەزووی خۆی سیاسەتەکانی لە ناوچەکە جێبەجێ بکات.