فەرەنگیس مەزلوم دایکی سوهەیل عەرەبی ڕۆژی دووشەممە ٣١ پووشپەڕ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراوە.
کەمپینی بەرگری لە مافی بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە هەشت کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دایکی سوهەیل عەرەبی لە ماڵی خووشکەکەی بووە چوون و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
فەرەنگیس مەزلوم چەند حەوتوو لەمەو بەر بە بڵاوکردنەوەی ویدیۆیەک ڕایگەیاندبوو کوڕەکەیان چەند جار لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بردووە بۆ قەرارگای ساروڵلای سوپای پاسداران و لەوێ لوتیان شکاندووە.
سوهەیل عەرەبی ڕۆژی ١٦ ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٢ بە هۆی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت لە فەیسبوکەکەی لە لایەن هێزەکانی قەرارگای ساروڵلای سوپای پاسداران دەستبەسەر و لە دادگادا بە تاوانی جنێودان بە پێغەمبەری ئیسلام سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی سوهەیل عەرەبی و دوای پێداچوونەوە بە سزای ناوبراو، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ حەوت ساڵ و نیو زیندان و دوو ساڵ لێکۆڵینەوەی مەزهەبی بۆ سەلماندنی پەژیوانی و هەروەها دوو ساڵ نەچوونە دەر لە ئێران کەم کرایەوە.
شایانی باسە پێشتر بڵاو ببووە کە سوهەیل عەرەبی کە بەندکراوێکی سیاسی عەقیدەتییە لە ڕۆژی ٢٥ جۆزەردانەوە دەستی بە مانگرتن کردووە.