بەرپرسێکى باڵاى عێراق ڕەتی کردەوە هاریکارە سەربازییەکانیان لەگەڵ ئێران "فڕۆکە بەتایبەت فرۆکەى سۆخۆی بگرێتەوە".
ئەو لێدوانەى بەرپرسەکەى بەغدا وەڵامدانەوەى لێدوانێکى عەمیدی فرۆکەوان شەمسەددین فەرزادیپۆر فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانى سوپاى پاسدارانى ئێران بوو کە دوێنێ گوتى "هاریکاریی پڕچەککردنى سەربازی لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە و، لە نێویشیدا فڕۆکەى سەربازی سۆخۆی".
سەرچاوە عێراقییەکە دووپاتیشی کردووەتەوە "بێگۆمان تاران چەکى پێداوین لە شەڕى داعش، بەڵام بە پارە نەک بە بەلاش و هەموو تێچووەکەیشمان داوەتەوە بە تاران". گووتیشى "بەڵام هیچ پڕۆتۆکۆلێک لە بوارى فڕۆکەوانی لە نێو هەردوو وڵاتدا نییە"، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمارى ئیسلامی ئێران لە ڕێگەى میلیشیا چەکدارە عێراقییەکانەوە توانیویەتى کۆنتڕۆڵى زۆربەى ئامێرە سەربازییەکانى سوپای عێراق بکات، بەتایبەت زریپۆشى ئەبرامز کە لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردوو حەشدى شەعبی دژى هێزەکانى پێشمەرگەى بەکار هێنان و بە تەقاندنەوەى یەکێک لەو ئەبرامزانە لە لایەن هێزى پێشمەرگەوە، هەیمەنە و هەیبەتى ئەم چەکەى تێک شکاند و بەهاکەى لە هەموو دونیا دابەزى.