بنەماڵەى زارا محەمەدى چالاکى مەدەنى و بەڕێوەبەرى ئەنجوومەنى ئەدەبی ـ کۆمەڵایەتى نۆژین لەسەر ئەوەى کە کچەکەى بدرێتە پاڵ هەر لایەن و ڕێکخراو و حزبێکى سیاسی، هاتنە دەنگ.
زارا کە ئێستا لە زیندانە و چەندین تۆمەتى ناڕەواى دراوەتە پاڵ، یەکێک بوو لەو دڵسۆزانەى زمانى کوردى کە لە پێناو خوێندەواربوونى منداڵان و شارەزابوونیان لە زمانى کوردى تێدەکۆشا و بەشدارى دەیان چالاکى ئەدەبی و کۆمەڵایەتى لە شارى سنە کردبوو. تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى پێشتریش کە چەندین چالاکیى ئەنجوومەنە ئەدەبی و فەرهەنگى و کۆمەڵایەتى و ئینسانییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بڵاو کردووتەوە، هەمیشە داواى کردووە کە هیچ لایەنێکى سیاسى و هیچ حزبێکى سیاسى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئەم ئەنجوومەنانە نەدەنە پاڵ خۆیانەوە و بۆ بەرژەوەندییەکانى خۆیان گیانى کەسانى چالاک لە ڕۆژهەڵات نەخەنە مەترسییەوە.
ئێستا بنەماڵەى زارا محەمەدى ئەم داوایە دووپات دەکەنەوە و دەخوازن کە کچەکەیان کە پاک و بێبەرییە لە هەر چالاکییەکى سیاسى حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ڕۆژهەڵات، نەخرێتە نێو چوارچێوەى یارییەکانى ڕاگەیاندنەکانەوە، بەڵکو "داوا لە هەمو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەشەردۆستەکان، هەموو هاوخەم و دڵسۆزانی زارا لە کوردستان، ئێران و جیهان دەکەین کە دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگی زارا و ئەوەی لە دەستتان دێت بیکەن و نەهێڵن کچێکی بێتاوان و بەشەردۆست ببێتە قوربانی".
ئەمەى خووارەوەش دەقى ئاگادارییەکەى بنەماڵەکەى زارا محەمەدییە:
ئاگادارییەک لە لایەن بنەماڵەی زارا محەمەدییەوە
بو هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئێران و جیهان، هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەشەردۆستەکان
هەروا کە ئاگادارن بۆ ماوەی ۱۷ ڕۆژە، زارا محەمەدی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بێتاوان و ناڕەوا دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنەکەی ڕانەگەیێنراوە.
ئێمە وەک بنەماڵەی زارا ڕایدەگەیێنین کە زارا محەمەدی هیچ جورە پەیوەندی و ئەندامەتی یان تێکۆشانی لەگەڵ هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نە لە کوردستان و نە لە ئێران نییە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە هیچ کەس مافی ئەوەی نییە بۆ پڕوپاگەندەی حزبی خویان هەڵپەرەستانە لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و بیانهەوێ زارا پەیوەست بکەنەوە بە لایەنێکەوە. زارا تەنیا چالاکوانێکی مەدەنییە و تەنیا لە ئەنجومەنی ئەدەبی کۆمەڵایەتی نۆژین ئەندامە و کار و چالاکییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبی و کومەڵایەتییە کە لە یاسای بنەڕەتی ئێران ڕێگەپێدراوە و لە لایەن بەرپرسانی پارێزگای سنەوە بە ڕەسمی ئیزنیان وەرگرتووە و هیچ کار و چالاکییەکی دژی یاسا بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام نەداوە. هەر بۆیە هەر بڵاوکراوە یان ڕاگەیێنراوێک لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم ڕاگەیێنراوە، بە هەڵە دەزانین و بە درۆی دەخەینەوە.
لێرەوە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەشەردۆستەکان، هەموو هاوخەم و دڵسۆزانی زارا لە کوردستان، ئێران و جیهان دەکەین کە دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگی زارا و ئەوەی لە دەستاتان دێت بیکەن و نەهێڵن کچێکی بێتاوان و بەشەردۆست ببێتە قوربانی.