بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

٢٨ی گەلاوێژ ساڵوەگەڕی فتوای خومەینی دژی خەڵکی ڕۆژهەڵات

٢٨ی گەلاوێژ ساڵوەگەڕی فتوای خومەینی دژی خەڵکی ڕۆژهەڵات
خومەینى بەو فتوایە هەزاران لاوى کوردى بەرەو مردن برد
خالخالى یەکێک لە جێبەجێکارانى فتواکەى خومەینى بوو
posted onAugust 19, 2018
noبۆچوون

 

لە ڕۆژێکی وەک ئەوڕۆدا ڕوحوڵا خومەینی ڕێبەری تازە بە دەسەڵات گەیشتوی ئێران کە توانی دەست بەسەر جووڵانەوەی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران دژ بە رژێمی پاشایەتی دابگرێت، هەر زوو چووە سەر ڕێچکە و ڕیبازی شای ئێران و دەستی کرد بە تەواوکردنی پرۆژە نیوەچڵەکانی بۆ خەفەقان و سەروکوتى گەلانى ئێران و کەمە نەتەوایەتى و ئایینییەکانى ئەو وڵاتە.

خالخالى یەکێک لە جێبەجێکارانى فتواکەى خومەینى لە کوردستان

خالخالى یەکێک لە جێبەجێکارانى فتواکەى خومەینى لە کوردستان

 

یەکدەستکردنی فەرهەنگی، یەکزمانکردنی هەموو نەتەوەکان و فەرزکردنی زمانی فارسی بەسەریاندا، نەیتوانی ڕۆحی پاوانخوازانەی دەسەڵاتی خومەینی تێرئاو بکات و هەر بۆیە بۆ لەنێوبردنی بزووتنەوەیەکی ڕەوا و ئازادیخوزانە دەیان هەزار پاسداری بە ئیدۆلۆژی ویلایەت فرچک گرتوویان وێڕای ئەوەی بە هەموو جۆرە چەک و چۆڵەکێکی قورس پۆشتە کرابوون بۆ سەرکووتی خەڵکی کوردستان ڕەوانەی شار و دیهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

خومەینی بە ڕاسپاردنی خەڵخالی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاڕی، واژۆی گوللەبارانکردنی هەزاران لاوی کوردستانی کرد و کەم کەس هەیە نەیبیستبێ لە قاڕنێ و قەڵاتان و سەوزی و سەرچنار و چۆمی مەجیدخان چیان لە مامۆستای ئایینی و پیرەپیاو و منداڵ و کچ و کاڵی کورد کرد تەنیا بە تاوانی ئەوەی کورد بوون و هیچیتر!

بە دەیان گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان وێران و هەزاران لاوی کورد ڕەوانەی گرتووخانەکان کران!

٣٩ ساڵ دوای فتوای خومەینی باوەڕەکانی خومەینی لەسەر خەڵکی کوردستان و هەمو ئینسانێکی ئازادیخواز هەروا بەردەوامن و رۆژانە لاوانی کورد لە سەر سنوورەکان بە تەقەی راستەوخۆی پاسدارانی باوەڕی خومەینی دەکوژرێن، چالاکانی سیاسی کورد لە سێدارە دەدەن و  لە ڕێگای دەزگای بەسیجەوە خەریکی داماڵینی کۆمەڵگای کوردستانن لەو بەها مێژوییانەن کە بە هەزاران لاوی کورد گیانیان لە پیناودا بەخت کرد.

ڕەنگدانەوەى کوشتارەکانى کوردستان لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانى کۆمارى ئیسلامى

ڕەنگدانەوەى کوشتارەکانى کوردستان لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانى کۆمارى ئیسلامى

 

لە یادی کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکی کوردستان لە پاش فتوای خومەیندا تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی ئاواتی ئەوە دەخوازێ خەباتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاڕی خاک و نەتەوە بە ئاواتەکانی بگات و گەلی کوردیش وەک گەلانی دونیا بە سەربەستی بژیت.