بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئینتیفاز قەنبەر بۆ ئاڤاتودەى: ئێران لە عێراقەوە چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵا و سوریە دەگوازێتەوە

ئینتیفاز قەنبەر بۆ ئاڤاتودەى: ئێران لە عێراقەوە چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵا و سوریە دەگوازێتەوە
AvaToday caption
posted onMay 28, 2019
noبۆچوون

 

لەگەڵ پەرەسەندنى ناکۆکییەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران و، ویلایەتە یەکگرتووەکان، زۆربەى بەرپرسانى عێراق بەیانى بێلایەنى خۆیان لەو پرسە ڕاگەیاندووەو، لەهەوڵى ئەوەشن ئەگەرى "ئاگرى شەڕ" ئەگەر ڕوویدا بکوژێننەوە. لەبارەى ڕۆڵى بەغدا لەو پرسەدا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى، ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆکى پارتى ئایندەى دەستوورى عێراق لەواشنتۆنەوە ڕایگەیاند " پێویستە بەتووندی و سەختى مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە چارەنووسسازە بکرێت". گووتیشى "ناتوانرێت عێراق بێلایەن بێت، بەتایبەت پردێکى زەمینى هەیە پێی دەڵێن Land Barge ئێران بەسووریا دەبەستێتەوە و لەو ڕێگەیەوە چەکداران و چەک و چەکى قورس بەرەو سووریاو بۆ حزبوڵای لوبنانى دەگوازرێتەوە".

 

ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:

ئاڤاتودەى: پارتە سیاسییەکان و سەرکردە عێراقییەکان، داوا دەکەن وڵاتەکەیان لە ململانێی ئەمریکاو ئێران بەدوور بێت، ئاخو دەتوانرێت عێراق لەو ململانێیەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بێ بلایەن بێت؟

قەنبەر: ناتوانرێت عێراق بێلایەن بێت و عێراقیش ناتوانێت خۆى لەو ململانێیە بە دوور بگرێت، ئەگەر هاتوو عێراق لە ملشیا شێعییەکان کە بۆ ویلایەتى فەقێ کار دەکەن و عێراقیان پڕ کردووە لەچەک و مووشەکی بالیستیک تا لە وڵاتانى دراوسێی و هاوپەیمانانى ئەمریکا و وڵاتانى کەنداو بدەن و ببنە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، ئەوا ناتوانرێت عێراق بێلایەن بێت.

بەتایبەت ئەوەى کە عێراق پردێکى زەمینى هەیە پێی دەڵێن Land Barge و ئێران بە سووریاوە دەبەستێتەوە و لەو ڕێگەیەوە چەکدار و چەکوچۆڵى قورس بەرەو سووریا و حیزبوڵای لوبنان دەگوازرێتەوە هەر بۆیە ڕوون و ئاشکرایە کە ئێران دەیهەوێت ناوەندی شەڕەکە لە تارانەوە بۆ بەغدا بگوازێتەوە و هەوڵ دەدات عێراق بکاتە ئاگردانێک بۆ ئەوەى خۆى لە بەرەنگاربوونەوەى ڕاستەوخۆى ئەمریکا بە دوور بگرێت. بۆیە بەرپرسانى عێراقی و گەلى عێراق پێویستە خۆیان لەو شەڕە کوشتارییەی نێوان ئەمریکاو ئێران بەدوور بگرن، هەروەها دەبێت عێراق لە هۆکارەکانى ئەو جەنگەش دابماڵرێت، ئەو هۆکارانەى کە پێشتر باسم کرد:

ـ یەکەم هەنگاوەکان دەبێت لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە بنرێت کە ئەویش هەڵوەشانەوەى ملشیاکانى حەشدی شەعبییە و تێکەڵکردنى بەشێک لە شارەزا و لێهاتووەکانى حەشدی شەعبی بە سوپاى عێراق و پۆلیس.

ـ هەروەها دواتر دەبێت عێراق دابماڵرێت لەو چەکانەى کە هێنراوەتە نێوى، بەتایبەت ئەو چەکانەى وێرانکەرن و سەرجەم چەکەکانیش لەدەستى دەوڵەت چڕ بکرێنەوە.

ـ جگە لەوانەش دەبێت سنووری عێراق بپارێزرێت و سەروەرییەکەى بهێڵدرێتەوە.

قەنبەر

ئاڤاتودەى: بەغدا مەترسیی لە هەڵگیرساندی شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن هەیە و ترسەکەشى لە پاڵپشتى هەندێک گرووپی حەشدی شەعبییە بۆ ڕژێمى ئێران دژى ئەمریکا. ئاخۆ عێراق دەتوانێت ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات؟

قەنبەر: پێویستە بەتووندی و سەختى مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە چارەنووسسازە بکرێت. نەکە تەنیا ئەو گرووپانەى کە پاڵپشتى ئێران دەکەن، بەڵکو چەندین کۆمپانیاى سەر بە سوپاى پاسداران لە ناوخۆى عێراقدا کار دەکەن پێویستە نەهێڵدرێن، چونکە سوپای پاسداران کەوتووەتە ژێر سزاکانى ئەمریکاوە.

هەندێک لە ئەندامانى ئەو ملشیایانە لە نێو سزاکانى ئەمریکادان و مووچەش لە دەوڵەت وەردەگرن، ئەمانە هەمووی کاریگەرى لەسەر ئەوە دەبێت کە دەوڵەتى عێراق و گەلى عێراق باجێکى گران بدەن، ئەگەری ئەوەش هەیە بەهۆى مامەڵەکردنییەوە لەگەڵ ئێران عێراقیش بخرێتە ژێر باری سزاکان. پێویستە حکومەتى عێراق، هەڵوێستێکى بەرپرسیارانە بگرێتە بەر، ئەگەر جۆرێک لە مەترسیشی لێ بکەوێتەوە، چونکە دەبێت ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکات، ئەگینا عێراق دەبێتە ئاگردانێک و تەڕو وشک پێکەوە دەسووتێن، تەنانەت خودی سیاسییەکانیش تەنانەت عادل عەبدولمەهدیش پێوەى دەسووتێت.

وەک چۆن گووتم، ئێران عادل عەبدولمەهدی و عێراقییەکانى بەلاوە گرنگ نییە، تەنانەت گوێش بە ئاسایشى گەلى عێراق نادات، بەڵکو لاى ئاسایی عێراق بسووتێت تەنیا لە پێناو ئەوەى کە ئێران لەو جەنگە دوورەپەرێز بێت. بەداخەوەش ئەوەش ڕوودەدات، هەروەها دەشڵێم ئێمە لەبەردەم وەرچاخێکى مێژوویین و دەبێت حکومەت بڕیارە چارەنووسسازەکانى بدات و حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، چ بەهێز یاخود بەفشاری سیاسی، ڕەنگە پێویست بە بەکارهێنانى هێزیش هەبێت، بۆ ئەوەى عێراق و گەلەکەى لەو مەترسییە بەدوور بن.

 

ئاڤاتودەى: باسى هەڵوەشاندنەوەى حەشدی شەعبیتان کرد، ئاخو قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس ئەمە قبوڵ دەکات، ئاخر بەشێکى ئەو گرووپانە لە عێراق بە سوپاى پاسدارانەوە بەستراونەتەوە؟

قەنبەر:  وەک چۆن حکومەتەکەى پلانى بۆ داڕشتووە، قاسم سولەیمانیش دەیەوێت جەنگەکە لە ئێرانەوە بۆ عێراق بگوازێتەوە، هەموومان وێنەو ڕاپۆرتەکانى قاسم سولەیمانیمان بینیوە کە بە کۆمەڵێک جەنگاوەرى عەرەبی شێعەى عێراق و لوبنان و یەمەنی دەورە دراوە، ئەوان شەڕەکە بە عەرەبی شێعە دەکەن و ئێرانییەکان بۆ شەڕ بە کار ناهێنن. عەرەبی شێعە فڕێ دەدەنە نێو ئاگردانەکە و خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، بۆ ئەوەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دانووسان بکەن. خۆ ماوەیەک گوێمان لێ بوو کە دایان فاینشتاین ـى جێگرى سەرۆکى لێژنەى ئەنجومەنى ئاسایشى پیرانى ئەمریکا کە لەگەڵ جەواد زەریف ـى وەزیرى دەرەوەى ئێران کۆ بووەوە. ئەوان لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکاو ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمریکا کۆ دەبنەوە، کەچى لەهەمان کاتیش گەنجانی شێعە بۆ شەڕکردن دژى ئەمریکا لە عێراق و سووریا و لوبنان هان دەدەن، بۆ ئەوەى لە ئاگردانى مردن بیانسووتێنن، تاوەکو خۆیان لە دوورەوە دانیشن.

بەداخەوە ئەم کردەوەیە، ترسنۆکانەیە، بەڵام ئەوە ناخی مەلاکانى تارانە، شۆڕش هەناردە دەکەن و خۆیان لە مەترسیی و شەڕ دوور دەگرن، بۆیە دەبێت عێراق خۆی بەدوور بگرێت، دوورەپەرێزیش بەقسە نابێت، بەڵکو بە هەڵوەشانەوەى حەشدی شەعبی و کۆکردنەوەى چەک لەدەستى دەوڵەت دەبێت.

قەنبەر ٢

ئاڤاتودەى: ماوە ماوە و لە نێو ململانێی ئەمریکا ـ ئێران کۆمەڵێک کەسایەتى دەردەکەون و پێش لە ئەمریکا هەڕەشە لەعێراق دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا دەوڵەت چاوپۆشییان لێ دەکات و کەسیش بە تۆمەتى ئاڵۆزکردنى ڕەوشى ناوخۆیی دەستگیر نەکراوە، کەسیش بە تومەتى هاندانى کوشتنى هاووڵاتیانی عێراق پێش ئەمەریکییەکان دەستگیر نەکراوە، بەڵام حکومەت بە بابەتى لاوەکییەوە خۆى سەرقاڵ کردووە، ئەم هەڵسوکەوتانە چۆن شی دەکەنەوە؟

قەنبەر: سیاسییەکانى عێراق لە حکومەتدا نە خاوەن ئیرادەن و نە خاوەن سەروەری، بۆیە دەبینى کۆمەڵێک ڕاگەیێنراوی ئیدانەکردن دژى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دەردەکەن و باسى ٢٠٠ ملیار دۆلاری سەرمایەى عەلى خامنەیی ڕابەرى کۆماری ئیسلامی و هێرشى مووشەکى ملشیاکان بۆ سەر ناوچەى سەوز ناکەن کە ئەگەرى ئەوەش هەیە بەرپرسانى عێراقیش بکوژێن، کەچى دەوڵەت هیچ ئیدانەیەکیشی دەرنەکرد، چ سەرۆکایەتى کۆمار، چ سەرۆکایەتى وەزیران.

ئەمە دووفاقییە لە مامەڵەکردن، چونکە هەر کارێک ئێران یاخود بریکارەکانى تاران ئەنجامی بدەن لێپرسینەوەى لەگەڵدا ناکرێت، لەهەمان کاتدا ئەمریکا ئەگەریش بەیاننامەیەک یاخود زانیارییەک بڵاو بکاتەوە، ئیدانەى دەکەن و هەڕەشەى لێدانى دەکەن، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە عێراق لە ڕەوشێکدا نییە بتوانێت خۆى لەو مەهزەلەیە بەدوور بگرێت. ئەمرۆ یەکێک لەگرووپە چەکدارەکان کە لایەنگرییەکى سەرسەختى ئێران و خامنەییە (مەبەستى قەیس خەزعەلی ڕێبەرى میلیشیاى عەسائیبی ئەهل حەقە)، مەهدی چاوەڕوانکراوى بە پنتاگۆنى ئەمریکاوە بەستەوە، وەک ئەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان پیلانگێری دژى مەهدی چاوەڕوان ئەنجام دەدات، ئەم جۆرە فاڵگرتنەوە وخورافاتە ناچێتە مێشکى کەسەوە.

ئەو کەسەش ١٤ پەرلەمانتاری لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەیە و دەسەڵاتداریشە لە بڕیاری سیاسی، چۆن دەکرێت دەوڵەت بەو هەموو خورافاتەو عەقلیەتەوە بەرێوە ببرێت، ئەمە مەترسیدارە و ئێستا لە جیهانێکى زۆر پێشکەوتووین. ئەمەش نیشانەى ئەوەیە پێویستە چینى سیاسەتڤانان بە تەواوەتى بگۆردرێن و دەست بە لەناوبردنى ملشیا شێعە تووندڕەوەکانى سەر بە ویلایەتى فەقێ بکرێت و، حەشدی شەعبیش هەڵبوەشێنرێنەوە، دەبێت عێراق لەچەکدارى پاک بکرێنەوە.

قەنبەر ٣

ئاڤاتودەى: ئایا لێدانێکى فیعلی هەیە لەلایەن ولایەتە یەگکرتووەکانەوە دژى ئێران، یاخود تەنها هەڕەشەو گۆرەشەیە؟

قەنبەر: نەخێر.. ئیدارەى ئەمریکاو خودی دۆناڵد ترامپ ـى سەرۆکى ئەمریکا جددین لەسەر ئەو پرسە، بەڵام کۆشکی سپی دەست بە جەنگ ناکەن ، بەڵکو وەڵام دەدەنەوە. ئەمەوێت بەبیر هەموو گەلى عێراق و گەلانى ناوچەکە بهێنمەوە، وەڵامدانەوەى ئەمریکا بۆ ئێران زۆر تووندو زیانبەخش دەبێت. وشەى "وەڵامدانەوە" نابێت گاڵتەى پێ بکرێت، چونکە وەڵامەکان گەورەو وێرانکار دەبن، بەرزبوونەوەى ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا لەناوچەى کەنداوى عەرەبی و فرۆکە هەڵگرەکان و کەشتى ئەبراهام لینکۆڵن و سەدان کەشتییە سەربازییەکانى دیکە، بۆ ئەو وەڵامدانەوەیەن. وەڵامدانەوەکان ئەوەندە گەورە دەبن، ئێران لە ڕووى سەربازییەوە ناچار چۆک دادات، لەهەمان کاتیشدا هێرشی زەمینى بۆ سەر ئێران هاوشێوەى ٢٠٠٣ ـى عێراق ئەنجام نادرێت، بەڵکو لێدانى گورزوەشین ڕوو دەدەن کە زیان بە ڕژێمى ئێران دەگەیێنن و دامەزراوە سەرکووتکەرەکەکانى ڕژێم و سوپاى پاسدارانى ئێران لەنێو دەبەن.