بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کێ میترا ئوستاد ژنى شارەدارە کۆنەکەى تارانی کوشت؟!

کێ میترا ئوستاد ژنى شارەدارە کۆنەکەى تارانی کوشت؟!
AvaToday caption
posted onMay 28, 2019
noبۆچوون

 

 کاتژمێری ۱۲ونیوی ئەمڕۆ ۷ی جۆزەردان میترا ئوستاد، هاوسەری دووەمی محەمەد عەلی نەجەفی؛ شارەداری پێشووی تاران لە بورجى ئارمیتا لە تاران کوژرا. غوڵامحوسەین ئیسماعیلى وتەبێژى دادوەرى باسى لەوە کردووە کە هێشتا هیچ تۆمەتبارێک بە کوشتنى میترا دەستبەسەر نەکراوە. پۆلیسى تاوان و ئاگاهى و پزیشکى دادوەرى لە شوێنى ڕووداوەکەن و خەریکى کۆکردنەوەى بەڵگەن. یەکێک لە دانیشتوانى بورجى ئارمیتا دەڵێت "ئێوە شوێنى هاوسەرى دووەمى نەجەفییە و کچەکەم گوێى لێ بووە کە دەمەقاڵەیەکى زۆریان هەبووە و دواتر گوێى لە دەنگى گوللە بووە".

 

پەریسا ساڵحی هەواڵنێری ئێنساف نیووز لە تویتێکدا ئاماژەی بە کوشتنى هاوسەری دووەمی محەمەد عەلی نەجەفی کردووە و گوتوویەتى "دوێنێ هاوسەری دووەمی نەجەفی لەگەڵ ئەم هەواڵدەرییە پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە و ویستوویەتى وتووێژمان لەگەڵ بکا، بڕیار بووە ئەمڕۆ بێت بۆ نووسینگە کە کوژرا".

کوڕەکەى میترا ئوستادى ژنى محەمەد عەلى نەجەفى لەبارەى کوژرانى دایکییەوە دەڵێت "من دەوروبەرى کاتژمێر ٩ى بەیانى لە ماڵ دەرکەوتم و کاتژمێر ١٢:٣٠ کە گەڕامەوە ماڵەوە تەرمى دایکمم لە نێو حەمامەکەدا دۆزییەوە". کوڕە ١٣ ساڵەکەى میترا باسى لەوەش کردووە کە "نەجەفى بەردەوام لە دایکمى دەدا و جارێکیش من ڕێگریم لێى کرد، دەستى شکاندم"، بە پێى ڕاپۆرتێکى شەرق کە لە ئینتخاب گواستوویەتییەوە "بڕیار وابوو لەگەڵ دایکم بچینە دەرەوە، من کە بە ئاژانس لە قوتابخانە گەڕامەوە پارەى ئاژانسم پێ نەبوو بۆیە لە ئاپارتمانەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەى پارەى ئاژانسەکە بدەم، کەچى دیتم دایکم کوژراوە". کوڕەکەى باسی ئەوەشى کردووە کە "مێردى دایکم ڕێگەپێدانى چەکى هەبوو و بەردەوام چەکى لە ماڵەوە پێ بوو. کە گەڕامەوە ماڵەوە، ژن و پیاوێک کە کچەکەى نەجەفى و شۆفێرەکەى بوون، خەریکى شکاندنى دەرگاى ماڵەوەمان بوون، هەر چۆنێک بێت کە هاتینە نێو ماڵەوە، دایکممان بە کوژراوى دۆزییەوە".

میترا

میترا لەگەڵ نەجەفى بەردەوام وێنەى ئاشقانەیان لێ بڵاو دەبووەوە

کە سەرپەرەستى دادوەرى کاروبارى تاران قسەى لەسەر کوژرانى ژنى دووەمى نەجەفى لە شووقەکەى خۆى لە ناوچەى سەعادەتئابادى تاران کرد، دەنگۆى ئەوە بڵاو بووەوە کە "ماوەیەک پێشتر میترا ئوستاد ژنى دووەمى نەجەفى بووە جێگەى سەرەنجى میدیاکان، هەر لەبەر بڵاونەبوونەوەى زانیارى نهێنى لە شارەدارە ڕیفۆرمخوازەکە ئەم کارە کراوە"، هەرچەندە دیار نییە کە کێ ئەم تاوانەى کردووە، بەڵام لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن کە دەستى عەلی نەجەفی؛ شارەداری پێشووی تاران لە نێو ئەم کارەساتەدا هەیە.

هەرچەندە نەجەفى خۆى بە چەند کەناڵێکى گوتووە کە کوژرانى هاوسەرەکەم لە حاڵى لێکۆڵینەوەدایە و هێشتا نازانرێت کێ کوشتوویەتى، بەڵام پرسیارى ئەوەى لێ کراوە کە دواهەمین جار کەى ژنەکەتان بینى، دەڵێت "من ئێستا سەرقاڵى کارێکم و ناتوانم قسە بکەم"، هەر ئەم قسەیە بووەتە جێگەى ئەوەى کە گومانى لێ بکرێت و وا بڵاو بووەتەوە "ئاخۆ چ کارێک لەوە گرنگترە کە ژنەکەت کوژرابێت و تۆ ئامادە نەبیت قسەى لەسەر بکەیت؟!"

میترا ٣

وێنەى ئاپارتمانەکەى کە میتراى لێ کوژراوە وئەو  ئۆتۆمبیلەى مەیتى میتراى برد

هەواڵدەرى ڕۆکنا بڵاوى کردووەتەوە کە "کاتژمێر ١٥:٤٥ خوولەک، پۆلیسى تاوان هاتنە نێو ماڵى کچەکەى نەجەفى و بۆیان دەرکەوت کە نەجەفى بەر لە هاتنیان هەڵاتووە"، هەواڵدەرى فارسیش بڵاوى کردووەتەوە کە هەندێک بەڵگە و شاهیدەکان نیشان دەدەن کە محەمەد عەلى نەجەفى دەستى لە کوشتنى ژنەکەیدا هەیە، بەوەى کە یادداشتێکى جێ هێشتووە و کەوتووەتە دەستى پۆلیسى تاوان.  لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کەس باس لەوە دەکەن کە نەجەفى هاوکات لەگەڵ کوژرانى ژنەکەى، لە فیلمى ئاسانسۆڕى بورجى ئارمیتا بینراوە و تەلەفۆنەکەشى ئێستا لە دەستى کەسێکى دیکەدایە و نایهەوێت قسە بۆ کەس بکات.

میترا ٢

وێنەى کوڕە ١٣ ساڵەکەى میترا و دەرگاى ئاپارتمانەکەى میترا کە جێگە پەنجەى پێوە دیارە

پاش دەستلەکارکێشانەوەکەى محەمەد عەلى نەجەفى، ژنە نوێیەکەى ئەم شارەدارە ڕیفۆرمخوازە پاش ٨ مانگ چەندین گفتوگۆ و قسەى لێ بڵاو بووەوە و پەردەى لەسەر هەندێک شت هەڵدایەوە و گوتى "هەر کەسێک دەتوانێت عاشق بێت و زەماوەند بکات، هەموو مرۆڤەکان تا ئەو کاتەى کە دەژین هەستى خۆشەویستییان لە وجودیان هەیە". میترا لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵى خەبەرى (امید مردم) باسى لەوە کرد "هەر مرۆڤێک ژیانێکى تایبەتى خۆى هەیە، چ دکتۆر نەجەفى و یا هەر کەسایەتییەکى دیکە، دروست نییە بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە ئەمەندە زەحمەتى بۆ وڵات و نیزام کێشاوە و بەگاڵتەوە پێى بگوترێت بۆ زەماوەندى کرد".

میترا گوتیشى "هەندێک دەڵێن ئەمانە لێک جیا بوونەتەوە و جیاوازى تەمەنیان هەیە، ئەم قسانە چین؟ ئەم قسانە دەکەن تا هەوڵى ڕووخانى دکتۆر نەجەفى بدەن، بەداخەوە تۆمەت دەخەنە پاڵ من کە من ژنى سیغەیی دکتور نەجەفیم لە کاتێکدا ئێمە گرێبەستى هاوسەرگیریمان کردووە و تەنانەت ئەگەر سیغەیش بین، هیچ کێشەیەکى نییە".

پۆلیس و میترا

وێنەى بورجى ئارمیتا و کۆبوونەوەى پۆلیس و خەڵک