بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

قاسم سولەیمانى لە باڵیۆزخانەى بەغدا خەریکى پێکهێنانى حکومەتى عێراقە

قاسم سولەیمانى لە باڵیۆزخانەى بەغدا خەریکى پێکهێنانى حکومەتى عراقە
قاسم سولەیمانى ڕاستەوخۆ و لە عێراق کاروبارەکان بەڕێوە دەبات
posted onAugust 18, 2018
noبۆچوون

سەرەڕاى گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر کۆمارى ئیسلامى ئێران، بەڵام ئەو وڵاتە بێ گوێدانە بنەما دیپلۆماتى و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان، لەم چەند رۆژەى ڕابردوو بە شێوەیەکى چڕ دەستى خستۆتە نێو کاروبارى عێراق، بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا حکومەتێکى نزیک لەدەسەڵاتەکەى لەبەغدا دروست بکات.

 

لەبەرامبەر ئەمەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش هەوڵەکانى خۆى خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەى ڕۆڵێکى سەرەکی لە پێکهێنانى حکومەتێکى هاوبەش و نزیک لە سیاسەتەکانى خۆى لە عێراق پێک بهێنێت. لەو بارەیەوە سەرکردەیەکى نزیک لە هاوپەیمانى سائیرون کە لە لایەن موقتەدا سەدرى سەرکردەى شێعە مەزهەبەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، ئاشکراى کردووە "قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودسى ئێران و بە یاوەرى شاندێکى باڵاى وڵاتەکەى، لە عێراقە" و ئاماژەشى بەوە داوە "تاران باڵیۆزخانەى خۆى لە بەغدا کردووەتە ژوورى ئۆپەراسیۆنى پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لە عێراق کە نزیک بێت لە ڕژێمەکەى".

ئەو سەرکردەیەى نزیک لە هاوپەیمانى سائیرون باسیشى لەوە کردووە کە "ئەوان هەوڵێکى زۆر دەدەن بۆ ئەوەى دووبارە ماڵى شێعە لەعێراق یەک بخەنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بە ئاسانى وەدى نایێت" و ئەوەشى گوتووە کە تاران لەسەر دوو ئاراستە کار دەکات:

یەکەمیان لاوازکردن و هەڵوەشانەوەى کوتلەى نەسرە کە حەیدەر عەبادی ڕابەرایەتى دەکات.

خاڵى دووهەمیش، دروستکردنی گەورەترین کوتلەى پەڕلەمانییە لە نێوخۆى عێراق بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى.

 

ئەم سەرکردە عێراقییەکە باسى لەوەش کردووە ئەوەى ئێستا لە گۆڕەپانى سیاسیی عێراقدا بەدی دەکرێت، کارکردنی ئێرانە لەسەر نوری مالیکی (سەرکردەى دەوڵەتى یاسا) و هادی عامری (سەرۆکى کوتلەى فەتح) و چەندین کەسایەتی شێعەى دیکە، "ئێستا سەدر لە ڕەوشێکى هەستیاردایە و، ئەگەرى دووبارەبوونەوەى هەمان سیناریۆى 2010ـى لێدەکرێت، بەڵام لەبری ئەیاد عەلاوی، موقتەدا سەدر کەوتووەتە نێو ئەو شەپۆڵە پاڵەپەستۆیەى ئێران و ئەمریکا".

سەرچاوە نزیکەکانى نێو ماڵى شیعە باس لەوە دەکەن سولەیمانى و شاندەکەى کار لەسەر دوورخستنەوەى فالح فەیاز، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق و حزبی فەزیلە لە کوتلەکەى عەبادی دەکەن، بۆ ئەوەى لە نێو کوتلەکەى مالیکی ـ عامری جێگەى بکەنەوە. بەو هەوڵەش فراکسیۆنەکەى عەبادی لە ڕیزبەندی سێیەمەوە بۆ ڕیزبەندی حەوتەمى لیستى پەرلەمانى عێراق دادەبەزێت، جەختیان لەوەش کردووەتەوە "داڕمان و بچووکبوونەوەى کوتلەکەى عەبادی، تەنها پێویستى بە کاتە".

 

سولەیمانى دەیهەوێت مالیکى و عامرى یەک بخات دژ بە عەبادى

سولەیمانى دەیهەوێت مالیکى و عامرى یەک بخات دژ بە عەبادى

 

لەلایەن خۆیەوە حاکیم زاملی، سەرۆکى پێشووى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و، نزیک لە موقتەدا سەدر بە ڕوونى باس لە جیاوازییەکانى ماڵى شیعەى عێراقی دەکات. گووتیشى "ئێستا ئەوەى هەیە ململانێیە لەسەر دروستکردنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان و، دوو گرووپی دیاریش هەیە کە بریتین لە سائرون، حیکمە و نەسر، لەبەرامبەر ئەوانیشدا فەتح و دەوڵەتى یاسا هەیە، هەردوو لایەنیش دەیانەوێت نازناوی گەورەترین فراکسیۆن بەدەست بهێنن".

چاودێرانى ڕەوشى سیاسی عێراق پێیان وایە نزیکترین هاوپەیمانى لەنێو فراکسیۆنەکان سائرون، حیکمە و نیشتیمانییە، کە توانی تێپەراندنى دابەشکارییە تایفییەکان ببن، بە بێ ئەوەى بتوانن چارەسەرێکى ڕیشەیی بۆ ئاڵۆزییەکانى وڵات بدۆزنەوە، بەڵام دەتوانن سنوورێک بۆ دەستێوەردانى دەرەکیی دانێن. سووریشن لەوەى هیچ لایەنێک ناتوانێت فراکسیۆنى سائیرون لە نەخشەى سیاسی دوور بخەنەوە، ئەگەر نا وڵات دووچارى داڕمان و گێژاوی سیاسی دەبێتەوە.

 

فراکسیۆنى سائیرون، یەکێکە لەو فراکسیۆنەى کە ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا دژایەتى خۆى بۆ دەستێوەردانى دەرەکیی ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئێرانەوە. لە بەرامبەریشدا برێت ماکگۆرک، نێردەى سەرۆکى ئەمەریکا بۆ جەنگی دژى داعش لە عێراق، هەوڵەکانى خۆى لەگەڵ سەرکردە شێعەکان، سوننە و کوردەکان چڕتر کردووەتەوە، بۆ ئەوەى لە چەند کاتژمێری داهاتوو، بتوانن گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى دروست بکەن و، کاریش بۆ حکومەتێکى هاوبەش لەعێراق بکەن.

 

هەوڵەکانى واشنتۆن لە عێراق ئامانجی ڕاکێشانى بەغدایە بۆ سنوورى خۆى. ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژى رابردوو پەیمانگەى واشنتۆن بۆ سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دیبەتێکى سیاسییدا ئاشکراى دەکات "ئێران لە ڕێگەى کۆمەڵێک بەڵێن بە سەرکردە کوردەکانى هەرێمى کوردستان، لە هاوپەیمانى مالیکی ـ عامری، نزیکتر ببنەوە لەوەى لەهاوپەیمانى عەبادی ـ سەدر". شیکارەکانى ئەو پەیمانگەیەش باسى لەوەش کرد " تاران لە بەغدا زیاتر دەستى لە نێو کاروباری حکومەتى کوردستاندا هەیە".