بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کوردێک لە دوورگەى بابوا گینیا ڕۆمانێک بڵاو دەکاتەوە

کوردێک لە دوورگەى بابوا گینیا ڕۆمانێک بڵاو دەکاتەوە
لەم دوورگەیەى ئوسترالیا مامەڵەى توند و زیندانیانە لەگەڵ پەنابەران دەکرێت!
نێوى کتێبەکەى "جگە لە چیاکان هیچ هاوڕێیەک نییە"ـە.
posted onAugust 16, 2018
noبۆچوون

 

دواى ئەوەى حکومەتى ئوسترالیا ڕێکارێکى توندی گرتووەتە بەر بەرامبەر ئەو پەنابەرانەى بێ بەڵگە و بە نافەرمى ڕوو لەو وڵاتە دەکەن، پەنابەرێکى کورد لە ڕێگەى بەرنامەى واتس ئاپی مۆبایلەوە ڕۆمانێکی بڵاو کردەوە.

کانبێرا، کە ساڵانێکی  زۆرە سیاسەتى دژ و توندى بەرامبەر پەنابەرانى بیانى گرتووەتەبەر، ڕێگریشە لە هەر گەیشتنێکى بە قاچاخ بۆ وڵاتەکەى. زۆربەى ئەوانەى بە نایاسایی دەگەنە کەنارەکانى ئوسترالیا، ڕاستەوخۆ هێزە ئەمنییەکانى ئەو وڵاتە دەیانگوازنەوە بۆ دوورگە دوورەکانى وەک بابوا گینیاى نوێ.

ڕۆمانى "جگە لە چیاکان هیچ هاوڕییەک نییە".

ڕۆمانى "جگە لە چیاکان هیچ هاوڕییەک نییە".

 

بەهرۆز بووچانى، یەکێکە لەو پەنابەرە کوردانەی کە ماوەى ٥ ساڵە لە دوورگەى مانۆسى بابوا گینیاى نوێ دەستبەسەر کراوە. بووچانى لە ئایاری 2013 بە هۆى هەڵکوتینە سەر گۆڤارى ویریا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کە ئەو کارى تێدا دەکرد، بەرەو ئەندەنووسیا هەڵات و لەوێشەوە چووە ئوسترالیا و داواى مافی پەنابەریەتى کرد.

 

بەڵام پێش گواستنەوەى بۆ ئەو دوورگەیە، لە دوورگەى کریسماس دەست بەسەر کرا و ڕێگەى هاتووچۆیشى لێ قەدەغە کراوە. ئەو پەنابەرە کوردە کە پێشتر کارى ڕۆژنامەوانى دەکرد، لە ڕێگەى کورتە نامەى واتس ئاپ، کە ڕەوانەى هاوڕێیەکى خۆى دەکرد، ڕۆمانى (جگە لە چیاکان هیچ هاوڕێیەک نییە)، بڵاو کردەوە. پەنابەرە کوردەکە لە بارەى شوێنى دەستبەسەرکردنى  بە "زینداییەکى بچووک لەگەڵ پێنج پەنابەرى دیکە" وەسف دەکات.

 

بووچانى کە بە نهێنى و بێ ئاگادارى دەسەڵاتدارانى کەمپەکە مۆبایلى هەڵگرتبوو، توانى کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەى شوێنەکەى بڵاو بکاتەوە و تێیدا پەیامى ئەوەى دابوو کە "سوپاستان دەکەین پێمان بڵێن ئێستا چ کاتێکە". رۆژنامەنووسە کوردەکە لە ڕێگەى واتس ئاپ، سەرجەم دەقەکانى ڕۆمانەکەى بۆ هاوڕێیەکى ئوسترالی ناردووە بۆ ئەوەى لە زمانى فارسییەوە بیکاتە ئینگلیزی.

بەهروز بووچانى کە وەک پەنابەر و لە ڕێگەى واتس ئاپەوە ئەم ڕۆمانەى ڕۆژ بە ڕۆژ ناردووە بۆ هاوڕێکەى

بەهروز بووچانى،  لە ڕێگەى واتس ئاپەوە ئەو  ڕۆمانەى ڕۆژ بە ڕۆژ ناردووە بۆ هاوڕێکەى.

 

لەو بارەیەوەش دەشڵێت "هەمیشە دوودڵ بووم لە نووسینى سەر کاغەز، چونکە ئەگەرى ئەوە هەبووە دەسەڵاتداران بیدۆزنەوە و بیدڕێنن، ئەمەش وای لێکردووم لە ڕێگەى مۆبایلەوە ڕۆمانەکەم بنووسم و واتس ئەپیش وەک دەفتەرى تێبینیەکانم بووە". ئاشکراشی کردووە " شەوی وا بووە، توانیومە لاپەڕەیەک یا دوو لاپەرە بۆ وەرگێرەکە بنێرم".

 

ڕۆمانى (جگە لە چیاکان هیچ هاوڕێیەک نییە) کە گەلاوێژى ئەمساڵ بڵاو کراوەتەوە، کۆمەڵێک شیعر و پەخشان و داستان و چیرۆکى فلکلۆری و شیکردنەوەى سیاسی و دەروونى لە خۆ گرتووە. یەکێک لە ڕەخنەگرانى ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانی لەبارەی ڕۆمانەکەوە دووپاتی کردووەتەوە "ناتوانرێت کتێبەکەى بووچانى لە ڕیزبەندێکى دیاریکراودا جێگیر بکرێت"، بەڵام خودی نووسەرى ئەو ڕۆمانەش گووتى " ئومێدەوارم ئەوانەى ئارەزووى خوێندنەوەى کتێبەکەم دەکەن، وەک پارچەیەکی هونەرى تەماشای بکەن". باسیشى لەوە کردووە "پارەم بەلاوە گرنگ نییە، ڕەنگە لە داهاتوو بە شێوەیەکى جیاوازتر بیر بکەمەوە، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ بەلامەوە گرنگە، ئەرکە ڕۆماننووس و ڕۆژنامەوانییەکەمە کە بە هۆیانەوە ڕاستییەکانى شوێنى زیندانیکردنمان و مامەڵە خراپەکانى حکومەتى ئوسترالیا نیشان بدەین".

کەمپى مانۆس لە دوورگەى بابا گینیاى نوێ، وەک زیندانێکى لێ هاتووە بۆ پەنابەران!

کەمپى مانۆس لە دوورگەى بابوا گینیاى نوێ، وەک زیندانێکى لێ هاتووە بۆ پەنابەران!

 

نووسەرى ڕۆمانى (جگە لە چیاکان هیچ هاوڕێیەک نییە) پێی وابوو "جوانى سروشتى دوورگەى مانۆس واى لێ کردووین خۆڕاگر بین بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپانەى لەگەڵمان ئەنجام دەدرێت". پەنابەرە کوردەکەى دوورگەکەى بابا گینیای نوێ باس لەوەش دەکات "چاوی لەوەیە پاش ٥ ساڵ زیندانیبوون ئازادی بەدەست بهێنێت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵى 2016 دادگاى دوورگەى بابوا گینیا نوێ دووپاتی کردەوە "ئۆردوگاى دەستبەسەراگرتنى دوورگەى مانۆس دەستووری و یاسایی نییە"، بەڵام حکومەتى کانبێرا تا ئێستا هیچ خشتەیەکى دیاریکراوی بۆ گواستنەوەى پەنابەران دەستنیشان نەکردووە.