بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمەڵى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان خەریکى ڕێکخستنە

کۆمەڵى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان خەریکى ڕێکخستنە
AvaToday caption
posted onMay 16, 2019
noبۆچوون

 

بە پێى زانیارى گەیشتوو بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان کە عەلى باپیر لە باشوورى کوردستان ڕابەرایەتى دەکات و حزبێکى ئیسلامى توندئاژۆیە، لە شارى تازاواى سەلاسى باوەجانیی پارێزگاى کرماشانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان خەریکى پڕوپاگندە و کارى ڕێکخستن و ئەندامگیرى دەکەن.

 

دانیشتوویەکى شارى تازاوا بە ئاڤاتودەى گوت "ترسى ئەوەمان هەیە کە ئەم پڕوپاگندە و ئەندامگیرییەى کۆمەڵى ئیسلامى، بە هاوکارى کۆمارى ئیسلامى بێت بۆ ئەوەى لە پاشەڕۆژ ببنە دژبەرى حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بکەن و بۆ دژایەتى نیشتمانپەروەرەکان گۆڕەپانەکەیان بۆ بکەنەوە". چالاکێکى فەرهەنگى شارەکەش گوتى"لە پڕوپاگندەکانیشیاندا لە مزگەوتەکان عەلى باپیرى کۆمەڵى ئیسلامى وەک کەسێکى موقەدەس و کوردێکى موسڵمان و ڕابەرى ڕاستەقینەى گەلى کورد نیشان دراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە عەلى باپیر و حزبەکەى لە باشوورى کوردستان چەندین تۆمەتى تیرۆریستییان دراوەتە پاڵ و وەک حزبێکى توندئاژۆى ئیسلامى ناسراوە.

شایەنى باسە، کەناڵى ئاسمانى پەیام کە کەناڵى کۆمەڵى ئیسلامییە، چەندین ڕاپۆرتی لەگەڵ ئەنجوومەنە فەرهەنگییەکانى شارى بۆکان و پیرانشار ئەنجام داوە و هەوڵى داوە کە لەم ڕێگەیەوە سەرنجى لاوانى ڕۆژهەڵات بۆ خۆى ڕابکێشێت. هەرچەندە لە کارنامەى کۆمارى ئیسلامیدا شتى لەم شێوەیە نامۆ نییە و لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوودا بە دروستکردن و ڕێگەواڵاکردن بۆ گرووپەیلى تیرۆریستى و توندئاژۆی ئیسلامى، هەوڵى لاوازکردنى بەرەى نیشتمانپەروەران و حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى داوە لەم ماوەیەشدا کە گێرمەوکێشەکانى نێوان ئەمریکا و ڕژێمى ئێران گەیشتوونەتە چڵەپۆپە، سوپاى پاسداران چەندین فەیلەق و هێزى بریکارەکانى خۆى وەک فاتمیون و زەینەبیوون و حیزبوڵاى لوبنان و حەشدى شەعبی بردووەتە نێو خاکى ئێرانەوە بۆ ئەوەى لە ئەگەرى هەر ڕووداو و ڕاپەڕینێکدا بۆ سەرکوتى خەڵکى ئازادیخواز و شۆڕشگێڕى گەلانى ئێران بەکاریان بهێنێت.

پەیام