بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سیستانى دەیهەوێت وڵاتەکەى لە پاشکۆیەتى ئێران بهێنێتە دەرەوە

سیستانى دەیهەوێت وڵاتەکەى لە پاشکۆیەتى ئێران بهێنێتە دەرەوە
AvaToday caption
posted onMay 15, 2019
noبۆچوون

 

لە هەفتەى رابردووەوە، گۆڕەپانى ناوخۆى عێراق جموجۆڵێکى چڕو خێراو لەناکاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لەنێو سەرکردە سیاسییە باڵادەستەکانى بەغدا و پەرلەمانتارێکى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەران نزیک لە گەورە مەرجەعی شێعەکانى ئەو وڵاتە، کە قسەو باسى گەورەى بەدواى خۆیدا هێناوە.

 

عەبدولهادی حەکیم پەرلەمانتاری پێشوو و نێردراوى عەلى سیستانی گەورە مەرجەعی شێعەکانى عێراق لەهەفتەى رابردوو زنجیرەیەک کۆبوونەوەى لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران، بەرهەم ساڵح سەرکۆمارو مەحمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمان ئەنجام داوە، بەڵام بەبێ ئەوەى ناوەرۆکى ئەو کۆبوونەوانەو هۆکارى سەردانە لەناوەکەى حەکیم بکرێت. تەنانەت زۆربەى میدیاو راگەینراوەکان باسیان لەپۆستەکەى حەکیم نەکردووە، کاتێک چاوی بەهەرسێ سەرۆکایەتییەکە کەوتووە.

بەشێک لە سەرچاوە سیاسییە باڵاکانى بەغدا رایانگەیاندووە "حەکیم نامەى زۆر گرنگی لە مەرجەعیەتی ئایینى بۆ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق پێبووە، گرنگترینیان بۆ عەبدولمەهدی بووە". بە پێی قسەکانى سەرکردەیەکى هاوپەیمانى چاکسازی "حەکیم دواى یەکەم دیدارى بەعەبدولمەهدی پەیامێکى مەرجەعیەتى پێبەخشووە، بەوەى تووندو بەهێزتر بێت لەبڕیاردان، هەروەها لەبەردەم فشاری پارتەکانیش چۆک دانەدات، کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان فشار دەکەنە سەری".

سەرۆکایەتییەکان

دووپاتی کردووەتەوە " هاوکات لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى حەکیم بۆ سەرۆکوەزیران، تایبەت بووە بەقەیرانەکەى ئێستای تاران و واشنتۆن، کە پێویستە عێراقی لێ دوور بکرێتەوە"، چونکە " گەلى عێراق ماندووبووەو، هیچ کێشەیەکى ئەمنى دیکەى ناوێت". لەبارەى گرووپە چەکدارەکانى نزیک ئێرانیش مەرجەعیەتى باڵاى شێعەکان قسەى خۆى کردووە، بەڵام دیار نییە تاچەند پابەند دەبێت بەو پرسە.

سەرچاوە میدیاییەکان هێمایان بەوە کردووە "لەگفتوگۆییەکاندا باس لە فشارى سەرکردە سیاسییەکان بۆ سەر مەرجەعیەتى ئایینى کراوە، بۆ ئەوەى عەبدولمەهدی لە پۆستەکەى دوور بخرێتەوە، چونکە وا تێگەیشتوون کە رۆڵیان هەبووە گەیاندنى سەرۆکوەزیران بەو پۆستە".

عەبدولمەهدی، داواى پاڵپشتى زیاترى مەرجەعیەت کردووە بۆ حکومەتەکەى، چونکە پێی راگەینراوە کە ئەوان "لەئەداى حکومەتەکەى لەکۆمەڵێک کەیسدا لێی رازی نین، بەتایبەت پرسى خزمەتگوزارییەکان". ئەوەى جێی سەرەنجی میدیاو چاودێران بووە " راگەینراوى هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق لە پێشوازیکردنى عەبدولهادی حەکیم، یەک شێوە و ناوەڕۆک بووە، بە جۆرێک سەرۆکایەتى وەزیران باسى لەگفتوگۆى ناوخۆیی جۆراجۆرو خزمەتگوزارییەکان و پلانى حکومەت کراوە، لە سەرۆکایەتى پەرلەمانیش باس لە ڕەوشى سیاسیی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنى حکومەت لە جێبەجێکردنى خزمەتگوزارییەکان و هاریکارى کۆمەڵایەتى،  سەرۆکایەتى کۆماریش باسى لە نمایشکردنى ڕەوشى سیاسی ناوخۆیی و، حکومەت و پەرلەمان کراوە".

فەتاح ئەلشێخ، سەرکردەى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا، بەسەرۆکایەتى نوری مالیکی، جێگرى سەرۆککۆمارى پێشوو باسی لەوە کردووە "سەردانەکەى عەبدولهادی حەکیم بۆ هەرسێ سەرۆکایەتى، بۆ گەیاندنى نامەیەک بووە بەوەى ، پێویستە بەغدا نەبێتە لایەنگری هیچ لایەنێک کە یەکێکیان دەدرۆێن". هەروەها پارێزگارى لەپەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگییەکان لەگەڵ هەمووانیش جێبەجێ بکات".

سیستانى و خامنەیی

ئەلشێخ داواشى لەو سیاسییانە کردووە کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە " زۆر هۆشیارترو ئاگادارتر بن و، نەکەونە دواى ئیستفزاز کردن و، پەلکێشکردنى حکومەت بۆ بابەتێک کۆتاییەکەى دیار نەبێت". رووی قسەکانى سەرکردەکەى دەوڵەتى یاسا تایبەت بوو بۆ ئەوانەى لە پەیکەربەندی حکومەت و دەسەڵاتن، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ تاران هەیە.

عەلى غالب، پسپۆڕی کاروبارى سیاسی عێراقی لەلێدوانێکیدا ئاشکراى دەکات "ناکۆکییەکى شاراوە لەنێوان نەجەف و تاران هەیەو، ئەگەرى ئەوە هەیە بەمنزیکانە بتەقێتەوەو ئاشکرا ببن". پێی وایە هەڵوێستى سیستانى لەدوور گرتنى هەر گرێبەستی پاکتاوی یاخود مساوەمەکردن لەلایەن ئیرانەوە دیارە.

بەتایبەت لە پرسى کۆکردنەوەى خۆبەخش بۆ ملشیا ئێرانییەکان تاوەکو لەسووریا لەپاڵ رژێمەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى ئەو وڵاتە شەڕ بکەن، ئەمەش پێچەوانەى هەڵوێستى نەجەف بووە لەدەستێوەردان لە کاروبارى وڵاتانى دیکە. غالب دەشڵێت "ئەمرۆ عێراقییەکان تاقەتى گوێبیستى دەنگی بەرگری بۆ ئێرانیان نییە، بەتایبەت لەلایەن سیاسی و فەرماندەى گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەتتر دانیشتووانى باشوور، چونکە هەڵوێستەکانى مەرجەعیەت پاڵپشتیەکى تەواوی شەقام بەدەست دەهێنێت".

عەبدولهادی حەکیم، کوڕى مەحمەد تەقی حەکیم، گەورە پیاوی ئایینى عێراقییەو، لە دواى داگیرکردنى عێراق لە ٢٠٠٣ هاتۆتە نێو کایەى سیاسییەوەو، ئەندامى نووسینەوەى دەستوورى عێراقی بووە، بەڵام دواتر لەپرۆسەى سیاسی دوورکەوتەوەو، ئەم سەردانەى دواییشدا مشتومڕێکى زۆرى بەدواى خۆی دروست کرد.