بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمەریکا هێزەکانى دەخاتە ئامادەباشییەوە

ئەمەریکا هێزەکانى دەخاتە ئامادەباشییەوە
AvaToday caption
posted onMay 15, 2019
noبۆچوون

 

سوپاى ویلایەتە یەکگرتووەکان دووبارە مەترسییەکانى خۆی بۆ "ئەگەرى هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە عێراق، لەلایەن ملشیا شێعەکانى سەر بە ئێران" دووپات کردووەتەوە و حاڵەتى ئامادەباشی تەواویشى ڕاگەیاندووە.

 

لە ڕاگەیێنراوێکدا باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا بڵاوى کردەوە "وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا فەرمانى کردووە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەى زۆر پێویست نین، عێراق جێ بهێڵن". هاوکات کونسوڵخانەى واشنتۆن لە هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستان، پشتبەستن بە بڕیارەکانى باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا "پێدانى ڤیزایان بە شێوەیەکى کاتى هەڵپەساردووە"، ڕوونیشی کردەوە "حکومەتى ئەمەریکا توانایەکى سنووردارى هەیە لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانى ئەمەریکا لەعێراق".

بەشێکى ڕاگەیێنراوکە داواشى لەو هاووڵاتیانە کردووە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە "بە زووترین کات بگەڕێنەوە ئەمریکا"، بەڵام فەرماندەیەکى بەریتانی لەنێو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى پاشماوەکانى داعش لە سووریاو عێراق، ڕەتی دەکاتەوە "بەرزکردنەوەیەک بەرامبەر هەڕەشەیەک لەلایەن گرووپە چەکدارە نزیکەکانى ئێرانەوە هەبێت".

لیدوانەکانى کریس جیکا، مێجەر ژەنەراڵی بەریتانی لەگەڵ هۆشدارییە خێراکانى واشنتۆن کە پێیان وایە "هەڕەشەى بەردەوام و چڕ لە ئێرانەوە روویان لێدا دەکات"، لەبەرامبەریشدا کۆمارى ئیسلامی ئێران، دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکان شەڕێکى دەروونى بەرپا کردووە" و بەو هۆیەوەش فەرماندەیەکى گەورەى سوپای پاسداران هەڕەشەى وەڵامدانەوەى هەنگاوە شەڕانگێزییەکانى ئەمەریکاى کردووە.

ئەمریکا و هێز

جموجۆڵەکانى واشنتۆن لە ناوچەکە مەترسییەکى گەورەی بۆ رژێمى ئێرانى دروست کردووەو، هەموو هەوڵێکیشى بۆ ئەوەیە فۆکسى جیهان لەسەر خۆى لابەرێت، بۆیەش لەماوەى کەمتر لە هەفتەیەکدا دوو کەرتى هەستیارى وزە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کرانە ئامانج.

سەرەتاش چوار کەشتى نەوتى لەبەندەرى فوجێرەى ئیماراتى رووبەرووى تەقاندنەوەیەک بوونەوە، بەبێ ئەوەى زیانى گیانى لێبکەوێتەوەو، کاریگەریش لەسەر نەوتە بارکراوەکەى بکات. دواى دوو رۆژ لەو ڕووداوەش، ملشیای حوسییەکان لە یەمەن لەرێگەى فرۆکەیەکى درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشیان کردە سەر بۆڕییەکى نەوتى سعودیەو، تەقاندیانەوە.

بۆ دەربازبوونیش لەو قەیرانەى بەرۆکى گرتووە، عەلى خامنەیی، رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی گووتى "سەرەڕاى ناکۆکیی و ناسەقامگیرییەکان، کە بەهۆى سزا ئەمریکییەکان و، توانا ئەتۆمی و بەرنامە مووشەکییەکانیەوە دروست بووە، تاران هەوڵى شەڕ لەگەڵ واشنتۆن نادات". فەرماندەى ناوەندی ئەمریکییەکان لەبارەى لێدوانەکەى ژەنەراڵەکەى لەندەن روونیکردەوەى بڵاوکردۆتەوە.

کاپتن بیل ئەوربان، گوتەبێژى فەرماندەى ناوەندی سوپاى ئەمەریکا گووتى "لێدوانەکانى ئەمدواییەى فەرماندەى هاوپەیمانان، پێچەوانەى هەڕەشە سەلمێنراوەکانى دەستى هەواڵگرى ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانە، کە لە ئێرانەوە سەرچاوەى گرتووە لەناوچەکە".

هێماشى بەوەکردووە " هاوپەیمانى کە لە سووریاش کار دەکات " ئاستى جێگیربوونى هێزەکانیان بەرز کردەوە"، ئەمەش زاراوەیەکە وەک نیشانەیەک بۆ پاراستنى هێزەکان لەهەر ئەگەرێکى هێرشی چەکداری بەکاردێت. ئەوربان باسى لەوەش کردووە " ئۆپەراسیۆنى عەزمى تووند، لەبەرزترین ئاستى ئامادەباشیدایە و، هاوکاتیش چاودێریی وردی ناوچەکە دەکەین لەهەر هەڕەشەیەکى بۆ هێزەکانى ئەمەریکا لەعێراق".

هێزى ئەمریکااا

ئۆپەراسیۆنى عەزمى تووند، هەمان ئۆپەراسیۆنە کە دژى چەکداران و پاشماوەکانى داعش بە کار دێت. جیکا سوور بووە لەوەى هیچ هەڕەشەیەکى نوێ لە ئێرانەوە نییە و دەشڵێت "نەخێر هیچ هەڕەشەیەکى بەرزتر لەلایەن هێزە پاڵپشتی کراوەکانى ئێران لە عێراق و سووریا نییە، ئێمە ئاگادارى شوێن و پێگەیانین و، بە وردیش چاودیرییان دەکەین، چونکە ئەوە ژینگەى ئێمەیە لێرە"، بەڵام کاتێک زانیارییە سەلمێنراوەکان خرایە بەردەم ئەو ژەنەرالە بەریتانییە، ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بە ڕۆژنامەنووسان بدات.

هەر لەو بارەیەوەش ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەلماندنى هەڕەشەکانى بەرامبەر هەر ئەگەرێکى هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانى خۆى یاخود هاوپەیمانانى، کەشتى فرۆکەهەڵگرو فرۆکەى بی ٥٢ و مووشەکى پاتریۆتى ڕەوانەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرد. هاوکات ئەو جموجوڵانەش وەک نیشاندانێکى هێزە لەلایەن کۆشکى سپییەوە بەرامبەر رژێمى ئێران.

بەشێک لە ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمەریکا (کۆنگرێس)، ڕەخنەیان لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان گرتووە، بەوەى "ئاگاداری هیچ زانیارییەکى ورد نین، لەو ناکۆکییەى لەگەڵ ئێراندا هەیە"، تەنانەت بەشێک لەکۆمارییەکانی کۆنگرێس ڕەخنەی ئەوەیان هەبوو " هیچ زانیارییەکیان لەبەردەست نییە".

یاسادانەرەکانی واشنتۆن، لەنێویاندا هاوڕێیەکانى ترامپ لەنێو پارتى کۆمارى داوایان کردووە " بەشێوەى نهێنیش پێویستە زانیاریی ئەو هەڕەشەو بڕیارەکانى ئیدارەى کۆشکى سپی لەبەردەست بێت". دووپاتی دەکەنەوە ئیدارەکانى پێشوو بەشێوەى وەرزی کۆنگریسى لەسەرجەم پرسە گەورەکانى ئاسایشى نەتەوەیی ئاگادار دەکردەوە. لەسەر ئاستى ناوخۆییشدا بەرپرسێکى پێشووى حکومەتى عێراق ئاشکراى دەکات "ملشیاکانى حەشدی شەعبی لایەنگیری ئێرانن لەوەى پشتگیرى لە عێراق بکەن".

ئەمریکا هێزی

بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆکى پێشووتری سەرۆک وەزیرانى حکومەتى بەغدا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەڤزیۆنیدا هۆشداریی داوە لەوەى "عێراق ببێتە گەورەترین زەرەرمەندی جەنگی یاخود ململانێی ئێران و ئەمەریکا". گووتیشى " ئەگەر ئەوە هیزە گرووپەکانى نێو حەشدی شەعی دەوڵەتى عێراق لەو پرسە تێوەبگڵێنن و، ملکەچى بڕیارى تاران بن و، دژى بڕیارەکانى بەغداش بوەستنەوە".

ئەعرەجی، کەیەکێکە لەکەسایەتیە نزیکەکانى موقتەدا سەدر، ڕەوتى سەدر جەختى لەوەش کردووەتەوە " ەترسیی هەیە وڵاتەکەى ببێتە گۆڕەپانى جەنگی واشنتۆن و تاران و، بەشێک لە حەشدی شەعبیش کە لایەنگیرییان بۆ ئێران هەیە، بەشداری ئەو پرسە بکەن".