بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

زۆرێک لە بەرپرسە شێعە عێراقییەکان دژى گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێرانن

بەرپرسە شێعە عێراقییەکان دژى گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێرانن
هەندێک بەرپرسى نێزیک لە ئێران لە ترسى ئەمریکا ناوێرن نێزیکى خۆیان لە کۆمارى ئیسلامى ئاشکرا بکەن
posted onAugust 8, 2018
noبۆچوون

دووشەممە ١٥ى گەلاوێژ، قۆناغى یەکەمى گەمارۆکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیان پێ کردەوە. پڕیشکى مایەپووچى ئابوورى ئێران دراوسێکانیشى دەگرێتەوە. عێراق بە یەکێک لە نێزیکترین دراوسێکانى ئێران دادەنرێت، چونکە زۆرینەى دانیشتوانى شێعەن و ئێران دەستێکى بەهێزى لە نێو بەرپرسە گەورەکانى ئەو وڵاتەدا هەیە.

 

زۆر بازرگانى عێراقی بە هۆى ئەم گەمارۆیانە و دابەزینى بەهاى تمەن تووشى زەرەر بوونەتەوە. ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردەوە "بە هۆى شکانى دراوى ئێران، زۆر لەو عێراقیانەى پارەیان لە بانکەکانی ئێران داناوە، نیوەی سامانەکەیان لە دەست داوە".

فوئاد مەعسووم سەرۆککۆمارى عێراق کە سەرکردەیەکى یەکێتى نیشتمانیشە گوتى "نابێت عێراق ببێتە بەشێک لە ململانێکانى ناوچەکە و ناتوانێت پابەند بێت بە گەمارۆکانى واشینتۆن دژ بە تاران"، لە بەرامبەردا حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامى حزبی دەعوەى ئیسلامى گوتى "ئێمە دژی سزاین لە ناوچەکە، بەڵام لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان پابەند دەبین پێوەیان".

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و جێگری سەرۆککۆماری عێراق گوتى "گەمارۆکان کارێکی تۆڵەکردنەوە و دڵرەقانەن، چونکە ئامانج لێیان برسیکردنی گەلێکی موسڵمانە و دژایەتی سیستمی کۆماری ئێسلامی ئێرانە".

موقتەدا سەدر سەرۆکى کوتلەى سەدر، کە لەگەڵ خۆپێشاندەرانى شارەکانى خوارووى عێراق و بەغدادبوو. ئەوان دژى بەرپرسانى عێراقى سەر بە ئێران و دژى کۆمارى ئیسلامى دروشمیان دەدا. سەدر کە وا خۆى نیشان دا دژى ئەمریکا و ئێرانە، تا ئێستا قسەى لەسەر ئەم گەمارۆ ئابووریانە نەکردووە.

عەمار حەکیم سەرۆکى ڕەوتى حیکمە، گوتى کۆمارى ئیسلامى نزیکەى ١٣٠٠ کیلۆمەتر سنوورى هاوبەشى لەگەڵ عێراق هەیە و "ئەرکى دینى و ئەخلاقى ئێمەیە لە تەنیشت ئێرانەوە بوەستین، ئێران بە حیکمەت و هۆشمەندى ڕابەرەکەى (مەبەستى خامنەییە) بەسەر ئەم قەیرانەدا سەردەکەوێت".

لە هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەت بە شێوەى فەرمى قسەى لەسەر گەمارۆ ئابوورییەکان کرد و گوتى "دەبێت ئەمریکا بۆمان ڕوون بکاتەوە کە گەمارۆکان چین و ئێمەش لە چوارچێوەى عێراق پابەند بین پێوەیان".

بەرپرسانى عێراق بەهۆى شێعەبوون و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى، لە ئێران نێزیکتر دەبنەوە تا ئەمریکا. عێراقیان زۆر گوێ نادەنە هاوکارییەکانى ئەمریکا کە لە بن دەستى سەدام حوسەین ڕزگاری کردن. لە بودجەى سەربازى ٢٠١٩ى ئەمریکا، ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ سوپاى عێراق و ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هێزى پێشمەرگە تەرخان کرداوە. ئەمریکا هاوکارى شکاندنى داعش بوو لە هەرێمى کوردستان و عێراق. چەندین ملیۆن دۆلاریش بۆ بنیاتنانەوەى ژێرخانى ئەم وڵاتە تەرخان کردووە.