بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوپاى پاسداران لە مەهاباد خەریکى چییە؟!

سوپاى پاسداران لە مەهاباد خەریکى چییە؟!
AvaToday caption
لە مەهاباد چەندین ئاسەوار تاڵان و چەندین شوێنەوارى مێژوویی دەستیان خراوەتە ناوەوە
posted onMay 13, 2019
noبۆچوون

 

ماوەیەکە سوپاى پاسداران لە کوردستان بەردەوام خەریکى کونجکۆڵی و گەڕان و کونکردن و هەڵدڕینى زەوی و تەپۆڵکە مێژووییەکانە و بە پێى ئەو هەواڵانەى دەستى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى دەکەون، زۆرێک لە خەڵکى ناوچەکان پێیان وایە سوپاى پاسداران خەریکى دۆزینەوە و بەتاڵانبردنى شوێنەوارە مێژووییەکانى کوردستان و دواتریش تێکدانیانە بۆ ئەوەى نەبنە سەرمایەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ترشەکان

ئێستا گرووپێک ئۆتۆمبێل و دەزگاى گەورەى وەک ئەتڵەس لە سەرەوەى سێ ڕیاى بورهان کە لە ڕێگەى مەهاباد ـ میاندواو و لە کاتى لادان بۆ شارى بۆکان، لەسەر تەپکەیەک کار دەکەن کە دەکەوێتە نزیک گوندى دۆستاڵى. وەک خەڵکى ناوچەکە بە ئاڤاتودەیان گوتووە "ئەم گرووپە بە چەندین دەزگاى گەورە و ئۆتۆمبێلى وردەوە خەریکى کارکردنن لەسەر ئەم تەپکەیە و تەنیا شەوانە کار دەکەن و ڕۆژانە پشوو دەدەن".

دۆستاڵى

هاووڵاتییەکى مەڕدارى ناوچەکە بە وردى باسى لەمە کرد کە "پێشتریش لە چەند شوێن ئەم گرووپە کاریان کردووە، هەرچەندە سەرەتا کەم بوون و تەنیا ئۆتۆمبێلێکى ئیستەیشن بە پلاکی سەردەشت و یەک دوو ئۆتۆمبێلى سوراى بچووک بوون، بەڵام ئێستا زیادیان کردووە و چەندین ئۆتۆمبێلى ساشى بڵند و دەزگاى گەورەى ئەتڵەسیان لەگەڵە"، هەڵبەت خەڵکى گوندەکانى دەوروبەرى ئەو تەپکەیە بە ئاڤاتودەیان گوت کە "ئێستایش ئۆتۆمبێلە ئیستەیشنە پلاک سەردەشتەکەیان هەر لەگەڵە، بەڵام گڵۆپێکى ئەمبوڵانسیان لەسەرى داناوە کەچى پلاکەکەى شەخسییە کە ئەمە لەگەڵ یەکترى نایێتەوە"، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین دەزگا ئەتڵەسیان لەگەڵە کە یەک براند و یەک مارکن و واپێناچێت کە شەخسى بن، بەڵکو پەیوەستن بە سوپاى پاسدارانەوە و ئەو ئیمکاناتە بە دەستى خەڵکەوە نییە و تەنیا لە دەستى سوپاى پاسدارانە و شاخەکان هەڵدەکۆڵن و ناهێڵن کەسیان لێ نزیک بێتەوە.

تەپکى ئێستا

بە پێى بەدواداچوونەکانى ئاڤاتودەى، پێش لەم تەپکەیە ئەم گرووپە کە دەڵێن سەر بە سوپاى پاسدارانن، خەریکى کارکردن بوون لە تەپکەکانى نزیک ترشەکان و کانى باخ و لە تەپکێکى نزیک فەقرەقا و "بە بەهانەى مین ڕووبی و هەڵگرتنەوەى مین کاریان دەکرد و تەنانەت پلاکى دۆزینەوەى مینیشیان داکوتابوو بۆ ئەوەى خەڵکى ناوچەکە فریو بدەن"، ئاخر بە پێى قسەى خەڵکى وڵاخدارى ناوچەکە "تا ئێستا ئێمە مینیکمان لەوێ نەبینیوە و نەتەقیوەتەوە".

خاڵى دووەم

ئەو شوێنانەى کاریان تێدا کردووە و دەکەن، ئەمانەن:

خاڵى یەکەم: ئەم خاڵە "سەراى بورهان"ـى پێ دەڵێن کە لە کۆتایی ساڵى ٩٧ کاریان تێدا کردووە، بەڵام لەبەر باران دەستیان لێ کێشاوە و ئێستا دەستیان پێ کردووەتەوە. ئەم شوێنە دەکەوێتە نزیک گوندى دوستاڵى.

خاڵى دووەم: ئەم خاڵە کەوتووەتە ٤٠٠ مەترى تەپکەى فەقرەقا و نزیک شوێنى بەخێوکردنى ماسى هاوڕێ کە پارساڵ هاوینەکەى خەریکى کارکردن بوون تێیدا و هەر لەبەر ئەوان کارەساتێکى گەورەى ئۆتۆمبێل ڕووى دا و دوو ئۆتۆمبێل بەر ئەتڵەسێکى ئەم پڕۆژە تاڵانییە کەوتبوون.

خاڵى سێیەم: تەپکەى پشت گوندى ترشکان کە وەک خەڵکەکە دەڵێن شوێنگەیەکى کۆن و مێژووییە.

هەرسێ خاڵ

چەند هاووڵاتییەکى شارى مەهاباد کە هاتوچۆیان لەسەر ئەو ڕێگەیە و جار جارەش بۆ کاروبارى ئۆتۆمبێلەکانیان دەچنە شارەکى سەنعەتى، بە ئاڤاتودەیان گوت "ئێمە بەیانیان سەعات ٧ ئەم ئۆتۆمبێل و ئەتڵەسانە دەبینین کە لە شاخەکانى پشت ترشەکانەوە دێنە خوارەوە و ڕۆژانە لە یەک شوێن دەمێننەوە و کار ناکەن ڕۆژانە".

پیاوێکى خەڵکى گوندى ترشەکان باسى لەوە کرد کە "ئەم سێ خاڵەى کە ئێوە باسى دەکەن، هەم بڵندن و هەمیش مێژوویین و لەمێژە ئەم گرووپە خەڵکە کاریان تێدا دەکەن"، هاووڵاتییەکى دیکەیش باسى لەوە کرد کە "ئەم خاوەنى ئۆتۆمبێل و ئەتڵەسانە بە ڕۆژ کار ناکەن و خۆم بینیومن کە لە کانى باخ و بەیانى زوو گەڕاونەتەوە و ناهێڵن کەسیان لێ نزیک بێتەوە و خۆشیان هیچ نادرکێنن".

 

شایەنى باسە پێشتریش لە قەڵاتى باخى شایەگان و گوڵها کافێ، سوپاى پاسداران بە ناوى نۆژەنکردنەوەو  دروستکردن و خاکبەردارى، دەستى بردە نێو ئەو شوێنانەوە کە شوێنەوارى کۆن بوون و ڕێگەیان نەدەدا خەڵک لێیان نزیک کەوێتەوە. کۆمارى ئیسلامى هەرچى لەدەست بێت بۆ وێرانکردن و گۆڕینى دیموگرافیاى ناوچە کوردنشینەکان دەیکات و سڵ لە هیچ شتێک ناکاتەوە.

شایەگان