بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆچەر بیرکار نەتەوەیەکی شاگەشکە کرد

کۆچەر بیرکار نەتەوەیەکی شاگەشکە کرد
بارزانى و هجرى و مەولودى لە یەکەم سەرکردەکانن کە پیرۆزباییان لە کۆچەر کرد
posted onAugust 2, 2018
noبۆچوون


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکڕاتی کوردستان پەیامێکی پێرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆچەر بیرکار بڵاو کردەوە کە لە بەشێک لە پەیامەکەیدا هاتووە "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە هەواڵی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەم بیست کە بەڕێزتان لە بوارێکی گرنگ و زەحمەتی زانستیێکی وەک بیرکاریدا بە دەستتان هێناوە".

 

پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار لە پاش وەرگرتنى خەڵاتى نیشانەى فێڵدس ـى بیرکارى لە وڵاتى بەریتانیا، گوتى "هیوادارم ئەو خەڵاتە بزە بخاتە سەر لێوی ٤٠ میلیۆن کورد"، ئەم قسەیەى کۆچەر بەشێک لە پەیامەکەى مەسعود بارزانییشى پێک هێنا کە لە پەیامەکەی خۆیدا دەڵێ "بێ گومان ئاواتەکەتان هاتەدی و ئەو سەرکەوتنەتان دڵی هەموو گەلی کورد خۆش دەکات و من یەکێکم لەو چل میلیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەکەتان خۆشحاڵم و شانازیت پێوە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازم".


بارزانى لە کۆتایی پەیامەکەی دا ئارەزووی ئەوە دەخوازێت کە هەموو لاوانی کوردستان کۆچەر بکەنە نمونە و سەرمەشق بۆ ژیانی خۆیان.

 

لە لایەکی دیکەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و مستەفا مەولودی سکرتێری  گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە جیا  پەیامی پیرۆزباییان لە کۆچەر کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبێلی بیرکاری کە  گەورەترین خەڵاتی بواری بیرکاریە لە دونیادا.

 

هەروەها زانکۆی کەمبریج کە یەکێک لە گەورەترین و گرینگترین زانکۆکانی جیهان هەژمار دەکرێت و شوێنی خوێندنی کۆچەرە، بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆچەر و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو کوڕە کوردە کردووە.

 

شایانی باسە فەرەیدوون درەخشان ناسراو بە کۆچەر بیرکار لەدایکبووی گووندی نێی سەر بە شارى مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی٢٠٠٠ی زایینییەوە لە وڵاتی بڕیتانیا دەژی. کۆچەر یەکەم کەسە لە نێو کورددا کە ئەم خەڵاتەى پێ بەخشرابێت لە هەر چوار پارچەى کوردستان.