بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی بانەمەڕ تەواو دادەبەزێت

هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی بانەمەڕ تەواو دادەبەزێت
AvaToday caption
posted onMay 4, 2019
noبۆچوون

 

هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە زمان ئۆپێک و سەرنجدان بە لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەر سیاسەتی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، نەوتی خاوی ئێران لە مانگی بانەمەڕدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێ و دەگاتە ٤٠٠ هەتا ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 

ڕۆیتەرز لە ڕاپۆڕتەکەی خۆیدا سرنجدان بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەشی نەوت ڕایگەیاندووە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بە سفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بووە بە هۆکاری ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران دوورە دیمەنێکی جێگەی نیگەرانی بۆ چاوەڕوان بکرێ و لە مانگی بانەمەڕدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.

بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە هەلومەرجی ئارایی بە لەبەرچاو گرتنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا دژی ڤەنزوێلا و سیاسەتە گشتییەکانی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی ڕێژەی نەوتی بڵاوپێکراوە لە دونیادا. ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو و دوای چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وێرای گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی پێشوو کۆمەڵێک سزای نوێی لەسەر تاران داناوە کە گەمارۆی نەوتی و هەوڵدان بۆ بە سیفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران لە گرینگترین بەشەکانی ئەو سزایانە بە ئەژمار دێن.

ئەو گەمارۆیانە پێش لە مانگی مەی، لە کاتی هەڵوەشانەوەی لێخۆشبوونە نەوتییەکان بۆ هەشت وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران، هەناردەی نەوتی ئێرانی بە کەمکردنەوەی زیاتر لە ٥٠ لەسەدی گەیاندبووە ژێر ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژدا. واشنگتۆن لە هەوڵی بە سفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێرانە و ڕایگەیاندووە کە هەموو لێخۆشبوونەکان بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران ئەو حەفتەیە کۆتایی پێ دێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هەڵگرتنەوەی لێخۆشبوونە کاتییەکان هەناردەی نەوتی ئێران قەت ناگاتە سفر.

چین یەکێک لە کڕیارانی نەوتی ئێرانە کە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی لێخۆشبوونە کاتییەکان ناڕەزایەتی دەربڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکایی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پرسی وتووێژە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات کە تازە دەستی پێ کردووەتەوە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو پرسە. لە لایەکی دیکە دەگوترێ بە جێبەجێبوونی بڕیاری هەڵوەشانەوەی لێخۆشبوونەکان ڕێژەیەکی زۆر لە هەناردەی نەوتی ئێران کە لە بەندەری داڵیانی چین بە هۆی گەمارۆکان دەستی بەسەردا گیراوە لەمەودوا دەکرێ لە لایەن ئێرانە لە بری کاڵا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.

لێکۆڵەران هەروەها دەڵێن ئێران پشتبەستن بە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی دەستبەسەرداگیراو لە داڵیان کە بەهاکەی بە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێ، دەتوانێ بەشێک لە قەرزەکانی خۆی بداتەوە یاخود بەو قەبارەیە کاڵا و شتومەک هاوردەی ئێران بکات.

نەوتى ئێران