بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بۆچى دەسەڵاتى حاکم لە ئێران بە کۆمارى سێدارە ناو دەبرێت؟!

بۆچى دەسەڵاتى حاکم لە ئێران بە کۆمارى سێدارە ناو دەبرێت؟!
لە هەر مانگێکى سەردەمى ئەحمەدى نژاد ٣٥ کەس ئیعدام کراون، کەچى لە سەردەمى ڕۆحانى بە ئێستاشەوە هەر مانگێک ٦٠ کەس ئیعدام دەکرێن و ئیعدامکردنەکانیش لەبەر چاوى خەڵک لە سەردەمى ڕۆحانى زۆر زیاترە لە سەردەمى سەرۆککۆمارەکانى پێشوو.
بە پێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى لێبوردنى نێونەتەوەیی، ئێران دووەمین وڵاتە لەو ٢٣ وڵاتەى کە زۆرترین کەسیان تێدا ئیعدام دەکرێن و یەکەم وڵاتیش چینە.
posted onJune 18, 2018
noبۆچوون

 

بەیانى ڕۆژى دووشەممە ١٨ى جۆزەردان (جون)، محەمەد سەلاس دەروێشى گۆنابادیی نیعمەتوڵایی کە بە تاوانى ژێرگرتن بە پاس و کوشتنى سێ کەس تاوانبار کرابوو، لەسێدارە درا. هەر بە بڵاوبوونەوەى ئەم هەواڵە، لە زیندانى ڕەجایی شاریش وەک هەواڵنێرى مێهر نووسیویەتى، بکوژەکەى بنیتا قەڵعەنوویی لەسێدارە درا، ئەو منداڵە ٨ مانگەی کە لە  ٢٩ى پووشپەڕى ساڵى ڕابردوو  لە نێو پرایدە سپییەکەى باوکى لە لایەن محەمەد وەفایی ـیەوە دزرا و پاشان محەمەد ئۆتۆمبێلەکەی لە شەقامى شەهرەکى موشیرییە بە بنیتاى مردووەوە بەجێ هێشت، منداڵێک کە لە تاو گەرمى و کەمى ئۆکسیجین گیانى لەدەست دا.

 

ناڕەزایەتی بەرامبەر حوکمەکان بە هیچ شوێنێک ناگات

حوکمى لەسێدارەکانى ژێر دەستى کۆمارى ئیسلامى لە ئێران، زۆر بە کەمى پاشگەزبوونەوەیان تێدایە. باوکى محەمەد وەفایی دژى حوکمى ئیعدامى کوڕەکەى گوتبووى "لە حوکمە دەرچووەکە هەڵاواردن هەیە چونکە کوڕەکەم لەگەڵ تاوانبارى دووەم (مەهدى) ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە و لە مەرگى بنیتا وەک یەک تاوانبارن" و هەروەها گوتبووشى کوڕەکەى ئاڵوودەبوویەکى ماددەى هۆشبەر بووە و ماددەى هۆشبەرى شیشە ئەقڵى لێ تێک داوە و هەر لەبەر ئەوەیش بووە کچۆڵەکەى لەو دۆخە جێ هێشتووە. هەرچەندە پارێزەرەکەیشى بە دادگاى گوتبوو محەمەد بە مەبەست منداڵەکەى نەکوشتووە (قەتڵى عەمد) و تاوانبار لە کاتى دزینى ئۆتۆمبێلەکە نەیزانیوە منداڵى ساواى تێدایە.

بەرامبەر بە حوکمى لەسێدارەدانى محەمەد سەلاسیش دووبارە سکاڵاى ئەوە کرابوو لە دادگا کە تاوانبار هیچ تاوانێکى ئەنجام نەداوە و ئەو نەبووە کە پاسەکەى لێ خوڕیوە، تەنانەت دادوەرێکیش گوتبووى "دەیسەلمێنم محەمەد بێتاوانە و نازانم بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران دەیهەوێت هێندە بە پەلە لەسێدارەى بدات".

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى سەبارەت بە لەسێدارەدانى محەمەد سەلاس بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە و خوازیارى وەستانى حوکمەکەى بوو، لە بەیاننامەکەدا نووسراوە "دۆسیەى محەمەد سەلاس، کێشەکانى دەزگاى دادوەرى ئێران بۆ هەمووان ئاشکرا دەکات: تۆڵەسەندنەوە لەبرى جێبەجێکردنى دادپەروەرى، ددانپیانانى بن ئەشکەنجە بەرامبەر لێکۆڵینەوە لەمەڕ دۆسیەکە".

فلیپ لۆتەر بەڕێوەبەرى بەشى باکوورى ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتى ناڤینى لێبوردنى نێونەتەوەیی گوتى "بەرپرسانى دادوەرى ئێران بەپەلە و تەنیا بەو مەبەستەى کە حوکمى لەسێدارەدانەکە جێبەجێ بکەن، نەیانهێشت محەمەد سەلاس پارێزەریی فەرمى بۆ بگیردرێت و ڕێگەیان نەدا شاهیدەکان شاهیدى بدەن کە محەمەد سەلاس لەپشت سووکانى پاسەکەوە نەبووە. بەرپرسانى دادوەرى کۆمارى ئیسلامى واپێدەچێت زیاتر حەزیان لە تۆڵەسەندنەوە بێت تا دادپەروەرى".

 پاش لەسێدارەدانەکەشى، زەینەب تاهیرى، پارێزەرى بنەماڵەى ئەو دەروێشە گۆنابادییە، ئەوەى ئاشکرا کرد کە کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ترسى ناڕەزایەتى دەروێشەکانى گۆناباد و خەڵک "بە دزى لاشەى سەلاسیان بردووەتە بروجێرد و بێ ئاگادارى بنەماڵەکەى بەخاکیان سپاردووە. زەینەب لە تلێگرامەکەى خۆى نووسى "لاشەى بێ گیانى محەمەد سەلاس بە ئامادەبوونى ٢٠٠ چەکدارى دژە شۆڕش لە قەبرستانى دارولسەلامى بروجێرد بەخاک سپاردرا".

 

هەڵوەشاندنەوەى سزاى لەسێدارەدان

هەڵوەشاندنەوەى حوکمى لەسێدارەدان لە ئێران زۆر دژوارە، چونکە لە بنەڕەتدا دەسەڵات بڕواى بە حوکمى کەیفەرى و شەرعی لەسێدارەدان هەیە. هەرچەندە هەوڵى زۆرى لەگەڵ دراوە بەڵام بێ سوود بووە. لە ساڵى ١٩٧٦ى زایینییەوە تا ئێستا و لە نێوان ١٩٦ وڵات، ١٤١ وڵاتیان سزاى لەسێدارەدانیان لە نێو سزاکانى خۆیان هەڵگرتووە و لە برى ئەو سزایە، سزاى زیندانى هەتاهەتایی و درێژماوەیان لە جێگە داناوە.

ئەفریقاى باشوور، هایتى، ڕواندا، کامبوج، تورکیە، ئەڕژەنتین، فیلیپین، مەغۆلستان، سینیگاڵ، مەکزیک، ئۆزبەکستان، لاتڤیا، ئەرمەنستان، ماڵتا و زۆر وڵاتى دیکەن کە بەم دواییە سزاى لەسێدارەدان و ئیعدامیان هەڵوەشاندووەتەوە کە زۆرێکیان بە هۆى پاڵەپەستۆى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و نێوخۆییەکانى ئەو وڵاتانە بووە لە ڕێگەى دروستکردنى کەمپەین و ناڕەزایەتى و خۆپێشاندان، بەڵام لە نێو کۆمارى ئیسلامى ئێراندا نەک هەر حسابێک بۆ ئەم ڕێکخراوانە ناکەن، تەنانەت بە بەکرێگیراو و خۆتێهەڵقورتێنەر و جاسووسیش ناویان دەبەن. هەروەها لە ئێراندا بە هۆى حوکمى ئیسلامى، ئەم سزایە لە خودى ڕێژیمەکە و یاسا ئیسلامییەکانى جیا ناکرێتەوە.

 

ئامارى لەسێدارەدانى ساڵێکى ئێران:

ڕێکخراوى مافى مرۆڤى ئێران لە دەیەمین ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى، ئامارێکى بڵاو کردەوە کە باسى لەسێدارەدانەکانى ساڵى ٢٠١٧ى ئێرانى بڵاو کردووەتەوە. ئەم ڕێکخراوەیە (IHR) هەر لە ساڵى ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا ڕاپۆرت لەسەر لەسێدارەدانەکانى نێو ئێران دەکات و لە ساڵى ٢٠١١ ـشەوە لەگەڵ (هاوپەیمانى جیهانى هەموو پێکەوە دژ بە سزاى لەسێدارەدان ـECPM ) لەم بارەوە ڕاپۆرت دەکەن.

بە پێى ڕاپۆرتى هەردوو ڕێکخراوەکە، بەگشتى لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینى لە ئێراندا، ٥١٧ کەس لەسێدارە دراون کە ١١١ کەسیان (واتە ٢١%یان) لە لایەن لایەن و دەزگاى فەرمییەوە ڕاگەیەندراون و ٢٣١ کەس لە لەسێدارەدراوەکان (واتە ٤٥%یان) بە تاوانى ماددەى هۆشبەر ئەنجام دراون کە ٦٥ کەس کەمترە لە لەسێدارەدراوەکان بە تاوانى ماددەى هۆشبەر لە ساڵى ٢٠١٦. ٢٤ کەس لە لەسێدارەدراوەکان (واتە ٤٦%)یان بە تاوانى قەتڵى ئەنقەست ئەنجام دراون کە ٩٨ کەس زیاترە لە لەسێدارەدراوەکانى قەتڵى ئەنقەست لە ساڵى ٢٠١٦.

لەم هەموو لەسێدارەدراوەکان، ٣١ کەسیان لەبەرچاوى خەڵکەوە لەسێدارە دراون و بەلانى کەمەوە لە ژمارەى لەسێدارەدراوەکانى ساڵى ٢٠١٧، ٥ یان منداڵ بوون و ١٠یان ژن بوون.  ٢٥٤ کەسى لەسێدارەدراوى ساڵى ٢٠١٧ى زایینى (واتە ٤٩%یان)، حوکمەکەیان لە لایەن دادگاکانى ئینقیلابەوە دەرچووە و ٢٢١ کەسش کە بە تاوانى قەتلى عەمد تاوانبار ببوون، لە لایەن بنەماڵەى قوربانییەکانەوە بەخشراون.

 

ئامارى لەسێدارەدراوانى ١٢ ساڵى ڕابردوو لە ئێران

ژمارەى لەسێدارەدراوانى ئێران لە ساڵى ٢٠٠٥ تا ٢٠١٥ کە ڕێکخراوى مافى مرۆڤى ئێران دەستەبەرى کردووە، بەردەوام ڕێژەى لەسێدارەدراوەکان زیادى کردووە. بە جۆرێک لە ماوەى ئەو دە ساڵەدا، ژمارەى لەسێدارەدراوەکان دە هێندە و نیو زیادى کرد، واتە ٩٤ کەس لە ساڵى ٢٠٠٥ لەسێدارە دران کەچى لە ساڵى ٢٠١٥ ى زایینى، ٩٧٢ کەس لەسێدارە دران و لە ساڵى ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕێژەى لەسێدارەدان کەمى کردووە بۆ نیو هێندەى ساڵى ٢٠١٥، واتە سەردەمى ئەحمەدى نژاد لەسێدارەدان کەمتر و نیو هێندەى سەردەمى ڕۆحانییە. بە شێوەیەک کە لە هەر مانگێکى سەردەمى ئەحمەدى نژاد ٣٥ کەس لەسێدارە دراون، کەچى لە سەردەمى ڕۆحانى بە ئێستاشەوە هەر مانگێک ٦٠ کەس لەسێدارە دەدرێن و لەسێدارەدان لەبەر چاوى خەڵک لە سەردەمى ڕۆحانى زۆر زیاترە لە سەردەمى سەرۆککۆمارەکانى پێشوو.