بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەرۆکى کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیکردنەوەى سیاسەتەکانى ئێران: دەبێ ئەمەریکا بژاردەى سەربازی دژى ئێران وەبەرچاو بگرێت

سەرۆکى کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیکردنەوەى سیاسەتەکانى ئێران: دەبێ ئەمەریکا بژاردەى سەربازی دژى ئێران وەبەرچاو بگرێت
AvaToday caption
posted onMarch 24, 2019
noبۆچوون

 

فراوانبوونى کۆمارى ئیسلامی لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنها لەوە نەوەستاوە چوار پایتەختى عەرەبی وەک (بەغدا، دیمەشق، بەیروت و سەنعا) کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو لەماوەی ڕابردوو چەندین کێشەى بۆ ئەو ناوچەیە دروستکردووە.

 

لەمیانەى سەردانە بەردەوامەکانى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان جەختى لە وەستاندنى فراوانبوونەکانى ئێران لە ناوچەکە کردووەتەوە، هاوکات یەکێک لە ئەجێنداکانى ئەو وەزیرەش دامەزراندنى "هاوپەیمانى ستراتیژی"یە کە بە ناتۆى عەرەبی ناسراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئێران و هەڵسوکەوتە تێکدەرانەى، بەڵام محەمەد موحسن ئەبو ئەلنور، سەرۆکى کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیکردنەوەى سیاسەتەکانى ئێران لە میسر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، بە دوورى دەزانێت هاوپەیمانییەکى لەو شێوەیە دروست بێت، هۆکارەکەشى بۆ ئاسایشى وڵاتانى ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.

ئەبو ئەلنور، ئاماژەى بەوەش کردووە "ئەو هاوپەیمانییە پلەبەندی ئاسایشى نەتەوەیی زۆربەى وڵاتانى عەرەبی دەگۆڕێت، ئەویش بە سروشتى خۆى ململانێی فەلەستینى ـ ئیسرائیلی یاخود عەرەبی ـ ئیسرائیلی بۆ ململانێ لەگەل ئێران دەگۆرێت".

ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:

سەرۆکى کۆڕبەند ١

ئاڤاتودەى: سەردانەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ کوەیت و دواتر بۆ ئیسرائیل چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: بە دڵنیاییەوە سەردانەکەى مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ وڵاتى کویت و چاوپێکەوتنى لەگەڵ سوباح خالید حەمەد ئەلسوباح هاوتا کوەیتییەکەى لە ژێر سێبەرى ئەوەدایە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت هەوڵەکانى ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەى سەرسەختە ئاسایشییەکاندا بکات، لە سەرووى هەمووشیانەوە ئەو سەرسەختییەى لایەنى ڕۆژهەڵاتى کەنداوى عەرەبی، بە تایبەتى لەلایەن ئێرانەوەیە، چونکە ئێستا سیاسەتەکانى ئەمەریکا بە نیازە هاوپەیمانییەک لەنێوان وڵاتانى عەرەبی و ئیسرائیل دروست بکات، ئەو هاوپەیمانییەش ئاسایشى ئێران بە ئامانج دەکات، بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتە هەرێمایەتیەى لەتێکدانى سەقامگیرییە.

 بۆیەش کوەیت وەک وڵاتێکى کەنداوى عەرەبی گرنگی زۆری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، لە ڕووى بەدەستهێنانى پاڵپشتى ستراتیژی و زیندوویی وڵاتانى کەنداو، چونکە پێگەی جوگرافی و ڕۆڵى سیاسی مێژووى ئەو وڵاتە پاشخانێکى مێژوویی هەیە لە پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و ئێراندا.

هاوکات ئەوانەى لە مێژووى نوێی کوەیت نازانن، ئەو وڵاتە ژمارەیەکى قورسى پەیوەندییەکانى ئێران و ئەمەریکا بووە، هاوکات لەجەنگی هەشت ساڵەى عێراق ـ ئێران، کوەیت ژمارەیەکى ئەستەم بووە، بەهۆى کوەیتیش ئەمەریکا لەماوەى ڕابردوو بەتایبەت لەحەفتاکان و ساڵانى ١٩٨٧ و ١٩٨٨ ئۆپەراسیۆن و هێرشی سەربازی فراوانى دژى ئێران ئەنجام دا، کە پێی دەگووترا لایەنى لیبی، هاوکات زیانێکى گەورەى بە هێزە چەکدارەکانى ئێران گەیاند.

 

ئاڤاتودەى: یەکێک لەهەوڵەکانى مایک پۆمپئۆ لە ناوچەکە، دروستکردنى "هاوپەیمانى ستراتیژی"ـیە، کە بە ناتۆى عەرەبی ناسراوە، لەنێوان وڵاتانى کەنداو و بە بەشدارى میسرو ئوردن، ئاخۆ ئەو هاوپەیمانییە دەتوانێت بەرپەرچی ئێران لە ناوچەکە بداتەوە؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: بە دوورى دەزانم هاوپەیمانییەکى لەو شێوەیە دروست بێت، بە هۆکارێک شیکردنەوەى پەیوەندی بە ئاسایشى وڵاتانەوە هەیە، هیچ بڕیارێکى ڕاستەقینەى ئوردنی و میسرى لەبارەى هاوپەیمانییەکى لەو شێوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئێران نییە، بە هێمایێک ئەو هاوپەیمانیەتە دەبێتە هۆکارى گۆڕینى پلەبەندی ئاسایشى نەتەوەیی زۆربەى وڵاتانى عەرەبی، ئەوەش بە سروشتى خۆی ململانێی فەلەستینى ـ ئیسرائیلی یاخود عەرەبی ـ ئیسرائیلی دەگوازێتەوە بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران، ئەمەش زۆربەى وڵاتە عەرەبییە گەورەکان خوازیارى نین.

بە دڵنیاییەوە میسر لەو پرسە، وەک خاوەنى زەبەلاحترین سوپاو سەرەنجڕاکێشى جیهانى عەرەبی هەڵوێستى خۆى ئاشکرا کردووە، ئێستا قسەکردن لەسەر هاوپەیمانییەکى سەربازی عەرەبی لەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل، لەو لەبوارە پێموایە تیورێکە مایەى جێبەجێکردن نییە، بەڵام هەوڵێکى دیپلۆماتى چڕ هەیە لەلایەن ویلایە یەکگرتووەکانەوە بۆ دروستکردنى ئەو پڕۆژەیە، بێگومان سەردانە بەردەوامەکانى مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ڕەنگدانەوەى خۆاستە تووند و جددییەکانى ئەمەریکایە بۆ پێکهێنانى ئەو هاوپەیمانیەتە کە بڕیارە لە نێو وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست بێت.

سەرۆکى کۆڕبەند ٢

ئاڤاتودەى: ئەى باشە چۆن دەتوانرێت بەرپەرچى ئێران بدرێتەوە لە ناوچەکە؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: بێگومان ئێران هەڵسوکەوتێکی تێکدەرانەى هەرێمایەتى هەیە و، سیاسەتى دەرەوەشى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی هەیە، کە لەسەر بنەماى سەرکێشى لەسەر حیسابی ئاسایشى وڵاتانى هەرێمایەتى بنیات نراوە، بەڵام چۆن دەتوانرێت بەرپەرچی ئێران بدرێتەوە؟، پێم وایە باشترین ڕێکار ئەوەیە کە:

پرسى یەکەم: بەردەوامى هەوڵە کەمەرشکێنەکانى ئەمەریکا بە گەمارۆخستنە سەر ئێران، زۆربەى وڵاتانى عەرەبیش هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەمە وا دەکات سزاکان باشتر و توندتر بن.

پرسی دووهەم: ڕاکێشانى بەڕەی ژێر پێی ئێران بەرامبەر پاوانخوازییەکانى لە وڵاتانى عەرەبی

دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ئێران دەستى خستووەتە نێو حکومەتە عەرەبیەکان، وەک ڕایگەیاندووە لە عێراق، سووریا، بە دڵنیاییەوە لوبنان و باشوورى یەمەن و فەلەستینش هەیە. بەبۆچوونى خۆم، ئێران بەهیچ شتێک کاریگەرى تێناکرێت تەنها بە دیالۆگى ستراتیژی نەبێت، کە باوەڕێکى تەواو بە تاران بهێنرێت کە ئەو سەرکێشیانەى هیچ سوودێکى بۆ نییە، بەڵکو زیانی گەورەتر لە دەستکەوتە چاوەڕوانکراوەکەى پێ دەگات.

 

ئاڤاتودەى: یەکێک لە ئامانجەکانى مایک پۆمپئۆ بۆ ئیسرائیل و چاوپێکەوتنى بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، پرسى دەرکردنى ئێرانە لە سووریا!، یاخود هەر وڵات دەتوانن هێزەکانى ئێران لە دیمەشق دەربکەن؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: سیاسەتى ئەمەریکاو ئیسرائیل لەسەر سنووردارکردنى پاوانخوازییەکانى ئێران لە سووریا هەڵچێنراوە، بەتایبەت میلیشیاکانى ئێران و سەرکێشەکانى تاران چەند کیلۆمەترێک لە سنوورى سووریاوە دوورن، بەتایبەت لەناوچەى جۆلانى داگیرکراوی دەستى ئیسرائیل لە ساڵى ١٩٧٦.

بێگومان ئەم قسەیە بەشێک توڕە دەکات، بەڵام سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر کەیسى عەرەبی بەتەواوى دژیەکەو، هاوپەیمانى ئەمریکی ـ ئیسرائیلی خستۆتە قۆناغی ئیحراجییەوە، چونکە ئەمریکا سیاسەتێکى هاوسەنگی بەرامبەر ململانێی عەرەبی ـ ئیسرائیلی نییەو، بڕیارى گواستنەوەى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودسی ڕۆژاوای داگیرکراو، ڕۆڵى ئەمەریکا لەو کاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەتایبەت ئەو سیاسەتانەش بە شێوەیەکى گشتى مانای ئەوەیە  ئەمریکا هیچ متمانەیەکى لەلایەن هەموو وڵاتانى عەرەبی بەبێ جیاوازی نییە.

بۆیە پێشنیاری ئەوە دەخەمە بەردەم ئیدارەى ئەمریکا، ئەگەر دەیەوێت بە شێوەیەکى جددی کار لەسەر هاوپەیمانى نێوان وڵاتانى عەرەبی بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئێران و، بەکارهێنانى ئیسرائیل وەک کاغەزی فشاری ستراتیژی، دەبێت بەشێوەیەکى هاوسەنگ و بێگەرد ناوبژیوانى خۆى لە پرسەکانى عەرەبی ئەنجام بدات، ئەگینا سیاسەتى ئەمریکا هیچ سوودێکى نابێت و، جێی ئومێدی ناوچەکەش نابێت.

سەرۆکى کۆڕبەند ٣

ئاڤاتودەى: ئەمریکا چی بکات بۆ ئەوەى وڵاتانى عەرەبی بۆ بەرەى خۆى ڕابکێشێت و لەئێران دووریان بخاتەوە، وەک عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: پێویستە ئەمریکا تووندترین سزا بخاتە سەر ئێران، چونکە سزاکان کاریگەریى گەورەیان هەیە، ئەگەر واشنتۆن جددی بێت لە دوورخستنەوەى ئێران لەو وڵاتە عەرەبیانە، پێویستە زۆر جددی بێت لەجێبەجێکردنى سزاکانى، چونکە تاران لێهاتووە لە دەوردانەوەى ئەو سزایانە، ئەمەش کاریگەریان کەمتر دەکاتەوە، ئەمە لەلایەک.

لەلایەکی دیکەشەوە، کە گرنگترە، ئەویش ئەوەیە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان باوەڕ بەئێران بهێنێت، کە تواناى جوڵاندنى پرسى سەربازیی هەیە، نەک تەنها سزاکان، چونکە ئێران باش دەزانێت تووندترین هەنگاوەکانى ئەمەریکا لەم چرکە ساتە تەنها سزاکانە.

بەڵام چی ئەگەر تاران سەرکەوتوو بوو لەخۆ دزینەوە لەسزاکان؟، بۆیەش دەبێت ئەمریکا ڕووبەرووى بژاردەى دیکە ببێتەوە، وەک سەربازی، یاخود بەلایەنى کەمەوە، پەیامەکەى بگەیەنێتە ئێران بەوەى تواناى بەکارهێنانى ئەو بژاردەی هەیە، نەک تەنها لەرووى میدیایی یاخود شیکردنەوەى سیاسی لە پرسی پەیوەندییە گشتییەکانى ئێران ـ ئەمریکا.

 

ئاڤا تودەى: ئەمریکا بژاردەى سەربازی یاخود هێز دژى ئێران بە کار دەهێنێت؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: بە دوورى دەزانم ئەمریکا پەنا بۆ هێزی چەکدارى دژى ئێران ببات، ئەویش بە هۆى کۆمەڵێک پڕەنسیپی ئاڵۆز، لەوانەش خواستەکانى واشنتۆن لە نێو دروستکەرى بڕیاری سەربازی، بە تایبەت لە ڕووى هاوپەیمانى لە نێو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، واتا یەکگرتوویی سەربازی لەنێو وڵاتانى عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژى ئێران.

بۆیە پێم وا نییە ئەمریکا لە رووى سەربازییەوە بیهەوێت لە جەنگێکى نوێ تێوە بگلێت، یاخود تووشى جەنگێکى نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە باش دەزانێت ئێران وڵاتێکى هاوشێوەى ئەفغانستان و شوێنانى دیکە نییە، چونکە ئێران وڵاتێکى بەهێزەو سوپایەکى بەهێزو سوپاى پاسدارانى هەیە، تواناى هەڕەشەکردنى لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەکەنداو هەیە، هەروەها هەڕەشە لەپێگە سەربازییەکانى ئەمریکاش بکات لە کەنداوی عەرەبی، بۆیە بڕیارى سەربازی یاخود بژاردەى سەربازی ئەمەریکا لەم چەند ڕۆژانەى نزیکی مەوداى ناوەنددا دوور خراوەتەوە.

سەرۆکى کۆڕبەند ٤

ئاڤاتودەى: یەکێک لەو پرسانەى مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پێیەتى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بابەتى حیزبوڵاى لوبنانی و، داماڵینى چەکەکەیەتى، ئاخود ئێران ڕێگە بە داماڵینى چەکی حیزبوڵا دەکات؟، تا چەندیش ئاسانکاری و تەماشاکەر دەبێت لەو پرسە؟

مەحمەد موحسن ئەبولنور: ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکان دەڵێن؛ ئێران لەرێگەى لە ناوچە شاخاوی و ڕێڕەوە ئاڵۆزەکانى باشوورى لوبنان ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار مووشەکى ڕادەست حیزبوڵا کردووەو، بێگومان ئەو مووشەکانەش لە ڕێگەى عێراق، دواتر سووریا پاشان بۆ باشوورى لوبنان ڕۆیشتووە.

بەلای ئێرانەوە گرنگە پارێزگارى لە هێڵى زەمینى نێوان تاران بۆ وڵاتانى جیهان بکات، ئەم پرسەش توڕەیی و شۆکی سیاسەتى ئەمریکاى دروست کردووە، بەتایبەت لە بەکارهێنانى باشوورى لوبنان لەلایەن حیزبوڵاوە، بۆ هەڕەشەکردنى ئاسایشى ئیسرائیل کە ئەمەش هێڵى سوورە بۆ هەموو سیاسەتەکانى ئەمریکا، بەڵام ئەوەى ئەمەریکا لە ساڵانى ڕابردوو کردوویەتى تەنها پرسەکەى خستۆتە ئەستۆى پەیوەندییە گشتییەکانى سەر ئێران، هیچ شتێکی نەکردووە، یاخود ڕێکارێکى پراکتیکی لەسەر زەوی بۆ ڕاگرتنى ئێران لەناردنى ئەو مووشەکانە ئەنجام نەداوە، تەنانەت هیچی نەکردووە بۆ وەستاندنى هێڵى زەمینى نێوان تاران و باشوورى لوبنان.

هەروەها بوونى ئەمریکاش لەناوچەى تەنەفی سووریا، ئەوە گفتوگۆیەکى زیاتر هەڵدەگرێت لەشوێنێکى دیکەدا باسى دیکەین، بەڵام لەو کاتەدا سوپاسالاری ئێران لەگەڵ هاوتا سوورییەکەى لە دیمەشق تاوتوێی پرسی پارێزگاریکردن لەو هێڵە زەمینییەیان کرد کە ئەم پرسەش تاران دەخاتە قۆناغێکى باشترەوە، بەوەى تواناى گەیشتنى زەمینى بە لوبنان هەیە.

لەهەمان کاتیشدا ئیسرائیل و ئەمەریکا هیچ شتێکیان نەکردووە بۆ ڕاگرتنى فراوانبوونەکانى ئێران لەسەر حیسابی وڵاتانى عەرەبی، بۆیەش ئەگەر واشنتۆن سوور بێت لەوەى ئێران دەستبەردارى ئەو هەڵسوکەوتە شەڕانگێزەى بێت، دەبێت پێشوەخت کارى مەیدانى بۆ ڕێگرى لەئێران بەگەیشتن بەو هەڵسوکەوتە بکات.

 

ئاڤاتودەى: بەڵام ئیسرائیل چەندین پێگەى سەربازی لە سووریا کردووەتە ئامانج، بە پێی ئامارە فەرمییەکانیش سەرووى ٢٠٠ هێرشى ئاسمانى دژى پێگەکانى ئێران لەقوڵایی سووریا ئەنجام دراوە.

مەحمەد موحسن ئەبولنور: پێگە ئێرانییەکان لە سووریا پێگەى ئاسایی بوون و پێگەى ستراتیژی نەبووە، بەڵکو دووبارە جێگیربوونەوەى ئێران بۆ دوورکەوتنەوەى چەند کیلۆمەترێک کردووەتە ئامانج، بەڵام ئێران کۆنتڕۆڵکردنەوەى ستراتیژی لە بڕیارى سەربازی بە دەستەوەیە، ئەو سەربازگانەش لە سووریا بوونیان هەیە، پێم وایە هەڕەشەى فیعلی بۆ ئاسایشتى ئیسرائیل دروست ناکەن. هەروەها ئێران لەماوەى چل ساڵى ڕابردوو، واتا دواى سەرکەوتنى شۆڕشى ئێران، هیچ فیشەکی بە ئاراستەى ئیسرائیل نەتەقاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە پرسێکى هەستیار دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە؛ لایەنى ڕووسی هاوپەیمانى ئیسرائیلەو، بە هاوبەشى مانۆڕى سەربازی لەگەڵ هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل ئەنجام داوە، بۆیەش ئیسرائیل بەبێ پاڵپشتى و هەڵکردنى گلۆپی سەوزی لایەنى ڕووسیا، هیچ پێگەیەکى ستراتیژی هەستیارى لە سووریا نەکردۆتە ئامانج، ئەوەى ڕووی داوە تەنها هۆشدارکردنەوەى تاران بووە بۆ ئەوەى لە سنوورى ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە.

سەرۆکى کۆڕبەند ٦