لە شاری ئیلام دوو کوڕی گەنج بەهۆی لێچوونی گاز و لە شاری نەغەدەش دایک و کوڕێک بەهۆی تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستدا و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوو.
شەوی رابردوو لە شاری ئیلام دوو کوڕی گەنج بەهۆی لێچوونی گازەوە گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان دوای ئەوەی پشکنیان بۆ کرا، بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.
بەپێی هەواڵی راگەیاندنە خۆجێیەکانی ئیلام، بەکارهێنانی کەرەستەی گەرمکەرەی ناستاندارد و نەبوونی دەرەچەیەک بۆ گۆڕینی هەوا، هۆکاری ئەو رووداوە بووە.
بەربەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گوندی ماسوێ، سەر بە شاری نەغەدە، بەهۆی لێچوونی گازەوە ماڵێک تەقیەوە و دایکێک بە ناوی خاتون ماملێ، تەمەن ٧٠ ساڵ و کوڕێکی بەناوی جەلال شیرخانی، تەمەن ٤٠ ساڵ، گیانیان لەدەستدا.
لەو رووداوەدا دوو کەسیش بریندار بوون کە یەکیان ناوی کەماڵ شیرخانی، تەمەن ٣٢ ساڵان، بووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.
ئەو تەقینەوەیە زیانی زۆریشی بەدواوە بووە و ماڵەکە بە تەواوەتی رووخاوە.