بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تورکیا سوود لە قەیرانەکانى عێراق وەردەگرێت بۆ دەستێوەردانە کەرکوک

تورکیا سوود لە قەیرانەکانى عێراق وەردەگرێت بۆ دەستێوەردانە کەرکوک
AvaToday caption
posted onMarch 19, 2019
noبۆچوون

 

لەچوارچێوەى هەوڵەکانى بۆ دەستێوەردان لەکاروبارى عێراق و، سوود وەرگرتن لەو دابەشکارییە تایفی و ئەتنیەى ئەو وڵاتە بەخۆیەوە دەبینێت، تورکیا هەوڵدەدات گۆڕانکارییەک دروست بکات لەگەڵ بەرژەوەندییە جوگرافی و سیاسییەکانى لەعێراق بگونجێت. هاوکات ئەنکەرا بەردەوامە لەقوڵکردنەوەى ڕەوشى بەغدا بەتایبەت لەهەردوو کەیسى کوردەکان و تورکمانەکان.

 

ساڵى رابردوو چەندین لێدوانى تورکی لەبارەى کەرکوکەوە بڵاوکراونەوە، کە " ئەنکەرا پێی وایە کەرکوک شارێکى تورکمانییە"و، لەو نێوەندەش ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆلى فەرمیی تورکیا لێدوانێکى ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکى بەرەى تورکمانى لەعێراق بڵاوکراوە کە داواى " پۆستى پارێزگاری کەرکوکیان بۆ کەسایەتیەکى تورکمانى کردووە". بەگووتەى ئەو بەرپرسە تورکمانییە " پۆستەکە مافى سیاسی و نەتەوەییە".

ساڵحی، کە هاوکات ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقە لە گردبوونەوەیەکى جەماوەرى کە لەلایەن ئەنجومەنى هۆزو نوێنەرانى تورکمانى عێراق رێکیخستبوو روونیکردەوە " هەر ناسەقامگیرییەکى سیاسی و ئەمنى لەکەرکوک ڕوو بدات، ئەوا مانای سەرەتاى دابەشبوونى عێراق و وڵاتانى ناوچەکەیە". هۆکارەکەشى بۆ سروشتى دابەشبوونى دانیشتووان و تێکەڵبوونى ناوچەکە گەڕانەوە".

ساڵحی گووتیشى " تورکمان لەعێراق، سووریاو ئێران بوونیان هەیەو، هەروەها کوردەکانیش لەنێوان تورکیا، سووریاو ئێران و عێراق بڵاوەبوونەتەوە".

ئەو کەسایەتیە تورکمانییەى عێراق هێماى بەوەش کردووە " هەر تێکچوونێکى سیاسی لەکەرکوک رووبدات، کاریگەرى نەرێنى لەسەر وڵاتانى ناوبراو دەبێتەوە، هاوکات هێزو ئیرادە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت وڵاتانى ناوچەکە بکەنە کانتۆن و وڵاتە بچووکی ئەتنی و مەزهەبی".

پێکهاتەى تورکمانى لەکۆى ٣٢٩ کورسى پەرلەمانى عێراق ١٠ کورسییان هەیە، هەریەک لەبەرەى تورکمانى و پێکهاتەى عەرەبەکان دژى ئاسایی کردنەوەى دۆخى کەرکوکن بۆ پێش ١٦ تشرینى یەکەمى ٢٠١٧، کاتێک هێزەکانى عێراق بەهۆى ئەنجامدانى ریفراندۆمەوە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧ لەو شارە دووبارە هێزیان بەرەو شارە جوڵاندو پێشمەرگەیان لەو شارە دەکرد.

ئەنکەرا لەرێگەى لێدوانە سیاسییەکانى بەشێوەیەکى بەردەوام خەریکى دەستێوەردانە لەکاروبارى سیاسی بەغدا، بەجۆرێک سەرەتای ٢٠١٨ هاکان چاویش ئۆغلو، جێگرى سەرۆک وەزیرانى تورکیا ئەو کات رایگەیاند " کەرکوک لەرووى مێژووییەوە تورکمانییە، هەرچى دەڵێن بابیڵێن، برا تورکمانەکانمان بەلای ئێمەوە هێڵى سوورن".

هۆشداری ئەوەشى دایە عێراق لەهێرشکردنە سەر گووندە تورکمانیەکان و، گووتى " سوپاى وڵاتەکەمان لەپێشان دەوەستن و، کەسیش داواى خۆڕاگریمان لێکەن لەبەرامبەر ئەو زوڵمەى لە تورکمانەکانى هەولێر، کەرکوک، موسڵ و تەلەعفەر دەکرێن"، لەلایەن خۆیشیەوە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا بەشێوەیەکى ئاشکرا بەبێ گوێدانە بنەما دیپلۆماتى و سیاسییەکان، لەتشرینى یەکەمى ٢٠١٧ کۆمەڵێک سیاسەتمەدارو کەسایەتى تورکمانى بانگهێشتى کۆکى سەرۆکایەتیەکەى کرد.

لەدواى کشانەوەى هێزەکانى پێشمەرگەش لەشارى کەرکوک ٢٠ کەسایەتى تورکمانى لەشارەکە تیرۆر کران، کەمەترسییەکى گەورەى بۆ ئەو پێکهاتەى دروست کرد. زۆربەى تیرۆرکراوەکانیش لەکەسایەتى سیاسی و ئەکادیمی و سەرکردە دیارەکانى تورکمانى بوون.