سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ٩ى حوزەیران (بەرامبەر بە ١٩ى جۆزەردان) لە سنوورى شارى شنۆى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، تیمێکى پێشمەرگەى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران کەوتوونە کەمینى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامییەوە، سەرچاوەیەکى ئاڤاتودەى لە نێو شارى شنۆوە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەى پشتڕاست کردەوە و گوتى "پاسدارەکانى پایگەى چوارچرا و دەوروبەری بوونە کە بۆسەیان بۆ پێشمەرگانى دیموکرات داناوەتەوە".
ئاڤاتودەى پەیوەندى کرد بە بەرپرسى پەیوەندییەکانى حزبی دیموکرات لە شارى هەولێر، بەڵام ئەو گوتى زانیارى زیاتر لاى بەرپرسى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە و پاش چەندین پەیوەندى ئاڤاتودەى ئەو زانیارییەى دەست کەوت کە "پێشمەرگە لەکەمینکەوتووەکان پێشمەرگەى حیزبی دیموکراتى کورستانى ئێران بوون و لەسەر سنوورى شنۆ تێکهەڵچوون ڕووى داوە و شەڕێکى قورس لە نێوانیادا هەبووە کە بە هۆیەوە (تا ئێستا بە تەواوى پشتڕاست نەکراوەتەوە) گوایا ٩ پاسدار کوژراون و ١٧ى دیکەیش بریندار بوون".
پێشمەرگەکانى دیموکرات دەڵێن باکمان لە شەهیدبوون نییە، گرنگ ئەوەیە لە نێوخۆى نیشتمانەکەماندا بین
سەبارەت بە زەرەر و زیانى گیانى پێشمەرگەکانى دیموکرات، ئەندامانى حیزبی دیموکرات دەڵێن "تا ئێستا بە تەواوى نازانین کە چەندیە شەهیدمان هەیە و هەمووى لە چوارچێوەى گریمانەیە، بەیانى گوتوویانە سێ شەهید و ئێستاش دەڵێن شەهیدمان نییە"، دەستنەکەوتنى زانیارى تەواوى خەسارى پێشمەرگەکانى دیموکرات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "پێشمەرگەکانى نێوخۆى ئێران نایانهەوێت بە هۆى پەیوەندییەوە شوێنەکانیان ئاشکرا بێت "بۆیە تا ئێستا بێدەنگن، بەڵام هەواڵى ئەوە هەیە کە شوێنەکەیان جێ هێشتووە".
شایەنى باسە حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران چەندین ساڵێک لە پاش سنووردارکردنەوەى چالاکییەکانیان لە نێوخۆى ئێران بە هۆى گوشارەکانى کۆمارى ئیسىلامى لە ڕێگەى یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە، ماویەکە ڕاسانیان لە ڕۆژهەڵات دەست پێ کردووەتەوە و پێشمەرگەکانیان بردووەتەوە سەر سنوورى ڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستان.