بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا: متمانەی ئەوروپا بۆ بەڵێنەکانی ئێران نابەجێیە

جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا: متمانەی ئەوروپا بۆ بەڵێنەکانی ئێران نابەجێیە
AvaToday caption
posted onFebruary 25, 2019
noبۆچوون

 

سێگال مێدێلکێر جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لە کاروباری تایبەت بە تیرۆریزم و زانیاری ماڵی دەڵێ "درووستکردنی کاناڵێکی تایبەت بە بازرگانی دەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی بەردەوامی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە تیرۆریزم".

 

فەڕانسە، ئاڵمان و بەریتانیا سێ لایەنی ئەوروپایی واژووکەری ڕێککەوتنی ناوەکی هاوینی ساڵی ١٣٩٤ لەگەڵ تاران، بە دروستکردنی کاناڵێکی تایبەتی ماڵی بۆ گارانتیکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەوڵەکانی خۆیان بۆ پشتیوانی لە بەرجام چڕتر کردووەتەوە. ئەو سێ وڵاتە دەڵێن شێوازی کاری ئەو کاناڵە نوێیە خاوەنی بەرزترین ستانداردەکانی دژ بە سپیکردنەوەی دراوە و هاوتەریبە لەگەڵ گەمارۆکانی یەکیەتی ئەوروپا و ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران.

سێگال مێدێلکێر لە دووتوێی نوسراوەیەکدا کە لە بەشی بۆچوونەکانی گۆڤاری هێل بڵاو بووەتەوە ئەو بانگەشەی وڵاتانی ئەورووپای ڕەت دەکاتەوە. بە گووتەی مێدێلکێر پێکهاتنی ئەو ڕێکارە ماڵییە قورساییەکی زۆری خستووەتە سەر شانی یەکیەتی ئەوروپا.  مێدێلکێر دەڵێ "هەر بەو جۆرەی بانک و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەزانن ئەنجامدانی هەر بازرگانییەک لەگەڵ ئێران مەترسی پێشێلکرانی گەمارۆکانی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە وڵاتانیش یەک لە دوای یەک دوورییان گرتووە لە وەخۆگرتنی دانانی ئەو ڕێکخڕاوە لە وڵاتەکانیان".

بە گووتەی مێدێلکێر سێ ساڵە بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن ستانداردەکانی گرووپی تایبەت بە کاروباری ماڵی ناسراو بە "ئێف.ئای.تی.ئێف" لە وڵاتدا جێبەجێ دەکەین، بەڵام تا ئێستا چاکسازی پێویستییان بۆ ئەنجامدانی سەرەتاییترین ستانداردەکان ئەنجام نەداوە. مێدێلکێر بە جەختکردنەوە لەوەی ڕوونبوونی کاروباری ماڵی لە ئێران نیزیک بە سفرە، بە دووری زانی کە بزانن لایەنی دیکەی سەوداکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە کێیە و ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت. واتە ئەو گرووپانەی وەک سوپای پاسداران و هێزی قودس کە پشتیوانی تیرۆریزم دەکەن و لە لایەن ئەمریکا و یەکیەتی ئەوروپا گەمارۆیان خراوەتە سەر هەروا لە نێو بنجوبناوانی ئابووری ئێراندا بمێننەوە".

جێگری وەزیری دارای ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە "بانکی ناوەندی ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پشتیوانی ماڵی تیرۆریزم گووتی پاییزی ڕابڕدوو کۆمەلێک پێشنیارمان بڵاو کردەوە و ڕێگە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامیمان بۆ دەورلێدانەوەى گەمارۆکان ئاشکرا کرد". مێدێلکێر لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا هەڕەشەی کرد و گووتی ئەو کەسانەی دەچنە نێو ئەو چالاکییانەی کە لە دژایەتی گەمارۆکانی ئەمریکا دایە، مەترسی ئاسەوارەکانی ئەو کارە بە گیان دەکڕنەوە.

بە گووتەی مێدێلکێر لەدەستدانی توانایی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و دەستپێڕانەگیشتن بە سیستەمی ماڵی ئەو وڵاتە بەشێکن لەو ئاسەوارانە.