فەرەیدوون بابایی ئەقدەم، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای نوێکردنەوەی شار لە ئێران، هۆشداریی لەبارەی تەشەنەسەندنی دیاردەی پەراوێزنشینی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دا و ڕایگەیاند، لە کۆی ٦٠٠هەزار دانیشتووی شاری زاهیدان، نزیکەی %٦٠ بۆ %٧٠یان لە نشینگە نافەرمییەکاندا دەژین، کە زۆربەی کۆڵان و شەقامەکانیان قیرتاو نەکراون.
بابایی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی نەبوونی ژێرخانی کارەبا، دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە نایاسایی کێبڵ لە ستوونەکان ڕادەکێشن؛ بەو هۆیەوە گیانلەدەستدانی منداڵان بە تەزووی کارەبا بووەتە دیاردەیەکی باو. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە شارەکانی وەک سەراوان لە خراپترین دۆخی گوزەراندان و بێبەشن لە تۆڕی گاز و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان.