بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئامریکا سزای خستە سەر ٢٩ کەشتیی دیکەی ئێران

ئامریکا سزای خستە سەر ٢٩ کەشتیی دیکەی ئێران
posted onDecember 18, 2025
noبۆچوون

وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای بەسەر ٢٩ کەشتیی دیکە و چەند کۆمپانیایەکی بەڕێوەبردنیاندا سەپاند، کە بەشێکن لە "کەشتیە سێبەرەکان"ی ئێران و بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکان بەکاردەهێنرێن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، ئەو کەشتیانە دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی نەوتی ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار. سزا نوێیەکان تۆڕێکی کۆمپانیاکان لە ئیمارات، هیندستان، پەنەما و دوورگەکانی مارشاڵ دەگرێتەوە کە لەلایەن بازرگانێکی میسرییەوە بەڕێوەدەبرێن.
جۆن هێرلی، یاریدەدەری وەزیری دارایی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران کە بۆ دابینکردنی تێچووی بەرنامە سەربازییەکانی بەکاریان دەهێنێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژیی "ئەوپەڕی گوشار"دایە؛ لەماوەی 11 مانگی رابردوودا، ئەمریکا سزای بەسەر زیاتر لە 180 کەشتیی پەیوەندیدار بە نەوتی ئێراندا سەپاندووە. هەفتەی رابردووش واشنتن دەستی بەسەر نەوتکێشێکی گەورەی ئێرانی لە دەریای کارایبی نزیک ڤەنزوێلادا گرت کە لە لیستی گەمارۆکاندا بوو.