
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ئێران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی سێ بەندکراویان جێبەجێ کرد. سزاکە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٥، بەسەر هەریەک لە "هادی ڕۆستەمی" خەڵکی ئیلام، "مەهدی شاهیوەند" خەڵکی لوڕستان و "مەهدی شەڕەفیان" خەڵکی خوڕەمئاوادا سەپێنرا، کە بە تۆمەتی "دزیکردن" حوکم درابوون.
بەپێی زانیارییەکان، سزاکە بە ئامێرێکی هاوشێوەی گیۆتین و دوای لێدانی دەرزیی سڕکەر جێبەجێ کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم جۆرە سزایانە لە زیندانی ورمێ بووەتە دیاردە؛ پێشتریش لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٤دا سزای هاوشێوە بەسەر دوو برای خەڵکی سەرپێڵی زەهاودا جێبەجێ کرابوو و دوو بەندکراوی دیکەش چاوەڕێی هەمان سزان.
دۆسیەی ئەم سێ بەندکراوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩، کاتێک لە لقی یەکی دادگای تایبەت بە منداڵان و نەوجەوانانی ورمێ، بە تۆمەتی "چوار حاڵەتی دزیکردن" دادگایی کران. دادگا سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیانی "بە شێوەیەک کە پەنجە گەورە و لەپی دەست بمێنێتەوە" بۆ دەرکردن، لەگەڵ گەڕاندنەوەی کەلوپەلە دزراوەکان. سزاکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا و بەمەش بڕیارەکە بووە یەکلاکەرەوە.
جێگەی باسە، سزای جەستەیی وەک بڕینەوەی ئەندام و جەڵدەلێدان، بەشێکن لە یاسای سزادانی ئێران و جێبەجێکردنیان بەردەوام ڕووبەڕووی ئیدانەی توندی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ئەشکەنجە هەژمار دەکرێن