
لە تازەترین كاردانەوەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی سەرکوتكەرانەی کۆماری ئیسلامی، تمی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە هاووڵاتییانی ئەمریکی و دوو تابعیەتی ئاگادار كردەوە كە خۆیان لە سەفەرکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن!
ڕۆژی پێنجشەممە، بروس بە ئاماژەدان بە کردنەوەی پێگەی تایبەتی ئاگادارکردنەوەی سەفەر بۆ ئەمریکییەکان لە ئێران، ڕایگەیاند؛
"وەک زۆر جار گوتوومە گەشتکردن بۆ ئێران مەترسیدارە. هۆشدارییەکانمان بە ڕوونی لەسەر ئەم پلاتفۆرمە بەردەستە. گەشت بۆ ئێران مەکەن!"
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دەرچووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی بیانی و دوو تابعیەت وەک ئامرازێکی موزایەدەی سیاسی بەردەوامە؛ كارێك کە تەنانەت هاوپەیمانەکانی پێشووی ڕۆژئاوای ترساندووە.