
لە شاری ئیلام، دووەمین خولی "خەڵاتی ئەدەبی کوردی ئیلام" بەڕێوە دەچێت و بەڕێوەبەرانی داوا لە ئەدیبان و نووسەرانی ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەکەن، بەرهەمەکانیان بۆ دەبیرخانەی خەڵاتەکە بنێرن.
خەڵاتەکە چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە: شیعر، توێژینەوە و بەشێکی تایبەت بە نووسەرانی منداڵ و نەوجەوان. داوا لە ئارەزوومەندانی بەشداربوون کراوە تا کۆتایی وەرزی هاوین، واتە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بەرهەمەکانیان بنێرن.
محەممەد عەلی قاسمی، بەڕێوەبەری بەشی زانستیی خەڵاتەکە، ڕایگەیاند: "بەڕێوەبردنی ئەم خەڵاتە ئەدەبییە، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕووداوەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمان و شوناسی کوردی."
ناوبراو وردەکاریی بەشەکانیشی خستە ڕوو و گوتی: "خەڵاتەکە لە چەند بەشێکی سەرەکی پێک دێت؛ بەشی شێعر کە (شێعری کلاسیک، نوێ و نیمایی) دەگرێتەوە، بەشی توێژینەوە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەدەبیاتی کوردیی ئیلامی، هەروەها بەشی دەق کە ژانرەکانی (ڕۆمان، چیرۆک، ژیاننامە و بیرەوەری) بە زاراوەی کوردیی ئیلامی لەخۆ دەگرێت."
هەروەها بەشێکی تایبەتیش تەرخان کراوە بۆ ئەو نووسەرە گەنجانەی کە هێشتا کتێبیان چاپ نەکردووە، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردنیان هەبێت.
دەبیرخانەی زمان و ئەدەبی کوردیی ئیلام، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای ئیلامە و لە ڕێکەوتی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٤ دامەزراوە.