
موجاهد کورکور، کە تۆمەتبار کرابوو بە دەست هەبوون لە کوشتنی منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠٢٢، لە سێدارەدرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی منداڵە کوژراوەکە بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە ناوبراو بێتاوانە و هێزە ئەمنییەکان بەرپرسیارن لەو ڕووداوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە بلاویان کردەوە، حوکمی لەسێدارەدانی موجاهید کورکور، ناسراو بە عەباس کورکوری، جێبەجێ کراوە. ئاژانسی هەواڵی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەرییە، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و کورکوری بە “یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نائارامییەکانی شاری ئیزە” لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ناوبرد. بەپێی زانیاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حوکمەکە لە زیندانی شەیبانی ئەهواز جێبەجێ کراوە.
بەڵام بنەماڵەی کیان پیرفەلەک، بەتایبەتی ماهـمونیر مولایی-ڕاد، دایکی کیان، چەندین جار بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بەرپرسن لە کوشتنی کوڕەکەیان و موجاهید کورکور و کەسانی دیکەی دەستگیرکراو بێتاوانن. ئەوان دەڵێن لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان دەکەن دژی ناڕازییان لە ئێران. کورکور بە تۆمەتەکانی وەک “محاربە” (شەڕکردن دژی خودا) و “افساد فی الارض” (گەندەڵی لەسەر زەوی) سزادرابوو، کە تۆمەتگەلێکی ناڕوونن و زۆرجار بۆ سەرکوتکردنی دژبەرانی سیاسی بەکاردەهێنرێن. ڕەخنەگران دەڵێن پرۆسەی دادگاییکردنەکان لە ئێراندا لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێن و زۆرجار دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجەدا وەردەگیرێن.
کەیسەکەی موجاهید کورکور بووەتە نموونەیەکی دیکەی گێڕانەوەی دژ بەیەکی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و گێڕانەوەی قوربانیان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، کە جەخت لەوە دەکەنەوە دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی خەڵک و کپکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان بەکاردەهێنن.