بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسی لە دیوانی باڵای ڕێژیم

چالاکی سیاسی
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو
posted onMarch 29, 2025
noبۆچوون

لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم حوکمی لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی گوندی "سگریک" سەر بە شاری چاڵدێرانی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم حوکمە ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە فەرمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە. 

گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە ناڕەزایەتیی بە بڕیاری دادگای سەرەتایی دەربڕی و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا و کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئەم سزایە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان  دەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە سنووری چاڵدێران دەسبەسەر کرا و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە گرتنگەی سەر سنوورەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیدانانی زۆرەملێ لە پێوەندی لەگەڵ بەشداری لە دەرگیریی چەکدارانەی حیزبی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ هێزە سنوورییەکان لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و بە زۆر ناچار بە واژۆکردنی کاغەزگەلێک کراوە کە لێپرسە ئەمنییەتییەکان پێشتر ئامادەیان کردوون.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ تەنیا دوو جار پێوەندیی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ئێستا لە بەندی وەرگرتنی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێیە.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤، باوکی سێ منداڵە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی لە سنووری چاڵدێران کاری کردووە.