
بارانی بە خوڕی رۆژی هەینی لە هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە هۆی هەستانی لافاو و ئەمەش زیانی ماڵی زۆری بە خەڵک گەیاندووە.
لە گوندی داربەدرە، کە سەر بە شاری کرماشانە، لافاوەکە زیانی بەرچاوی بە خانوو و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە. هەروەها، نزیکەی ١٨٠ سەر مەڕوماڵاتی یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە لەناوچوونە. بە گوتەی شایەتحاڵان، لافاو بەردی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ناو گوندەکە و زیانی زیاتری لێکەوتووەتەوە.
عەلیڕەزا حەیدەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان، ئاشکرای کردووە کە گوندەکانی پیرکاشان، سورەنی، قەرەحەسەن و دەراو لە ناوچەی بێڵەوار، کە ئەوانیش سەر بە شاری کرماشانن، زیانی زۆریان بەرکەوتووە. هەروەها راشیگەیاندووە کە ناوچەی سەرفیروزاوا بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی پارێزگای ئیلامیش ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بارانی زۆر و لافاوەوە، زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆ لەو پارێزگایە زیانیان بەرکەوتووە. لەبەر ئەم هۆکارە، داوا لە هاوڵاتییان کراوە کە لە هاتوچۆی ناپێویست خۆیان بپارێزن، تاوەکو سەلامەتییان پارێزراو بێت.