بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مامۆستایەکی زمانی کورد و بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیای لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

هێمن حەسەنی، مامۆستای زمانی کوردی
هێمن حەسەنی، مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی سەردەشت
posted onFebruary 14, 2025
noبۆچوون

مامۆستایەکی زمانی کوردی خەڵکی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا. مامۆستا هێمن حەسەنی ئەندازیار بوو، بەڵام ساڵانێک بوو بەشێوەی خۆبەخش وانەی کوردی بە فێرخوازان دەگوتەوە.

مامۆستا هێمن حەسەنی، لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا و پاش ٢ ساڵ و نیو بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە رۆژی ٢٥ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە شاری ورمێ گیانی لەدەستدا.

مامۆستا هێمن حەسەنی ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبیی سەردەمی سەردەشت بوو و لە فێرگەی بەیان – لقی سەردەشت خۆبەخشانە وانەی دەگوتەوە.

هێمن حەسەنی وانەبێژی زمانی ئینگلیزی، توێژەر و لێکۆڵەری بواری رێنوس و رێزمانی زمانی کوردی بووە و هەروەها هەڵسوڕاو و چالاکڤانێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شاری سەردەشتیش بوو.

هێمن حەسەنی لە دێهاتی مەکڵاوێ سەر بە شاری سەردەشت لە دایکبووە و لە تەمەنی ٤ ساڵییەوە ماڵیان هاتووەتە شاری سەردەشت.

ئەو هەروەها بەرکەوتەی چەکی کیمیاویش بوو. شاری سەردەشت رۆژی 7ی پوشپوەڕی ١٣٦٧ لەلایەن حکومەتی بەعسی عێراقەوە کیمیاباران کرا، نزیکەی ١١٠ کەس شەهید بوون و نزیکەی ٨ هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەو بەشی بیناسازی زانکۆی تارانی تەواو کردبوو، بۆیە بە ئەندازیار هێمنیش بە ناوبانگ بوو. هەروەها بەکالۆریۆسیشی لە زمانی ئینگلیزی و ماستەری لە زمانەوانیدا تەواو کرد.