دوای ٣ رۆژ گەڕان و هەوڵدان تەرمی هاونیشتمانییەکەی خەڵکی روانسەر کە لە نزیک شاری کامێران بە شوێن ئاسەواری مێژووییدا دەگەڕان، نەتوانرا دەربهێنرێت و هەر ئەو شوێنە کرایە گۆڕستان بۆی.
ئەو هاونیشتمانییە ناوی مێحیەدین مەحموودی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی گوریدەر سەر بە شاری روانسەر بوو. ئەو لەگەڵ خاوەن باخێکی خەڵکی گوندی سەربناو سەر بە شاری کامێران ماوەی ٥ ساڵ بوو، هەواڵیان دابوو ئاسەوارێکی مێژوویی دەربێنن.
بەگوتەی شەیتحاڵان، شوێنی تەرمەکە زۆر قوڵ بووە و تونێلەکە تەنگەبەر و باریک و تاریک بووە و لەگەڵ ئەوەشدا داتەپیوە، بۆیە لایەنە فریاگەزاری و یارمەتیەدەرەکان نەیانتوانی دەریبێننەوە.
ئەو رۆژی ٢ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە گوندی سەربناو چووبووە نێو ئەو تونێلەی کە بۆ ئاسەوارە مێژووییەکە هەڵیانکۆڵیبوو. تونێلەکە زیاتر لە ٥٠ مەتر درێژ و ١٢ مەتر قوڵ بووە.
سەعدوڵا نووری، بەرپرسی میراتی کولتوور کامێران، دەڵێت: شەوی رووداوەکە ئەو کوڕە کاتژمێر ١٩ چووەتە نێو تونێلەکە و بڕیار بووە کاتژمێر ٢٢ بێتە دەرەوە، بەڵام چونکە هیچ زانیارییەکی لێ نەبووە، خاوەن باخە شەریکەکەی پەیوەندیی بە لایەنە فریاگوزارییەکانی کامێرانەوە کردووە.
بەگوتەی سەعدوڵا نووری، شوێنی رووداوەکە گازی مێتانی زۆری تێدا بووە و تەرمی ئەو کوڕە لە وڵایی ٧٠ مەتری دایە.
لەم ساڵانەدا بەشێوەیەکی بەربڵاو خەڵک بۆ دۆزینەوەی ئاسەواری مێژوویی هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کە گومان دەکرێت ئاسەواری تێدا بێت، کۆڵیوەتەوە.
لە ساڵانی رابردووشدا چەندینجار جاری دیکە خەڵکی دیکە کە بەشوێن ئاسەواری مێژووییدا گەڕاون، تووشی رووداو بوون و گیانیان لەدەستداوە.