بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شاندی ئیمرالی دەم پارتی: دیدارەکانمان بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەرێنی بوون

شاندی دەم پارتی
شاندی ئیمرالی دەم پارتی و سەرۆکی جەهەپە
posted onJanuary 17, 2025
noبۆچوون

شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا رایگەیاند، چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان ئەرێنی بووە و هەموو لایەنەکان "پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕیوە."

شاندی ئیمرالی دەم پارتی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیای کرد و راگەیەنراوێکیان لەسەر ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانیان بڵاوکردەوە.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: دیدارەکان "بە هیوایەکی ئەرێنی تێپەڕین، سەرۆکە پایەبەرزەکان و شاندەکانیان پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی."

شاندی ئیمرالی دەم پارتی هەروەها دەڵێت: "داواکاریی و ئیرادەیەکی هاوبەش" هەیە و "هەموو لایەنەکان دەیانەوێت پرۆسەی ناکۆکی و ئاڵۆزیی کە بەهۆی پرسی کوردەوە دروست بووە" تێپەڕێت.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی دەڵێت: لە داهاتوویەکی نزیکدا دیسان سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەنەوە و لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئەنجامێک بگات.

پرۆسەی نوێی باکووری کوردستان دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە رۆژی 22.10.2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپە، داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا، لەوێ وتارێک بدات و پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە.

دوای ئەوە شاندی دەم پارتی، حیزبی کوردی باکووری کوردستان، رۆژی 28-12-2024، سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە.

ئەم پرۆسەیە، پرسی کورد لە باکووری کوردستانی کردووەتە رۆژەڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روون نییە شێوازی چارەسەریی پرسی کورد لە باکووری کوردستان چۆنە.

بەرپرسانی تورکیا گەرچی باسی ئاشتی دەکەن، بەڵام روانگە، لێدوان و کردەوەکانیان بەرانبەر دۆخی کورد لە باکووری کوردستان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بۆیە زۆر لە چالاکڤانانی باکووری کوردستان بە گومانەوە سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەن.

سەرەڕای ئەوەش رێبەرانی کورد لە باکووری کوردستان پشتگیرییان لە هەوڵەکانی شاندی دەم پارتی راگەیاندووە، لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش، کە ئێستا لە زیندان دایە.