بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژن و پیاوێک لە سنووری ئیلام بە تەقینەوە بریندار بوون

برینداری تەقینەوە
برینداری تەقینەوەکەوی سنووری ئیلام لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە
posted onJanuary 16, 2025
noبۆچوون

لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئیلام ژن و پیاوێکی کۆچەریی بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، بریندار بوون.

پەیوەندییەکانی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ئیلام رایگەیاند: ئەو تەقینەوەیە ئەمڕۆ ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە ناوچەی مەیمەک نزیک لە بان میل روویداوەو لەودا پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵ، لاقی چەپی لە دەستداوەو ژنێکی ٥٥ ساڵ تەمەنیش بریندار بووە.

قایمقامی بە وەکالەتی شاری گیەڵان لە پارێزگای کرماشان، گوتوویەتی: رووداوەکە لە ناوچەی سومار روویداوە و بریندارەکان بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی ئیلام گوێزراونەتەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە شاری ئیلام، وەک ناوەندی پارێزگا، شوێنی تایبەت بە نیشتنەوەی هەلیکۆپتەریشی نییە.

لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و شەڕی کوردستاندا نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هێکتار زەوی بە مین چێنرا.

حکومەتی ئێران ساڵی ٢٠١٢ رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنەوەی مینە چێنراوەکان کۆتاییهاتووە، بەڵام لەو کاتەوە مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ هەموو ساڵێک بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.