
یەکەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی کاڵ لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت. ئەم فستیڤاڵە ئامادەکارییەکانی تەواو بووە و بەرهەمەکانی بەشی کێبڕکێ دەستنیشان کراون و رۆژی چوارشەممە براوەکان دیاریی دەکرێن.
یەکەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی کاڵ بە ناوی "لە ستایشی ئەدەبیات، لە پێناوی داهێناندا" لە سێ ژانری شێعر، چیرۆک و رۆمان لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت.
بەیان عەزیزی، دەبیری یەکەم خەڵاتی ئەدەبی کاڵ، دەڵێت: لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو و دوای بڵاوکردنەوەی چەند بانگەوازێک، نزیکەی 311 بەرهەمی ئەدەبی بە دەستمان گەیشت و لەو ژمارەیە 174 بەرهەم کە مەرجەکانیان تێدا بووە، بۆ بەشی کێبڕکێ هەڵبژێراون.
بەیانی عەزیزی دەڵێت، رۆژی چوارشەممە 26ی بەفرانباری 1403 ناوی براوەکان رادەگەیەنرێت و رێزلێنانیان پێشکەش دەکرێت.
ئەو داوا لە ئەدیبان و قەڵەمبەدەستان دەکات لە ساڵانی داهاتوودا هاوکارییان بکەن و گوتیشی، خولی دوویەمی فێستیڤاڵی کاڵ بۆ بەرهەمەکانی ژنان تەرخان دەکرێت.