بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

وردەکاریی کوشتنی بە ئەنقەستی کۆڵبەرێک لەلایەن بەکرێگیراوانی هەنگیی سنووری بانە

وردەکاریی کوشتنی بە ئەنقەستی کۆڵبەرێک لەلایەن بەکرێگیراوانی هەنگیی سنووری بانە
AvaToday caption
posted onApril 24, 2023
noبۆچوون

محەمەد لەتیف ئەحمەد پوور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی بانەمەڕ و دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شفای سەقز بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی سپارد،  بە ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانی سنووری هەنگەژاڵە خراوەتە بن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوای ئەوەی هێزە بەکرێگیراوەکانی سنووری هەنگەژاڵە ڕێگرییان لە چەند کۆڵبەر کرد کە دەگەڕانەوە بۆ نێو شار، بە دەستی ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل دەیانکەنە ژێر و محەمەد بریندار دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی ئەو هێزە تیرۆریستانە بەتەنیشت ئەو پۆلە کۆڵبەرەدا ڕۆیشتوون و یەکێک لە سەربازەکانی سنوور لە شیشەی ئۆتۆمبێلەکەوە و بە دەستی پشتە ملی محەمەد لەتیف ئەحمەدپوور دەگرێت و دوای ئەوەی بۆ چەند مەترێک ڕایدەکێشێت، محەمەدیش هاوسەنگی لەدەست دەدات و دەکەوێتە بن تایەکانی ئۆتۆمبێلەکە.

بە وتەی بنەماڵەی ئەحمەدپوور، لە ئەنجامی ئەم کردەوە وەحشیانەیەی هێزە تیرۆریستییەکان، محەمەد لەتیف ئەحمەدپوور لە چەند شوێنێک مل و شانی شکاوە!

 سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن کە کەمال خدری فەرمانداری بانە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە کردوە کە نابێت قسە لەمبارەوە بکەن و پێویستە لە نیوەشەو و بە بێدەنگی تەرمی کوڕەکەیان بنێژن.

 نەخۆشخانەی شیفاش تەرمەکەیان ڕادەست نەکردووەتەوە و خێزانی محەمەدیان ئاگادار کردووەتەوە کە تا ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی بانەمەڕ تەرمەکەی ڕادەست ناکەن.

محەمەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەر خەڵکی بانە، تەمەن ٣٦ ساڵ و خێزاندار و باوکی منداڵێکە.