بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕەوتى دەستلەکارکێشانەوەى هێزە نیزامییەکانى کۆمارى ئاخوندى بەردەوامە

ڕەوتى دەستلەکارکێشانەوەى هێزە نیزامییەکانى کۆمارى ئاخوندى بەردەوامە
AvaToday caption
نامەی حیزبوڵاییەکى "پێشوو" بۆ برینداران و جەرگسووتاوانى ڕاپەرینى ژینا
posted onApril 20, 2023
noبۆچوون

 

نامەی حیزبوڵاییەکى "پێشوو" بۆ برینداران و جەرگسووتاوانى ڕاپەرینى ژینا

 

لە پاییزى ڕابردووەوە تا دواهەمین شەوى قەدرى ئەمساڵ، ڕاڕا و هەیەجانى دەرفەتێک بووم بۆ بەتاڵکردنەوەى ئەوکى گریانێک کە لە گەروومدا گیرى خواردبوو و بۆ دەرهێنانى خەنجەرێک کە لە دڵى ڕوانگە و دیدگاکانى پێشووم چەقێنرابوو.

بەردەوام گیرۆدەى ئەوە بووم کە وەک ئێرانییەک، ڕوو لە هاونیشتمانییەکانم کە لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکاندا دڵیان پڕ خوێن کرا، خوێناوى دڵى خۆم بگێڕمەوە و باسى ئەو برینە بکەم کە وجوود و بڕوام بەم ڕژێمە و بەم سیستەمە کە وەک دێوەزمە کەوتووەتە گیانى نیشتمانەکەم، پارچەپارچە کرد.

شەوی ٢٣ى مانگى پیرۆز، تاڵترین و قورسترین شەوی ڕاز و نیازى من بوو لەم ٤٩ ساڵەى تەمەنمدا، هەرچەندى هەوڵم دەدا مووسیبەتى شەققکردنى سەرى مەولای ئیمانداران (د.خ) بهێنمە بەر چاوى خۆم و بە هۆیەوە پشتبەستوو بە ئیمانەکەم، بە دڵێکى پڕ و ڕوو لە دەرگاى یەزدان بگریم و شین و ڕۆڕۆ بکەم، کەچى نەمتوانى!

نەمتوانى دیمەنى هێرشى وەحشیانەى بەکرێگیراوان بۆ سەر لاوانى وڵاتەکەم لە زەینمدا بسڕمەوە، نەمتوانى دیمەنەکانى کڕووزانەوە و شین و ناڵەى دایکانى داغدارى ٥٠٠ هاونیشتمانیم لەبیر بکەم، نەمتوانى قەبارەى دڕندەیی و وەحشیگەریی ئەم نیزامە بەراود نەکەم بە ناپاکیی (ئیبن مولەجەم)، و فرمێسک دانەبارێنم بۆ ئەو تەرمانەى کە هێشتا نەدراونەتەوە بە بنەماڵەکانیان.

نەمتوانى گوێبیستى مەزڵوومیەتى عەلى (د.خ) لە گەرووى مەداحە حکومەتییەکەوە بم، بەڵام دەنگى مەزڵوومیەتى ژینا و نیکا و کیان و حەدیس و سەدان مرۆڤى دیکەم بیست کە چلۆن بێتاوانانە ئازار و یا ڕاستەوخۆ کوژان.

نەمتوانى شەوى قەدەرى درێژی دایکان و باوکانى جەرگسووتاو و هەزاران زیندانى نێو بەندى زیندانەکان، بەراورد نەکەم لەگەڵ شەوی قەدری چەند کاتژمێرى و تێر تێر نەگریم!

نەمتوانى ئەم هەموو زوڵم، درۆ، پیسی، خیانەت، گەندەڵى، شەڕەنگێزى، پیسی و وەحشیگەرییەى نیزام وەبەرچاو نەگرم و خۆم فریو بدەم یا خۆم دامرکێنمەوە بەوەى کە "ئینشەڵا درۆ بووە، بۆ مەگەر دەکرێت نیزامى ئیسلامى وەها تاوانبار بێت"!

 

بەڵێ.. نەمتوانى!

هەر لە مانگى ڕەزبەر تا شەوی قەدر، نەغرۆى هاودژییەکى جەرگبڕ بووم کە ئەم هەموو ساڵە بەرگریم لە حکومەتێک کردووە کە وەها دڕندە و بێ بەزەیی بووە، هێندە بەرگریم لە کەسێک کردووە کە جێگرەوەى ئیمام زەمان بووە، کەچى وەک یەزید ڕەفتار دەکات!

نەمتوانى لە ژێر هەژموون و پاڵەپەستۆى بێ بەزەیی ویژدان، حەقیقەت و بڕواکانى پێشوو، درێژە بەم باوەڕە درۆیینە و ئەم هەموو پاڕادۆکسە سەیرە بدەم و لە بێ باڵى، بکەومە عەزادارى و ژیانەوە، ئەویش ڕێک لە کاتێکدا کە هێشتا هەزاران زیندانى یا لە ژێر ئەشکەنجەن و یا بێ چارەنووس و گوومناو ماونەتەوە یا لە چاوەڕوانى حوکمى نادادگاکاندان و یا چاوەڕوانى ئازادى و یا دەستدرێژین!

 

بەڵێ.. نەمتوانى ئەى هاونیشتمانییە ناڕازییە بریندارەکەى من!

خۆم هەڵاوارد و دابڕام!

جیا بوومەوە لەم سیستەمە مافیایە و خۆم ڕزگار کرد لە تەنافى ئەستوورى باوەڕەکانى پێشووم کە بەم دێوەزمە بەڕووکار موسڵمانانە هەمبوون!

***

 

ئێستا ئەوە منم، حیزبوڵاییەکى پێشوو کە ئەگەرچى هەرگیز سوودم لە ڕانت و پارە و دەسەڵات وەرنەگرتووە و هەرگیز دەستم لە سەرکوتى یەک کەسیشدا نەبووە، پەنام هێناوەتە بەر داوێنى ئێوە. داوێنى خەڵکێک کە ئێرانیان دەوێت و ئازادی و ئیمانى ڕاستەقینە و ژیانێکى ئاساییان دەوێت!

 

هاونیشتمانییە بریندارەکەى من!

بمبوورە کە تا ئێستا هاوڕا و هاوڕێت نەبووم و لە مەزڵوومیت نەمردم و بەرگریم لە مافت نەکرد، بمبوورە کە ئەم هەموو ساڵە کوێر و کەڕ بووم، دەمارگرژییەکى بێ مانا لە ویژدان و مرۆڤایەتى نابیناى کردم!

 

تکایە بمبوورن!

سوێند بە هەمان عەلى (د.خ) و فاتمە (ر.خ) کە تا ڕووخان و پێچانەوەى ئەم بەساتەى خەلیفەى خوێنخۆرى عەباسى، لە تەنیشتان دەمێنمەوە و چاوەڕوانى ڕۆژێکم کە پێکڕا جێژنى ئازادیمان بگرین، تۆ وەک حیجابدار یا بێ حیجاب بە ڕوانگە و دیدگاى خۆتەوە و منیش بە دیندارى تاکیى خۆم، بە ئاڵاى ویژدانێکى ئاسوودە و پەناى یەزدانێک کە من هێشتا باوەڕم پێیەتى و ڕەنگە تۆ پێت نەبێت.

لە تەنیشتت دەمێنمەوە و پێکڕا دەجەنگین لە هەردوو بەرەى جیهادى ئەسغەر و ئەکبەر، بە هیواى ڕۆژێک کە خەڵکەکەمان ئازادانە بە کەرامەتەوە سەرەڕاى جیاوازی و ڕەنگاڵەییەکان لە تەنیشت یەکترى بژین. هیوادارین زیاتر لەمە دینى یەزدان نەبێتە ئامرازى تاوانێک بە دەستى ئەم زاڵمانە!