بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەتاڵانبردنی ئاوی کانی سێو بۆ گۆلی ورمێ دەستی پێ کرد

بەتاڵانبردنی ئاوی کانی سێو بۆ گۆلی ورمێ دەستی پێ کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2023
noبۆچوون

سیاسەتە دووژمنکارانەکانى کۆماری ئیسلامی، ژینگە و دیمۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان خاپوور کردووە. ئەمڕۆ هەینی ٥ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی بۆ تاڵانکردنی ژێرخانە سرووشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی دەستی پێ کرد، ئەویش بە دەستبەکاربوونى بەنداوی هەرە گەورەی گواستنەوەی ئاوە لە کانی سێووەوە بۆ گولی ورمێ.

 

ئەم پڕۆژەیە ٣٥ هەزار ملیار تێچووی بووە و بەنداوەکە ٣٦ مەتر سێجا پانتایەتی و ئاوی کانی سێو بۆ گۆلی ورمێ دەگوازێتەوە. بەنداوى کانى سێو، سەرەڕای ناڕەزایەتیی خەڵکی خۆجێی و پسپۆڕانى ژینگەیی، کەچى تەواو بووە و تایبەت کراوە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ گۆلی ورمێ کە بە هۆى سیاسەتە چەوت و خراپەکانى کۆمارى ئیسلامى وشک بووە.

بەنداوەکە، لە لایەن خاتەمولئەنبیای سوپای تیرۆریستى پاسدارانەوە دروستی کراوە و بناغەکەی لە سەر چۆمی زاب لە دەوروبەری پیرانشارە بە مەبەستى گواستنەوەى ئاوی ئەم چۆمە بۆ گۆلی ورمێ.

چۆمی زاب دەڕژێتە نێو هەرێمی کوردستان و لە ساڵى ڕابردووەوە کە دروستکردنی ئەم بەنداو دەستی پێ کردووە، ئەم چۆمە بەرەو وشکبوون ڕۆیشتووە و ئاوەکەى ناڕژێتە هەرێمى کوردستان. هەروەها گوندەکانی کاسەکڕان و سوغانلو بەهۆى ئەو بەنداوەوە دەکەونە ژێر ئاو و خەڵکی گوندەکان بە نابەدڵی زێدەکانیان چۆڵ کردووە و بە ناچار دەرکراون و تا ئێستاش بە هیچ جۆرە خەسارێکى ماددى و مەعنەوی قەرەبوو نەکراونەتەوە.

ناسر کەرباسی، مامۆستای زانکۆی ژینگەیی لە زانکۆ تاران  باسى لەوە کردووە کە "گواستنەوەی ئاوی زاب بۆ گۆلی ورمێ چارەسەر نییە، تەنیا دەبێتە هۆی وشکبوونى چۆمی زاب و پاش چەند ساڵ دیسان  دەگەڕینەوە بۆ خاڵى سفر". حوسێن ئاخانی، مامۆستای  گیاناسی زانکۆی تارانیش گوتوویەتى "ئەم بەنداوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەوە مردووە و دەبێتە کێشە و مشتومڕی نێوان خەڵکی  ناوچەکەش".