بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوهەیلا محەمەدی زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ دەستی دایە خۆکوژی

سوهەیلا محەمەدی زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ دەستی دایە خۆکوژی
AvaToday caption
posted onFebruary 23, 2023
noبۆچوون

سوهەیلا محەمەدی زیندانی سیاسی کورد و خەڵکی سەڵماس کە ماوەی دوو ساڵە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ زیندانی کراوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ڕەتکردنەوەی داواکاریی لێبوردنەکەی، دەستی دایە خۆکوژی.

ئەم کارەی سوهەیلا پاشنیوەڕۆی سێشەممە ٢ی ڕەشەممە، لە چێشتخانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بووە کە چەقۆی لە نزیک دڵی خۆی داوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، سوهەیلا محەمەدی بە هۆی گوشاری بەردەوامی سوپای پاسداران زیاتر لە دوو ساڵە لە مافی وەرگرتنی مۆڵەت بێبەش کراوە و ڕۆژی سێشەممەش داواکارییەکەی لەسەر لێبوردن ڕەت کرایەوە، لە کاتێکدا هەمە نادادپەروەرانەیە.

دەزگا ئەمنییەکان ڕێگەیان نەداوە ئەم زیندانییە سیاسییە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شارەکە و هەر لە نێو کلینیکی بەندیخانەکە چارەسەر دەکرێت، هەر ئەمەش مەترسی لەسەر گیانی دروست کردووە!

سوهەیلا محەمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ، لە پاییزی ساڵی ١٣٩٩ لە شاری سەڵماس لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانەوەی ئازادی کوردستان (پژاک)ی سەر بە پەکەکە بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ زیندانی کراوە بەبێ مافی بوونی مۆڵەت.